كهمنین ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ناتوانن له ماڵه‌وه ئۆقره بگرن، به‌ڵام به‌هۆی مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه، رێی دوریان بۆته باخچه‌ی گه‌ڕه‌ك و ئه‌گه‌ر زیاتریش بڕۆن پیاسه‌كی چه‌می خاسه‌یه.
ئه‌و چه‌مه له ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك، كه ئێستا بۆته شوێنێك بۆ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانی به‌شێك له خه‌ڵك، نه‌ك ئاوێكی كه‌می تێداماوه، به‌ڵكو بۆته شوێنی كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی نه‌خۆشی زیاتر ده‌كات.
بارودۆخه‌كه له زۆر شوێن به‌وشێوه‌یه، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مانه‌وه له ماڵه‌وه وایكردووه خه‌ڵك تا دره‌نگانی شه‌و بێداربن و ده‌مه‌ونیوه‌ڕۆ له خه‌و هه‌ستن، له دوای نوێژی عه‌سریشه‌وه، ئه‌وانه‌ی له خاسه‌وه نزیكن رووده‌كه‌نه ئه‌و چه‌مه.
هه‌رچه‌نده به‌پێی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان، ڤایرۆسی كۆرۆنا حه‌زی به قه‌ره‌باڵغییه و نابێت خه‌ڵك به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌بێت، یه‌كێك له رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی خۆپارێزیش له ماڵه‌وه مانه‌وه‌یه.
"10 رۆژه له ماڵه‌وه‌م، خه‌ریكه توشی نه‌خۆشی ده‌رونی ده‌بم، نه‌متوانی چیتر ئۆقره بگرم و هاتمه ده‌ره‌وه" گه‌رمیان سامان وای وت.
ئه‌و گه‌نجه له چه‌می خاسه بوو، كاتێك (كه‌ركوك ناو) پرسیاری هۆكاری هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی لێ‌كرد، "كار و كهسابهتمان نه‌ماوه، ته‌له‌فزیۆن و مۆبایلیش هه‌ر باسی كۆرۆنایه، بۆیه دێمه ده‌ره‌وه و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا ده‌رده‌ڵ ده‌كه‌ین".
چه‌می خاسەی كه‌ركوك، بە درێژایی زیاتر له 30 کیلۆمەتر، بە ناوەڕاست و سەنتەری شاردا تێده‌په‌ڕێت، شاره‌كه ده‌كاته دوو به‌شه‌وه، بڕیاربوو بكرێته پرۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاریی و تائێستا نه‌كراوه.
گه‌رمیان ده‌ڵێت به سروشتی خۆی وایه ناتوانێت زۆر له ماڵه‌وه بمێنێته‌وه و ناشتوانێت دورتر بڕوات، چونكه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیرده‌كرێت، بۆیه رێی دوری بۆته خاسه.
ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی تا 11ی نیسان درێژكردۆته‌وه بۆ خۆپارێزی له كۆرۆنا، هه‌ركه‌سێك پێشێلی بڕیاره‌كه بكات روبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه ده‌بێته‌وه.
"به هه‌موو ته‌مه‌نم نه‌متوانیووه بۆ سێ رۆژ له ماڵه‌وه بمێنمه‌وه و نه‌یه‌مه ده‌ره‌وه، ئێستا وا 10 رۆژه له ماڵه‌وه‌ین، بۆیه هاتمه خاسه تا كه‌مێك لێره دانیشم، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك وێنه‌ی چوار دیواری ماڵه‌وه‌م لهبهرچاونهمێنێت" چیا عه‌زیز واده‌ڵێت.
ئه‌و به هیوایه لانیكه‌م له ده‌وروبه‌ری ماڵ و گه‌ڕه‌كه‌كانیاندا رێگریی چونه ده‌ره‌وه‌یان لێنه‌كرێت.
ڤایرۆسی كۆرۆنا، به هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنه‌وه بڵاوده‌بێته‌وه، بۆیه به‌پێی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان، پێویسته هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه لانیكه‌م دوو مه‌تر دوری نێوانیان بێت.
له پارێزگای كه‌ركوك، تائێستا 12 حاڵه‌تی توشبوو به كۆرۆنا تۆماركراون، كه شه‌ش كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه و یه‌ك هاوڵاتیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا، له سه‌ر ئاستی عیراقیش به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، توشبوانی ئه‌و په‌تایه گه‌یشتۆته 643 كه‌س.