قایمقام پێشوازی لێنه‌كرد
وه‌زیری كۆچ بۆ سێ داواكاری له‌ شنگال بوو

نه‌ینه‌وا، 5ی ته‌موزی 2020، ئیڤان جابرۆ وه‌زیری كۆچ له‌كاتی دڵنه‌وایی كه‌سوكاری قوربانییه‌كی ئێزیدی له‌ شنگال فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كۆچ

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌، ئاوه‌دانی و هاوكاری دارایی بۆ هاوڵاتیانی ئێزیدی له‌ به‌رنامه‌ی یه‌كه‌م سه‌ردانی وه‌زیری كۆچدا بوون بۆ شنگال، بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن قایمقامیه‌ته‌وه‌ پێشوازی لێبكرێت.

ئیڤان فائق جابرۆ، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق یه‌كشه‌ممه‌ 5ی ته‌مموز له‌نێو ناڕه‌زایی توندی ئیداره‌ی قه‌زاكه‌دا چوه‌ شنگال، تا له‌ "داواكاری و كێشه‌كانی به‌رده‌م هاوڵاتیان بكۆڵێته‌وه‌"، وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی وه‌زاره‌تدا هاتووه‌.

وه‌زاره‌تی كۆچ بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ ئامانج لێی چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی خه‌ڵكی شنگال بون.

106925031_3589658204397950_5338477480592650282_o
نه‌ینه‌وا، 5ی ته‌موزی 2020، گه‌یشتنی وه‌زیری كۆچ بۆ قه‌زای شنگال فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كۆچ

جه‌لال مه‌جید، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی شنگالی كۆچ و كۆچبه‌ران به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت سه‌ردانه‌كه‌ بۆ سێ ئامانج و داواكاری بووه‌، ئه‌وانیش "چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی دهۆكه‌وه‌ بۆ شنگال، له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مینحه‌ی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر خێزانێك".

حكومه‌تی عیراقی، پلانی هه‌یه‌ له‌مساڵدا زۆرینه‌ی كه‌مپه‌كان دابخات و كۆتایی به‌ ئاواره‌یی بهێنێت، بۆ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكیش؛ هه‌ر خێزانێك بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناری پێده‌دات.

به‌وته‌ی جه‌لال له‌ كۆی 10 هه‌زار كه‌س ته‌نیا 12 خێزان ئه‌و هاوكارییه‌یان وه‌رگرتووه‌.

ئامانجێكی سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ستپێكردنی هاوكاری دوو ملیۆن دینار بوو بۆ ئافره‌تانی رزگاربوی ده‌ستی داعش بوو

"ئامانجێكی تری سه‌ردانه‌كه‌ دابه‌شكردنی هاوكاری خۆراك و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێدانی بڕی دوو ملیۆن دینار بوو بۆ هه‌ر ئافره‌تێكی رزگاربوی ئێزیدی له‌ ده‌ستی داعش" لێپرسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ وای وت.

دانیشتوانی ئێزیدی له‌ شنگال، زیانی ماڵی و گیانییان به‌ركه‌وت له‌ هێرشه‌كانی داعش، له‌ كوشتن و بێسه‌روشوێنبونی هه‌زاران كه‌س له‌ نێویاندا ژن و منداڵ.

سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری كۆچ، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شنگال، روبه‌ڕوی ناڕه‌زایی ئیداره‌ی قه‌زاكه‌ بۆوه‌.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌ وه‌كاله‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌ردانه‌كه‌ له‌ ناكاو و بێ ئاگاداری پێشوه‌خته‌ی ئێمه‌ بوو، بۆیه‌ له‌گه‌ل كه‌سایه‌تی و پیاوانی ئایینی له‌به‌رده‌م قایمقامیه‌ت گردبونه‌وه‌ینه‌وه‌ بۆ ناڕه‌زایی دژی سه‌ردانه‌كه‌ كه‌ پێمانوایه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو و ئاڵۆزتركردنی كێشه‌كانه‌ نه‌ك خزمه‌تی خه‌ڵك".

شنگال دوو ئیداره‌ی هه‌یه‌؛ جگه‌ له‌ فه‌هد حامد كه‌ له‌ناو قه‌زاكه‌دا جێگیرن، مه‌حما خه‌لیل قایمقامی قه‌زاكه‌ش له‌ دوای هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ چونه‌ته‌ دهۆك و له‌وێوه‌ ئیداره‌ی شنگال ده‌كات.

shngal-10
شنگال، ته‌موزی 2020، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژی سه‌ردانی وه‌زیری كۆچ فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌ت

فه‌هد وتی "ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌بێ راوه‌ستان ده‌وام ده‌كه‌ین، ئیتر بۆ نایانه‌وێت مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، بۆیه‌ داواكارین له‌ لێپرسراوانی حكومه‌تی عیراقی رێگه‌ به‌ سه‌ردانی هاوشێوه‌ نه‌ده‌ن".

زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به‌ ناحیه‌كانیه‌وه‌، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی داعش‌ ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پاساوی خراپی بارودۆخی ئه‌منی و نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی ئاماده‌ی ‌گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بون.

ئیڤان جابرۆ، وه‌زیری كۆچ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی له‌ پێناو چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی دۆسیه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و ئاوه‌دانی ناوچه‌كه‌دا چونه‌ته‌ شنگال و سه‌رۆكوه‌زیرانیش گرنگی تایبه‌ت به‌ قه‌زاكه‌ ده‌دات، تا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.

به‌وته‌ی وه‌زیری كۆچ به‌ربه‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تیین، له‌گه‌ڵ كه‌می هه‌لیكار و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری.

شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014 كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی داعش و لە تشرینی دووەمی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT