وه‌قفی سونی كه‌ركوك: له‌ كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان بێ ئومێد بوین

كه‌ركوك، ئاداری 2020، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ و ده‌رمانڕشتن له‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ ئاینییه‌كان بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئیداره‌ی كه‌ركوك

گۆران بابان – كه‌ركوك

وه‌قفی سونی له‌ كه‌ركوك، نیگه‌رانه‌ له‌ شانه‌ی قه‌یرانه‌كان به‌هۆی پشتگوێخستنی داواكارییه‌كانیان و بێ ئومێدیشن له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان به‌ڕوی نوێژخوێناندا، هه‌رچه‌نده‌ قه‌ده‌غه‌ له‌سه‌ر زۆرینه‌ی بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كانی تر هه‌ڵگیراوه‌.

لەگەڵ بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوەڕاستی ئاداری رابردوو، ته‌واوی مزگه‌وت، كڵێسا، په‌رستگا و شوێنه‌ ئاینییه‌كانی تر له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌روی نوێژخوێنان و زیاره‌تكارانیاندا داخراون، به‌ ئامانجی خۆپارێزی و رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

له‌ كه‌ركوك قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌ رۆژ هه‌ڵگیراوه، جگه‌ له‌ هه‌ینی و شه‌ممان، به‌ڵام هیچ بڕیارێكی نوێ له‌سه‌ر مزگه‌وته‌كان نه‌دراوه‌.

"وەقفی سونی بێ ئومێد بووە لەكردنەوەی مزگەوتەكان، تەنانەت هێشتا نازانین پلانی نوێژی جەژنیش چۆن دەبێت و هیچ بەرچاوڕونییەك نییه‌" به‌وته‌ی ساماڵ بازیانی، وتەبێژی وەقفی سونی كەركوك بۆ (كه‌ركوك ناو).

شانه‌ی قه‌یرانه‌كان داوای زنجیره‌یه‌ك رێكار و مه‌رجی له‌ وه‌قفی سونی كردووه‌ بۆ بڕیاردان له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان به‌ڵام دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ راده‌ستكردنی ئه‌و داواكارییه‌ هیچ وه‌ڵامێك نه‌دراونه‌ته‌وه‌.

وته‌بێژی وه‌قفی سونی ده‌ڵێت پلانه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو له‌كۆی 800 مزگه‌وتی پارێزگای كه‌ركوك، 350 مزگه‌وت بكرێنه‌وه‌، كه‌ روبه‌ریان زیاتره‌ له‌ هه‌زار مه‌تر و نوێژخوێنان ده‌توانن دورییه‌ك له‌ نێوانیاندا هه‌بێت له‌ كاتی نوێژكردندا.

mzgawt
كه‌ركوك، 23ی نیسانی 2020، گردبونه‌وه‌ی به‌شێك له‌ مامۆستایانی ئایینی و نوێژخوێنان بۆ داواكاری كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"داوامانكرد توالێت و شوێنی دەستنوێژ هەڵگرتن بەكارنەهێنرین و قەدەغە بێت، نوێژخوێنان لەماڵەوە ئەركی دەستنوێژ هەڵگرتن ئەنجامبدەن، كۆمەڵێك كەسیش بەردەوام مزگەوتەكان پاكبكه‌نه‌وه‌ و رێكاره‌كانی ته‌ندروستی جێبه‌جێبكه‌ن".

ساماڵ بازیانی وتی رێگه‌ به‌ هیچ پرسه‌ و بۆنه‌یه‌كی ئایینی ناده‌ن، نوێژخوێنانیش به‌ ده‌ستكێش و ده‌مامكه‌وه‌ ده‌چنه‌ مزگه‌وت، وتاری هه‌ینی بۆ 10 خوله‌ك كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و راسته‌وخۆ دوای نوێژ ده‌رگای مزگه‌وته‌كان داده‌خرێن ئه‌گه‌ر جارێكیتر كرانه‌وه‌.

له‌ 23ی نیسانیشدا له‌ به‌رده‌م ته‌ندروستی كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی ئایینی و گه‌نجانی نوێژخوێن گردبونه‌وه‌ و داواكارییه‌كیان راده‌ستی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، تا مزگه‌وتی و شوێنه‌كانی خواپه‌رستی بكرێنه‌وه‌ له‌ ره‌مه‌زاندا.

شامیل غەفور (56 ساڵ)، یه‌كێكه‌ له‌و هاوڵاتییانه‌ی به‌رده‌وام سه‌ردانی مزگه‌وت ده‌كات و ئێستاش داواده‌كات لانیكه‌م بۆ چه‌ند رۆژی كۆتایی ره‌مه‌زان بكرێنه‌وه‌، "حكومه‌ت هیچ بیانویەكی بۆ نەكردنەوەی مزگەوتەكان نییە، پێمانسەیرە بەردەوام له‌ رێنمایی و بڕیاره‌ نوێیه‌كاندا باسی ماڵەكانی خوا ناكرێت و هیچ بەهایەك بۆ هه‌ستی موسڵمانان دانانێن".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بە هەزاران نوێژخوێن تامەزرۆی كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكانن".

تائێستا له‌ 71 حاڵه‌تی توشبون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌بووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ 59 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌ و دوو هاوڵاتیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

وته‌بێژی وه‌قفی سونی وتی "حكومەت ڕێگە بەكردنەوەی بازاڕو شوێنە گشتیەكان دەدات كە لەم بەرەو جەژنەدا قەڕەباڵغییەكی زۆری تێدایه‌، به‌ڵام بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان بەرچاوڕونی نییە و دڵی هەزاران موسڵمانی لەخۆی رەنجاندوە"، به‌وته‌ی بازیانی له‌ئێستادا چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی شانه‌ی قه‌یران ده‌كه‌ن تا وه‌ڵامی داواكارییه‌‌كانیان بداته‌وه‌.

توشبوانی كۆرۆنا له‌ عیراق له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، تائێستا ژماره‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ سێ هه‌زار و 554 كه‌س، له‌ نێویاندا دوو هه‌زار و 310 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌ و 127 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT