به‌نداوی موسڵ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو زیاتر ده‌كات، به ئامانجی زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با، ئه‌وه‌ش به‌بڕیاری وزاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو.
پێنج وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له نه‌ینه‌وا هه‌یه؛ له‌نێویاندا به‌نداوی موسڵ، به توانای به‌رهه‌مهێنانی 100 مێگاوات.
مه‌هدی ره‌شید، وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو له حكومه‌تی عیراقی له‌كاتی سه‌ردانیكردنی شاری موسڵ، چوارشه‌ممه 8ی ته‌مموز به رۆژنامه‌نوسانی وت له‌سه‌ر داواكاری وه‌زیری كاره‌با، بڕیاریانداوه به زیادكردنی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو له به‌نداوه‌كه.
له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، مه‌هدی ره‌شید وتی ئه‌و داواكارییه بۆ زیادكردنی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو به ئامانجی زیادكردنی توانای 60 بۆ 70 مێگاوات به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه، تا ئه‌و وزه‌یه بخرێته‌وه سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی.
كاره‌بای پارێزگای نه‌ینه‌وا تا حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو 750 مێگاوات بووه، به‌ڵام دواتر و بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌مكرایه‌وه بۆ 400 مێگاوات له ته‌مموزدا، ئه‌وه‌ش به‌بڕیاری وه‌زاره‌تی كاره‌با و بۆ قه‌ره‌بوی ناوچه‌كانی باشوری عیراق.
وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو دڵنیایی به هاوڵاتیان دا كه به‌نداوی موسڵ "پارێزراوه و مه‌ترسی له‌سه‌ر نییه"، چونكه بڕوای ته‌واویان به ئه‌ندازیارانی لێپرسراو له پاراستنی به‌نداوه‌كه هه‌یه، چه‌ند ساڵێكیشه كار بۆ گره‌نتی پاراستنی به‌نداوه‌كه ده‌كه‌ن.
مه‌ترسیه‌كانی به‌نداوی موسڵ، چه‌ندینجار بۆته جێی دڵه‌ڕاوكێ و مشتومڕی نێو خه‌ڵك، به تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی داعش تا هه‌موو شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی روباره‌كان.
مه‌هدی ره‌شید ده‌ڵێت له سه‌ردانه‌كه‌یدا تاوتوێی كێشه‌كانی زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر پشكی ئاو و سه‌ر روباره‌كان كراوه، به‌ڵێنیانداوه كار بۆ نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی بكه‌ن.
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی به‌نداوی یسۆی توركی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو وتی "دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ باڵیۆزی توركیا كۆبوینه‌وه و باسمان له‌و به‌نداوه و كه‌مبونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی روباری فورات كرد، پێمانوتن ئاماده‌ین به ئۆنلاین له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی باڵای ئه‌و وڵاته تاوتوێی ئه‌و كێشانه بكه‌ین په‌یوه‌ستن به ئاوه‌وه ئه‌گه‌ر به‌هۆی كۆرۆناوه ناتوانین له نزیكه‌وه كۆببینه‌وه".
به‌نداوی موسڵ، گه‌وره‌ترین به‌نداوی عیراق و چواره‌م گه‌وره‌ترین به‌نداوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی ئه‌ڵمانی و ئیتاڵیه‌وه بنیاتنراوه، به دوری نزیكه‌ی 50كم له باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا و له‌سه‌ر روباری دیجله، ئه‌وه‌ش له ساڵی 1986دا به‌درێژی 3.2 كیلۆمه‌تر و به‌رزی 131 مه‌تر، كه به‌پێی كۆمپانیاكان ته‌مه‌نی به‌نداوه‌كه تا 80 ساڵ ده‌ڕوات.