هێزە ئەمنییەکانی شاری کەرکوک دوو چەكداریان لە روبەڕوبونەوەیەكدا كوشت، كە بەنیازبون ماتۆڕسكیلێكی بۆمبڕێژكراو بتەقێننەوە، لە روداوەكەدا هاوڵاتییەك كوژراو برایەكی برینداربون. كە لە شەڕەكەدا هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانیان دەكرد.
ئەو روداوە درەنگانێكی شەوی رابردوو لە گوندی بڵاوە لە نزیک ناوچەی عەمەل شەعبی لە خۆرئاوای شاری کەركوك رویدا.
سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی لیوای 61ی تایبەت، بە (کەرکوک ناو)ی وت "بە هاوبەشی لەگەڵ دانیشتوانی گوندی بڵاوە روبەڕوی دوو تیرۆریست بوینەوە و توانیمان هەردوكیان بكوژین"، زیاتر وتی "ماتۆڕسکیلێکی (سەتوتە)ی بۆمبڕێژکراو و پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراویشمان پوچەڵكردەوە كە بەنیازبون كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن".
ماتۆڕسکیلێکی (سەتوتە)ی بۆمبڕێژکراو و پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراویشمان پوچەڵكردەوە كە بەنیازبون كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن
هەر لەو روبەڕوبونەوەیەدا هاوڵاتییەكی خەڵكی گوندەكە كوژرا و برایەكیشی برینداربوو.
کەریم عزی، لێپرسراوی راگەیاندنی هێزی ئیمامین لە لیوای 16ی حەشدی شەعبی، وتی "ئەو دوو كەسە بە نیازی كاری تیرۆریستی بون، یەكێكیان ناوی هانی رەحمان حەمەدە و ئەوەی دیکەش نەناسراوەتەوە".