ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق ده‌كرێته‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی

كه‌ركوك/2017/ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی قه‌زای داقوق 44كم باشوری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی داقوق، به‌كاتی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نێو باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا، دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌.

ئیداره‌ی قه‌زای داقوق، بڕیاریداوه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی شوێنی په‌یمانگه‌ بۆ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ كاتی و تا ته‌رخانكردنی بودجه‌ بنیاتنانی باڵه‌خانه‌ی نوێ.

لویس فەندی، قایمقامی داقوق به‌ وه‌كاله‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیارمانداوه‌ بە گواستنەوه‌ی په‌یمانگه‌ی تەكنیكی، هۆكاره‌كه‌یشی ته‌نیا بچوكی باڵه‌خانه‌ی ئێستای په‌یمانگه‌یه‌".

به‌وته‌ی فه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ كاتییه‌، تا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بودجه‌ ته‌رخانده‌كات بۆ بنیاتنانی باڵه‌خانه‌ی نوێی په‌یمانگه‌ له‌ ساڵی داهاتودا، به‌وپێیه‌ی 20 دۆنم زه‌وی بۆ ته‌رخانكراوه‌ و به‌هۆی نه‌بونی بودجه‌وه‌ دروستنه‌كراوه‌.

daquq-1-1

باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق، كه‌ موڵكی شاره‌وانییه‌، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2019وه‌ چۆڵه‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراق به‌پێی هه‌مواری یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ته‌واوی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا و پارێزگاكانیشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

سالم شكور، بەرێوه‌بەری شارەوانی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "تاپۆی بینای ئەنجومەنی قه‌زای داقوق بەناوی شارەوانییه‌وه‌ و قایمقام به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی له‌و باڵه‌خانه‌دا جێگیركردووه‌".

هه‌روه‌ها به‌پێویستی زانی بۆ ئه‌و بڕیاره‌ ره‌زامه‌ندی شاره‌وانی وه‌ربگیرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT