جانێت خۆشابا، ژنێکی کریستیانی (45ساڵ)، ئەمڕۆ لەماڵەكەی خۆی مایەوە و جەژنی سەری ساڵی كلدان، سریان و ئاشوری ناسراو بە (ئەكیتۆ)ی پیرۆزكرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسان، جەژنی (ئەكیتۆ)یە، كە سەری ساڵی كلدان، سریان و ئاشوری دەكات. ساڵانە لەو رۆژەدا كریستانەكان ئاهەنگدەگێڕن و یەكتر بەسەردەكەنەوە. بەڵام ئەمساڵ جەژنەكە هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ.
بەڵام ئەوە نەبووەهۆی ئەوەی جانێت خۆشابا وازلەو یادكردنەوەیە بهێنێت.
ئەو كە لە گەڕەكی مارگورکیس تایبەت به کریستیانه‌کانی شاری دهۆک ده‌ژیت. کاتژمێر 8ی به‌یانی له‌خه‌و هه‌ڵسا، یەكەم شت جلوبه‌رگی ره‌سه‌نی کلدانییه‌کانی پۆشیی و دەستیكرد بە ئامادەكردنی خواردنی فۆلكلۆری تایبەت بە پێكهاتەكەیان.
ئەوە نەریتێكی ساڵانەیە كە كریستیانەكان بۆ ئەو جەژنە خواردنی تایبەت بەخۆیان ئامادەدەكەن. جانێت بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵانە ئامادەكاریی زۆر گه‌وره ده‌که‌ین بۆ جه‌ژنی ئه‌کیتۆ، به‌ڵام ئه‌مساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە تەنیا لەماڵەوە ماینەوە... من ئەمڕۆ دۆڵمەم ئامادەكردووە".
ده‌رگای که‌نیسه‌ی گهڕهکەكەی جانێت داخراوە و هیچ مەراسیمێك رێكنەخراوە.
"لەتەمەنی مندا ئه‌مه یه‌که‌مجارە بەمشێوەیە سەری ساڵی نوێ بەڕێبكەین"، جانێت زیاتر وتی "یەكی نیسان خۆشترین رۆژه لای من، رۆژێكی پیرۆزە، هیوادارین ساڵی نوێ ببێتە نەهێشتنی ئەم پەتایە لە هەموو جیهان".