بەرەی توركمانی: وازناهێنین و ده‌چینه‌وه‌ بەردەم پەروەردە

كەركوك/15ی كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی توركمان لە بەردەم بینای پەروەردە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی

بەرەی توركمانی رایدەگەیەنێت كە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی پرۆسەی دامەزراندنەكەی كەركوك بەردەوامدەبن و بەردەم پەروەردە چۆڵناكەن.

لەسەر داوای پارت و لایەنە توركمانییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی كانونی دووەم، ژمارەیەك لە دەرچووانی زانكۆ و هاوڵاتیانی توركمان لە بەردەم پەروەردەی كەركوك خۆپیشاندانیان كرد. ناڕەزاییان دەربڕیی و هوتافیان كێشا دژی پەروەردە.

خۆپیشاندەران داوایانكرد پرۆسەی دامەزراندنەكە هەڵبوەشێتەوە و بەڕێژەی لەسەدا 32 بەسەر هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوكدا دابەشبكرێت.

نەجوە ئەکرەم، بەشداربوی خۆپیشاندانەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەجێی خوشكەكانیشم هاتوم بۆ خۆپیشاندان، خوێندنیان تەواوكردووە و تا ئێستا دانەمەزراون، پێویستە هەرکەس بە مافى خۆى دابمەزرێت".

زیاتر وتی "بەهەموو شێوەیەک ئەو دامەزراندنە رەتدەکەینەوە، پێویستە پلەكانی دامەزراندن لەسەر بنەماى لەسەدا 32 بۆ توركمان، عەرەب و كورد دابەشبکرێت".

بەهەموو شێوەیەک ئەو دامەزراندنە رەتدەکەینەوە، پێویستە پلەكانی دامەزراندن لەسەر بنەماى لەسەدا 32 بۆ توركمان، عەرەب و كورد دابەشبکرێت

عەلى یارەڵا، دەرچوویەكی زانكۆ، وتی "بیناى پەروەردەی کەرکوکمان هێلکەباران کرد، دەبە ئاومان گرتە بیناكە، بۆ ئەوەی شەرم بیانگرێت و نادادپەوەری نەكەن".

خۆپیشاندانەكە لانیكەم دوو كاتژمێری خەیاند و بڕیارە بەردەوامی بەو ناڕەزاییە بدەن تا داواكانیان جێبەجێدەكەن كە سەرەكیترینیان پشكی دامەزراندن بەڕێژەی لەسەدا 32 بێت بۆ هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكە.

xopeshandaniturkman1
كەركوك/15ی كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی توركمان لە بەردەم بینای پەروەردە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هیشام بەیرەقدار، سەرۆکى لقى کەرکوکى بەرەى تورکمانى، بە (كەركوك ناو)ی وت "ستمەێکى زۆر بەرامبەر ئێمەى تورکمان کراوە، بۆیە لێرەوە داوا دەکەین وەزارەتى پەروەردە بە شێوەیەکى یەكسان پلەكانی دامەزراندن دابەشبکات لە نێوان نەتەوەکانى شارەکە دابەشبكات بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەر پێكهاتەیەك".

"ئێمە بە گەنج و پیر، ژن و منداڵ دەرچوین بۆ خۆپیشاندان و بەردەوامدەبین، ئێرە چۆڵناکەین تا داواکارییەكانمان جێبەجێدەكرێت".

خۆپیشاندانەكە بووەهۆی راگرتنی دەوامی پەروەردەی كەركوك و بڕیارە ناڕەزایی توركمانەكانیش بەردەوامبێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT