فه‌ره‌یدون به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی كه‌ركوك هۆكاری كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاكی گه‌ڕانده‌وه بۆ به‌غدا، به‌وپێیه‌ی حكومه‌تی عیراق پاره‌ی پێویست نانێرێت تا بدرێت به كۆمپانیاكانی پاككردنه‌وه‌ی شار.
وته‌كانی به‌رزنجی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات، كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 17ی ئادار به‌ڕێوه‌چوو، بۆ رونكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك له‌ناوشاری كه‌ركوك.
له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی وتی "ئه‌م هه‌فته نه‌توانرا بەشێوەیەكی باش كەركوك پاكبكرێتەوە لە خۆڵ و خاشاك، خۆمان د‌رك بەوە دەكەین و دەزانین".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هۆكاره‌كانه‌وه رونیكرده‌وه، پێشتر بڕی ملیارێك و 200 ملیۆن دیناری عیراقی وەك بوجەیەكی تایبەت تەرخانكرابوو بۆ پاككردنەوەی كەركوك، دواتر ئه‌و بڕه كه‌مكرایه‌وه بۆ 600 ملیۆن و ئێستا كراوه به 200 ملیۆن دینار.
"ئه‌و بودجه‌یه‌ی ئێستا به‌شی پاككردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌یه‌كیش ناكات نه‌ك شاری كه‌ركوك به‌و فراوانی و گه‌وره‌ییه".
به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی ئه‌و كێشه‌یه له كاتێكدایه، ئێستا له هه‌موو كاتێكی تر پاككردنه‌وه‌ی شار پێویست و گرنگه، به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئه‌گه‌ری نه‌خۆشییه‌وه، "ئەگەر دۆخەكە هەر وابێت و خۆڵ و خاشاك لە كەركوك كەڵەكە بێت، ئەوا ژینگه‌كه ده‌بێته یارمەتیدەری ڤایرۆسی كۆرۆنا".
له ئێستادا ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، له‌سه‌ر داوای شاره‌وانی نوسراوی بۆ حكومه‌تی عیراقی كردووه، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه.
ده‌رباره‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك به پاره له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك هاوڵاتییه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی ده‌ڵێت رێگه‌پێدراو نییه و هێزه ئه‌منییه‌كان ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیرده‌كه‌ن.
كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك، بۆته جێی ناڕه‌زایی و نیگه‌رانی خه‌ڵك، به تایبه‌ت له دۆخێك‌دا به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه داوای پاكوخاوێنی و پاراستنی ژینگه ده‌كرێت.
ڤایرۆسی كۆرۆنا له عیراق بڵاوبۆته‌وه و زیاتر له 150 كه‌س توشبون، له نێویاندا حه‌وت هاوڵاتی له پارێزگای كه‌ركوك، كه تائێستا شه‌ش كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه و نه‌خۆشخانه‌یان به‌جێهێشتووه.