بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین، باری نائاسایی لە قەزاكە راگەیاند لەپێناو چڕكردنەوەی هەوڵەكانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا و لەو چوارچێوەیەشدا تەواوی رێگا سەرەكیی و لاوەكییەكانی ناو شاری داخست.
ئەو هەوڵە نوێیە لە خانەقین كە لە ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئادارەوە چۆتەبواری جێبەجێكردنەوە، هاوكاتە لەگەڵ توندتركردنەوەی هەوڵەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان 286 توشبوو تۆماركراون، كە 70یان بەتەواوی چاكبونەتەوە و 24 كەسیش بەهۆیەوە مردون.
عەمید دیار شەوکەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین لە راگەیەنراوێكیدا باری نائاسایی لە قەزاكە راگەیاند و جەختیكردەوە "لە پێناو پاراستنی تەندروستی دانیشتوانی خانەقین باری نائاسایی تەندروستی رادەگەیەنین بۆ کاتێکی نادیار و ھاتوچۆکردن رادەگرین، چونکە لە ناوچەکانی نزیک شاری خانەقین ژمارەیەک تووشبوو تۆمارکراوە".
ھاتوچۆکردن رادەگرین، چونکە لە ناوچەکانی نزیک شاری خانەقین ژمارەیەک تووشبوو تۆمارکراوە
لە پارێزگای دیالە تائێستا تا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە پێنج حاڵەت توشبوو بەو ڤایرۆسە راگەیەنراوە، كە حاڵەتێكیان مردووە و سیانیان چاكبونەتەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێك لە خانەقین تۆمارنەكراوە.
"تەنیا مۆڵەتی ھاتوچۆکردن بەو کەسانە دەدرێت کە بۆ کاری پێویست ھاتوچۆ دەکەن"، دیار شەوكەت وایوت.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ پۆلیسی خانەقین بە ھاوکاری شارەوانی تەواوی رێگا سەرەكیی و لاوەكییەكانی بە كۆنكرێت و خۆڵ داخست. لەپێناو نەھێشتنی جموجۆڵی ھاوڵاتییان و ئۆتۆمبێل.
ژمارەیەک بازرگان بەهەماهەنگی ئیدارەی خانەقین و شارەوانی کوردستان، بڕیارە سبەی چوارشەممە 25ی ئادار دەستبكەن بە دروستكردنی نەخۆشخانەیەك بۆ توشبوانی نەخۆشی کۆرۆنا.