موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی له كه‌ركوك دزرا، ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای وه‌رگرتنی پاره‌كه له بانك و له نێو گه‌راجی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌دا، به‌وته‌ی دوو سه‌رچاوه بۆ (كه‌ركوك ناو).
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 19ی تشرینی دووه‌م، له نێو گه‌راجی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو پاره‌ی موچه‌ی مانگێكی ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ریان دزی.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له روداوه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی دزراوه ده‌گاته 17 ملیۆن دینار، موچه‌ی مانگێكی 15 فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی قه‌زای حه‌ویجه بووه".
دزینی ئه‌و پاره‌یه به ماوه‌یه‌ك دوای وه‌رگرتنی بووه له بانك، به‌وپێیه‌ی هه‌ر ئه‌مڕۆ چه‌كی بانكی هه‌موو فه‌رمانگه و به‌شه‌كانی سه‌ر به كشتوكاڵی گشتی كه‌ركوك دابه‌شكراوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی تر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و كه‌سانه‌ی پاره‌كه‌یان دزیووه، ئۆتۆمبێلێكی جۆری چارچه‌ر-ی ره‌نگ سپییان پێ بووه".
هێزه ئه‌منییه‌كان دوای روداوه‌كه‌وه ده‌ستیانكردووه به لێكۆڵینه‌وه له‌رێی وه‌رگرتنی تۆماری كامێراكانی چاودێرییه‌وه.
(كه‌ركوك ناو) زیاد له جارێك هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به لێپرسراوانی ئه‌منییه‌وه بكات به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه.