تەندروستی كەركوك تەرمی ئەو منداڵە چوار مانگهی رادەستی كەسوكاری نەكردەوە، كە دوێنێ لە نەخۆشخانەی ئازادی گیانیلەدەستدا. پشكنینی ئەو منداڵە و دایكی رەوانەی بەغدا كراون و چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەنجامەكەی دەكرێت.
دوێنێ شەممە 28ی ئازار، مندالێكی چوار مانگ و دایكی لەناحیەی قەرەهەنجیرەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك كران بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام پاش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە منداڵەكە گیانیلەدەستدا، ئەوەش بەوتەی کهریم وهلى، بەڕێوهبهرى فهرمانگهى تهندروستى کهرکوک بۆ (كەركوك ناو).
كەریم وەلی جەختیكردەوە "كاتێك منداڵەكە گیانیلەدەستدا كەوتینە گومانەوە و نمونەی خوێنی منداڵەكە و دایكیمان رەوانەی بەغدا كرد، بۆ ئەوەی بزانین هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان یان نا".
كاتێك منداڵەكە گیانیلەدەستدا كەوتینە گومانەوە و نمونەی خوێنی منداڵەكە و دایكیمان رەوانەی بەغدا كرد
بەو هۆیەوە تەندروستی كەركوك ئامادەنەبون تەرمی منداڵەكە رادەستی كەسوكاری بكەنەوە. تا پشكنینەكانیان لە بەغداوە دەگەڕێتەوە.
كەریم وەلی وتی "تهرمهکه له هۆبهى پزیشکى دادوهرییه، ئهگهر بێت و بەپێی ئهنجامهکهى ههڵگرى ئهو ڤایرۆسه بێت ئهوه خۆمان تەرمەكەی دەنێژین لەپێناو پاراستنی گیانی كەسوكاری".
لە ئێستادا چوار توشبوی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای كەركوك لە ژێر چاودێریدان. شەش كەسیش بەتەواوی چاكبونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو كەسوكارییان. یەكێكیش گیانیلەدەستداوە.
چاوەڕانیكردن بۆ گەڕانەوەی پشكنینەكان لەبەغداوە، لەكاتێكدایە چند رۆژێك لەمەوبەر ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە كەركوك.
كەریم وەلی وتی "سبەی دووشەممە ئەو ئامێرە دهکهوێته کار و لەمە بەدواوە نمونهى خوێن رەوانەی بەغدا ناكرێت".