گۆڕستانی كاكەییەكان لە گوندی عەلی سەرای سنوری قەزای داقوق دەشێوێنرێت و كێلی چەند گۆڕێك دەشكێنرێت، ئەوەش دووەمجار لە ماوەی ئەم مانگەدا دوو لەگەورەترین گۆڕستانی ئەو پێكهاتەیە بكرێنە ئامانج.
مەریوان غەریب، دانیشتوی ئەو گوندە، بە (كەركوك ناو)ی وت كە ئێوارەی دوێنێ هەینی 27ی ئادار لە شێواندنی گۆڕەكان ئاگاداركراونەتەوە و كێلی ژمارەیەك گۆڕ شكێنراون.
"ئەو كارە ئێمە زۆر نیگەران دەكات، چونكە دورە لەهەر بەهایەكی ئەخلاقیی و مرۆڤایەتی، ئەوانە گروپێكی تێكدەرن و دژ بە كاكەییەكان و مێژوو و پیرۆزییەكانمان ئەم كارە دەكەن"، مەریوان وایوت.
ئەو كارە ئێمە زۆر نیگەران دەكات
بە ئامانجگردنی گوندەكە لەكاتێكدایە كاكەییەكان ئەم ماوەیە نەیانتوانیوە بەپێی پێویست سەردانی گۆڕستانەكە بكەن، وەك مەریوان جەختیلێكردەوە و وتیشی "ئێمە ناتوانین هیچ لایەنێک یان گرۆپێک تۆمەتبار بکەین، بەڵام ناکرێت کاکەییەكان تەنانەت لەناو گۆڕەكانیشیان پارێزراو نەبن".
شەوی 15ی ئاداریش بەهەمان شێوە، لەگوندی سوفەییەی دەشتی نەینەوا، یەكێك لەگەورەترین گۆڕستانەكانی كاكەییلە عیراق شێوێنرا و كێڵی 49 گۆڕ شكێنران.
زیاد فەهد، کەسایەتى كاكەیی لەبارەی ئەو روداوانەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە ئەوە بە پلانێكی نوێ بۆسەر كاكەییەكان دادەنێین و داوادەكەین هێزەئەمنییەكان بەپەلە بەر بەو پلانە بگرن و تاوانباران بەسزا بگەیەنێت بۆ ئەوەی ئەوە تەشەنەنەسێنێت".
گوندى عەلى سەراى، بەدوری 10كم دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای قەزای داقوق، گۆڕستانەكەش گەورەترین گۆڕستانی كاكەییەكانە لە كەركوك.
چەند ساڵێكە كاكەییەكان لە قەزای داقوق كێشەی ئەمنیی و پاراستنی گیانیان هەیە.
سەرەتای ئەم مانگە تەواوی دانیشتوانی گوندی مهتیق-ی كاكهیی بڕیاریی بەجێهیشتنی ماڵهكانیاندا، بههۆی مهترسی هێرشی گروپه چهكدارییهكانهوه، ئهوهش حهوتهم گوندی سنورهكهیه بهرهو چۆڵبون دهڕوات.
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكهیین و دهكهونه سنوری قەزای داقوق (44كم باشوری كهركوك).