سه‌ید خه‌لیل تازه چاوی ده‌چێته خه‌و، له‌پڕ به زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی راده‌چڵه‌كێت، چیمه‌نی برازایه‌تی؛ به ده‌نگێكی تێكه‌ڵ له ترس و گریان قسه ده‌كات؛ "مامه زووكه فریامانكهوه قه‌ساوی كریاین (كۆمهڵكوژكراین)".
ده‌ستبه‌جێ ته‌له‌فۆنه‌كه داده‌خرێته‌وه، سه‌ید خه‌لیل به‌په‌له جێگەكه‌ی به‌جێده‌هێڵێت و به‌ره‌و گوندی ئه‌وبه‌ر و ماڵی برازاكه‌ی ده‌ڕوات؛ چوار كوڕه‌كه‌شی به شوێنی‌دا ده‌ڕۆن، كه دوانیان له سه‌ربانی ماڵه‌وە پاسه‌وانی ده‌كه‌ن.
دوری نێوان ماڵی سه‌ید خه‌لیل و چیمه‌نی برازای له كیلۆمه‌تر و نیوێك كه‌متره.
"كاتێك گه‌یشتین بینیمان سه‌فای برازام و سه‌ید شه‌هابی زاوامان شه‌هیدبون؛ ته‌رمه‌كانیان لە سەرزەوی كه‌وتبوون، دوو كوڕی سه‌ید شه‌هاب (عه‌لی و محه‌مه‌د)یش برینداربون" سه‌ید خه‌لیل ئیبراهیم بۆ (كه‌ركوك ناو)، وای وت.
سه‌ید شه‌هاب و سه‌فا، هاوسه‌ر و برای چیمه‌نن.
تا ئێمه گه‌یشتین سه‌ید شه‌هاب و ژنبرایهكی شه‌هید بون و دوو كوڕی برینداربون
هێشتا ته‌قه و ئاڵۆزییه‌كه گه‌رمه، سه‌ید خه‌لیل و كوڕه‌كانی، بریندار و كوژراوه‌كان ده‌به‌نه نه‌خۆشخانه، له‌گه‌ڵ ئافره‌ت و منداڵه‌كاندا.
روداوه‌كه كاتژمێر 10:30 خوله‌كی شه‌وی 13ی حوه‌زیران بوو، له گوندی دارا له ناوچه‌ی مێخاس، به‌دوری چوار كیلۆمه‌تر له ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین.
له دوو كوڕه برینداره‌كه‌ی چیمه‌ن؛ كه له‌وكاته‌وه له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر چاره‌سه‌ریان وه‌رده‌گرت، هه‌ینی رابردوو 24ی تهمموز یه‌كێكیان (محه‌مه‌د شه‌هاب) گیانی له‌ده‌ستدا.
هێرشه چه‌كدارییه‌كه‌ی سه‌ر گوندی دارا، كه هێشتا خه‌ڵك دڵنیانین داعش بون یان گروپی چه‌كداری تر، تا دره‌نگانی ئه‌و شه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌و ناوچه فراوانه كه به مێخاس ناسراوه؛ چوار گوندی كاكه‌یی هه‌ن، له‌وانه دارا، مێخاس و مه‌لا ره‌حمان.
ماڵی سه‌ید خه‌لیل له مێخاسه، شه‌وی روداوه‌كه له‌وێوه چونه گوندی دارای هاوسێیان، كه ماڵی چیمه‌نی برازا و سه‌ید شه‌هابی لێیە.
"كاتێك ئێمه ده‌چینه نه‌خۆشخانه، یه‌كێك له كوڕه‌كانم به قه‌ناس ده‌پێكرێت، هه‌رچۆنێك بێت ده‌گاته باخه‌كانی گونده‌كه و له ماڵێكدا خۆی حه‌شار ده‌دات، تا نه‌كوژرێت" سه‌ید خه‌لیل وای وت.
كوڕه‌كه‌ی سه‌ید خه‌لیل به برینداری ده‌چێته ماڵێكی گوندی دارا، له ترسی گروپه چه‌كداره‌كان هاوكاری ناكه‌ن، به‌ڵام ئاشكراشی ناكه‌ن، هه‌رچۆنێك بێت ده‌گاته قادرمه‌ی ئه‌و خانووه تا لانیكه‌م به‌سه‌ر حه‌وشه‌كه‌دا زاڵ بێت و بتوانێت به‌رگری له خۆی بكات، كاتێك چه‌كداره‌كان ده‌یدۆزنه‌وه.
زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه خۆیان پارێزگاری له خۆیان ده‌كه‌ن و چه‌كیان پێیه.
له‌گه‌ڵ هێزی ئه‌منیدا گه‌راینه‌وه بۆ گونده‌كه و كوڕه‌كه‌ی من رزگاری بوو
ئه‌و ماڵه‌ی له خانوهكهدان، له ترس‌دا هه‌ڵدێن، كوڕه‌كه‌ی سه‌ید خه‌لیل ته‌له‌فۆنێك ده‌دۆزێته‌وه و په‌یوه‌ندی به برایه‌كیه‌وه ده‌كات، تا فریای بكه‌ون.
"دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێکی سه‌ربازی چوینه‌وه گوندهكەوە و كوڕه‌كه‌مم رزگار كرد" ئەوەش به وته‌ی سه‌ید خه‌لیل.
به‌هۆی ئه‌و روداوه‌وه، هه‌شت هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا، كه هاوسه‌ر و برا و كوڕێكی چیمه‌نی برازای سه‌ید خه‌لیلی تێدایه و پێنج كه‌سیش برینداربون.
هێرشه‌كه‌ی ئه‌و شه‌وه، به گه‌یشتنی خه‌ڵكی زیاتری چه‌كداری ناوچه‌كه و هێزه ئه‌منییه‌كان پێكدادانی توندتری لێده‌كه‌وێته‌وه.
له‌و هه‌شت كه‌سه‌ی کوژران، سێ هاوڵاتی دیكه‌ی گونده‌كه، پۆلیسێك و سه‌ربازێكی عیراقی‌دا تێدایه، برینداره‌كانیش مه‌ده‌نی و سه‌ربازی بون.
ئالان هادی، شایه‌تحاڵێكی هێرشه‌كه‌ی گوندی دارایه و ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی هاوار و گریان، خه‌ڵك به هانایانه‌وه چون، له‌وكاته‌دا، سێ كه‌سی دیكه‌ی ناوچه‌كه فیشه‌كی گروپه چه‌كداره‌كه‌یان به‌ركه‌وت و گیانیان له‌ده‌ستدا، له‌وانه دوو برا به ناوه‌كانی تاریق و غه‌سان.
ماڵی سه‌ید شه‌هاب و سه‌فای ژنبرای، به ته‌نیشتی یهكترییهوهن، ده‌وروبه‌ریان خانوو نییه و خه‌ڵكی تریان نزیك نییه.
زۆربه‌ی قوربانیانی ئه‌و روداوه به قه‌ناس پێكراون.
له دوای روداوه‌كه‌وه، ژیان تاراده‌یه‌ك له گونده‌كانی ناوچه‌ی مێخاس وه‌ستاوه، كه‌مترین جموجوڵی تێدایه، منداڵه‌كانیان نا‌وێرن زۆر بچنه ده‌ره‌وه و ژنان له به‌رده‌رگا نابینی.
چیمه‌نی برازای سه‌ید خه‌لیل، له‌دوای روداوه‌كه‌وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی، له‌وكاته‌وه به‌رێی نهخۆشخانهوهیه له هه‌ولێر، چونكه دوو كوڕه برینداره‌كه‌ی له ژێر چاره‌سه‌ردا بون، كه یه‌كێكیان هه‌ینی رابردو گیانیله‌ده‌ستدا.
ئارامی و سه‌قامگیریمان ده‌وێت چونكه ته‌واو ماندوو بوین
پیاو و گه‌نجانی گونده‌كانی مێخاس، چه‌كیان هه‌ڵگرتووه و به شه‌و و رۆژ پاسه‌وانی ده‌كه‌ن.
عه‌سكه‌ر دارا، ئه‌نجومه‌نی گوندی دارا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و روداوه خه‌ڵكی توشی ترس و تۆقاندن كردووە، شه‌وان خۆمان ده‌پارێزین".
هێزێكی موغاویری سه‌ر به سوپای عیراق، چونه‌ته گونده‌كانی ناوچه‌ی مێخاس، به‌ڵێنیانداوه له‌رێی دانانی چه‌ند سه‌نگه‌رێكه‌وه پارێزگاری له گونده كاكه‌ییه‌كان بكه‌ن.
"ئێمه ته‌نیا ئارامی و سه‌قامگیریمان ده‌وێت، چونكه به ده‌ست ئه‌م بارودۆخه‌وه ماندوبوین و ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه رێگه‌چاره‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان بۆ دابنرێت" عه‌سكه‌ر وای وت.
له مانگی ئایاری ئه‌مساڵیشدا، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی خانه‌واده‌یه‌كی گوندی مێخاس، له ئه‌نجامدا دوو هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا و ئاگر له سێ تراكتۆر و ته‌واوی ده‌غڵ و دانیان به‌ردرا.
ئەكرەم حاتەم، ئەنجومەنی گوندی مێخاس به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌و روداوه‌ی پێشتردا، برایه‌كم و خزمێكمان شه‌هید بون، ته‌نیا له مێخاس به‌هۆی روداوه تیرۆریستییهكانەوە 12 شه‌هیدمان داوه، خه‌ڵك به شه‌و بێدارن و ده‌بێت خۆیان بپارێزن".
له ناوچه‌ی مێخاس؛ زیاتر له 30 خێزان گونده كاكه‌ییه‌كانیان به‌جێهێشتووه و به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌كانه‌وه ئاواره‌بون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری ئه‌نجومه‌نه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه بۆ (كه‌ركوك ناو).
له مانگی رابردودا، دوو ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوانی ئه‌منی هێزه عیراقییه‌كان به هاوكاری هێزەکانی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه جیاوازه‌كانی خانه‌قین و دیاله به‌ڕێوه‌چون، به‌ڵام هێشتا كرده‌وه توندوتیژییه‌كان بنه‌بڕ نه‌بون.
له‌وكاته‌وه‌ی چیمه‌ن داوای له سه‌ید خه‌لیلی مامی كردووە فریایان بكه‌ون، چه‌ندین خێزانی تر روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری بونه‌ته‌وه و له‌واده‌ی خۆیدا، هیچ هێزێك به‌ده‌میانه‌وه نه‌چون.
"چەندینجار داوامان لە هێزە ئەمنییەكان كردووە بمانپارێزن، بەڵام كەس بە هانامانه‌وه نایەت، ده‌ڵێن له گوندهكانتان مه‌ڕۆن و داواشده‌كه‌ن خۆمان چه‌ك هه‌ڵبگیرین و خۆمان بپارێزین" سه‌ید خه‌لیل ئیبراهیم وای وت.