بەشێك لە حانوتی خوێندنگەكان خواردنی رێگەپێنەدراو بە خوێندكاران دەفرۆشن

كەركوك/ تشرینی دووەمی 2019/ داخستنی حانوتی خوێندنگەیەك بەهۆی پابەندەنەبون بە بڕیارەكانی پەروەردە فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

نۆ حانوت لە خوێندنگەكانی كەركوك داخراون، بەهۆی فرۆشتنی خواردنی رێگەپێنەدرا و بەرزی نرخەكانیانەوە، ئەوەش بە بڕیاری هۆبەی ژینگە و تەندروستی قوتابخانەكان لە پەروەردەی كەركوك.

داخستنی ئەو حانوتانە، دوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی فەرمانگەكانی پەروەردە و تەندروستی كەركوك هات، تائێستاش كاری لیژنەكە بەردەوامە.

عەدنان عەزیز، لێپرسراوی هۆبەى ژینگە و تەندروستی قوتابخانەکان، لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى  پەروەردەى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم ماوەیەدا حانوتی نۆ خوێندنگەمان داخستووە، چونكە رێنماییەكانیان جێبەجێنەكردووە، خواردنی رێگەپێنەدراویان فرۆشتووە، یان پابەندی رێنماییەكان نەبوون و نرخەكانیان گران بوو".

بەپێی رێنماییەكانی پەروەردەی كەركوك، هەریەكە لە جبس، خواردنەوەى مادە وزەبەخشەکان لەوانە تایگەر، هەروەها شەربەت، بنێشت، فەلافل، سۆسەچ، هەمبەرگر لە حانوتی خوێندنگەكان رێگەپێدراو نییە، بەڵام بەشێك لە خوێندنگەكان پابەند نەبون.

دواناوەندى غەرناتەى کچان، سەرەتایى بەغداد، سەرەتایى نەینەوا، ناوەندى ئاسودەى کچان، ئامادەى تەمازرى کچان، قوتابخانەى سەلام، قوتابخانەى نەبى یونس، دواناوەندى حورا و ناوەندى شەهبا لەو خوێندنگەیانەن كە حانوتەكانیان داخراوە.

hanutt

كەركوك/ تشرینی دووەمی 2019/ لیژنەی هۆبەی ژینگە و تەندروستی قوتابخانەكان لەكاتی پشكنین بۆ خۆراكی حانوتێك فۆتۆ: راگەیاندنی پەروەردە

عەدنان عەزیز زیاتر وتی "بەشێك لەو خوێندنگەیانە تەنانەت گریبەستەكەشیان هەڵوەشێنراوەتەوە و ئەو پارەیەشیان پێنەدراوەتەوە كە وەكو پێشەكی بە بەڕێوەبەری خوێندنگەكەیان دابوو".

حانوتی خوێندنگەكان، ساڵانە بە بڕی ملیۆن و نیوێك بۆ دوو ملیۆن و نیو دینار بەكرێ دەدرێت و بەشێكی ئەو پارەیە بە ئیدارەی خوێندنگەكان دەدرێت.

پەروەردەی كەركوك، بەڕێوەبەری خوێندنگەكانی ئاگاداركردۆتەوە لەمەودوا هەر حانوتێك پابەندنی رێنماییەكان نەبێت ئەوا لە بەڕێوەبەری دوردەخرێتەوە.

لەمەودوا هەر حانوتێك پابەندنی رێنماییەكان نەبێت، ئەوا بەڕێوەبەری خوێندنگەكە دوردەخرێتەوە

عەدنان عەزیز وتی "بەو پێییەی بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان لێپرسراوی یەكەمن لە قوتابخانەكانیان لەمەودوا ئەوان دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ، بەپێچەوانەوە سزادەدرێن بە دورخستنەوەیان لە بەڕێوەبەری".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT