وردەكاریی شەڕەكەی داقوق
"داعش" لە دوو هەفتەی رابردودا دەیان چالاكی ئەنجامداوە

ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكانی عیراق، لە ناوچەكانی جێناكۆك فۆتۆ: شانەی راگەیاندنی جەنگی

پەیامنێرانی كەركوك ناو

لە روبەڕوبونەوەیەكی چەكداریدا كە چوار كاتژمێر بەردەوامبوو، ژماره‌یه‌ك سەربازی عیراق كوژران و برینداربون، ئەوەش دوای ئەوەی كەوتنە بۆسەیەكی چەكدارانی داعش لە خۆرئاوای قەزای داقوق. لێپرسراوانی ئەمنی دەڵێن "ژمارەی چەكدارانی داعش زۆر نین، بەڵام شەڕی پارتیزانی دەكەن".

ئەو شەڕە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسان دەستیپێكرد، كاتێك سوپای عیراق ئۆپەراسیۆنێكی لە گوندی سماقەی باكوری خۆرئاوای داقوق (44كم باشوری كەركوك) ئەنجامدا.

سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی لە سوپای عیراق هەیە لەسنوری داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە هات شەوی رابردوو، چەكدارانی نەناسراو هێرشیانكردە سەر لیوای 45ی سوپای عیراق و روبەڕوبونەوە رویدا". زیاتر وتی "لەو شەڕەدا ئەو كامێرا چاودێرییانە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە شكێنران كە لە ناوچەكەدا هەبون، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو".

لەو شەڕەدا ئەو كامێرا چاودێرییانە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە شكێنران كە لە ناوچەكەدا هەبون

بەو هۆیەوە ئەمڕۆ دووشەممە سوپای عیراق، ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ ناوچەكە ئەنجامدا، بەتایبەت بۆ گوندی سماقە لە باكوری خۆرئاوای داقوق و نزیك چەمی رۆخانە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەكە كە تیایدا جەختیكردەوە "سوپا لە چوارلاوە كەوتە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە و روبەڕوبونەوەیەكی سەخت رویدا".

لەو روبەڕوبونەوەیەدا كە چوار كاتژمێری خایاند، بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی كوژرێك و چوار برینداری لێكەوتەوە.

سەرچاوەكە وتی "بەهۆی زۆری ژمارەی چەكدارانی داعشەوە، سوپا داوای هاوكاری كرد و بەو هۆیەوە لەڕێی فڕۆكەوە بۆردومانی چەكدارانی داعش كرا و هێزی زیاتری سوپا و حەشدی شەعبی بەرەو ناوچەكە جوڵێنران".

هەر لەو شەڕەدا بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، چوار چەكداریی داعش كوژراون و لەئێستادا ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق وتی "چوار سەربازیی سوپا رەوانەی نەخۆشخانەكانی كەركوك كراون، چونكە برینەكانیان سەخت بووە".

لە دوو هەفتەی رابردودا، هێرشی چەكداریی و تەقینەوەی بۆمبی چێنراو بۆ سەر هێزەئەمنییەكانی عیراق زیادی كردووە و تەنیا لە رۆژی 10ی نیساندا 12 كەس لە ناوچەكانی جێناكۆك لەوانە لە پارێزگای كەركوك، سەڵاحەدین و دیالە كوژران و برینداربون.

شەممەی رابردوو، هێزى تایبەتى لیواى 61 كە لەناو شاری كەركوك لە ئەركدان، دەستگیركردنی "دوو چەكداری داعش"ی هەر لەناو شار راگەیاند، كە یەكێكیان لەگەڕەكی رەحیماوا دەستگیركراوە و پێشتر فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی تكریت.

بەپێی سەرچاوەیەك لە لیوای تایبەتی 61، ئەو چەكدارە بەشداربووە لە كوشتارگەی سپایكەر لە ساڵی 2014 و هەروەها سەرپەرشتی گروپێكی حەوت كەسی كردووە لەناو شاری كەركوك.

چەكدارەكەی تر "دانیبەوەداناوە" كە بەشداربووە لە چاندنی بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی هاوڵاتییەک لە گەڕەکى خەزراى كەركوك و تەقاندنەوەی، بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو).

ئه‌بوره‌زا نه‌جار، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باكوری حه‌شدی شه‌عبی و جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبەشە‌كانی كه‌ركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "شانه‌ نوستوه‌كانی داعش كه‌وتونه‌ته‌وه‌ جموجۆڵ، به‌هۆی بۆشایی ئه‌منی و سیاسییه‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا ژماره‌یان ناگاته‌ 40 كه‌س".

xanaqin-2
خانەقین/13ی شوباتی 2020/ لە روداوێكی دەستڕێژی گولـلەدا كوڕ و باوكێك كوژران و نۆ كەسی تر برینداربون فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

 

لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و پەتای كۆرۆناوە هێزەئەمنییەكان بەكاری ترەوە سەرقاڵبون و چەكدارانی داعشیش ئەوەیان بەهەڵزانیوە و جموجۆڵان زیادی كردووە.

 پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردەوە كە دەیان هێرشی جۆراوجۆر لەدوای قەدەغەی هاتوچۆوە لە ناوەڕاستی ئازاری رابردووەوە كراونەتە سەر هێزەئەمنییەكانی عیراق لە ناوچەكانی جێناكۆك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT