دوای گیانلەدەستدانی ژنێكی 29 ساڵ بە "هەڵەی پزیشكی"
داوای سوڵحی عەشایەری لە كەسوكاری مردویەك دەكرێت

ئیسرا (29ساڵ)، دوای دوو نەشتەرگەری گیانیلەدەستدا، كەسوكارەكەی سكاڵای یاساییان هەیە و پزیشكێكیش هەوڵدەدات بە عەشایەری چارەسەرێك بدۆزنەوە

گۆران بابان

نیوەڕۆیەكی گەرمی حوزەیرانی ئەمساڵ قەدەغەی هاتوچۆ لەشاردا سەپێنراوە و ئیسرا بەدەم هاواری ئازاری سكییەوە خۆی دەگەیەنێتە ماڵی دایكی، "دایكە فریام بكەوە، ئازارێك لە سكمایە و ئۆقرەم لێبڕاوە". ئەو وشانە تەواو ناکات، ئیسرا بەدەمدا دەکەوێت بەزەویدا.

تارقی برای ئیسرا و هاوژینەكەی تارق، بەپەلە ئیسرا بەرەو نەخۆشخانەیەكی ئەهلی دەبەن، بەڵام بەهۆی نەبونی بەشی فریاكەوتن، ناچار ئیسرا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، ئەوەش بەپێی گێرانەوەی کەریمەی دایکی ئیسرا بۆ (كەركوك ناو).

"پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری، بەناوی مازن عەبدولئیلاه، بەپشتبەستن بەتەنیا ئەنجامی پشكنینێك، راستەوخۆ ئیسرای بردە ژوری نەشتەرگەریی و وتی ریخەڵۆكوێرەیەتی"، کەریمە محەمەد، (58ساڵ) وایوت، لێرەوە چیرۆكی ئازاری ئیسرا كە بە مردن كۆتایی دێت دەستپێدەكات.

ئەو نەشتەرگەرییە لە 19ی حوزەیرانی ئەمساڵ كرا، دۆخی تەندروستی ئیسرا لەو رۆژەوە تا دەهات خراپتر و ئازاری زیاتر دەبوو.

"رۆژی واهەبوو لەتاو ئازار ئەوەندەی مابوو بچێت بە ئاسماندا و بکەوێت بەزەویدا"، بەوتەی كەریمە.

رۆژی واهەبوو لەتاو ئازار ئەوەندەی مابوو بچێت بە ئاسماندا و بکەوێت بەزەویدا

دوای چەند رۆژێك كەسوكاری ئیسرا، دکتۆر مازن ئاگاداردەكەنەوە لە خراپی تەندروستی كچەكەیان، بەڵام كەریمە دەڵێت "وتویەتی بیهێننە عیادەی تایبەتی خۆیی و ئامادەنەبوو لە نەخۆشخانە بیبێنێت".

tandrusti-1
وێنە: کلیر تۆماس / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عيراق / 2018

كەسوكاری ئیسرا جەختدەكەنەوە لەوەی، كچەكەیان پێشتر هیچ كێشەیەكی تەندروستی و نەخۆشییەكی درێژخایەنی نەبووە.

دواتر، ئیسرا دەبەنە نەخۆشخانەی ئازادی و لەوێدا پزیشكێكی دیكە پێیوتون، بە"هەڵە نەشتەرگەری بۆ كراوە و ریخەڵۆكە كوێری نەبووە".

"ئێمەش لەوێدا زانیمان کە نەشتەرگەرییەکەی دکتۆر مازن هەڵە بووە و کچەکەمانی توشی کارەسات کردووە... دڵمان ئاوی نەخواردەوە، بردمانە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، لەوێدا نەشتەرگەری دووەممان بۆ کرد، بەڵام بەداخەوە پزیشکەکان وتیان لە چرکەی کۆتاییدا هێناوتانە ئێرە و دۆخی خراپە"، كەریمە وایوت.

کچەکەمانی توشی کارەسات کردووە

دواجار دوانیوەڕۆی 11ی ئابی ئەمساڵ، ئیسرا رەشید (29ساڵ) گیانیلەدەستدا.

(كەركوك ناو)، نەیتوانی ئەنجامی پشكنینەكانی ئیسرا وەربگرێت، بەهۆی ئەوەی تەندروستی ئەنجامەكانی بە كەسوكاری ئیسرا نەداوە.

كەریمە وتی "ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە ئەوەیە چەندینجار داوامان لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک و ئازادی کردووە راپۆرتە پزیشكییەكانمان پێبدەن، بەڵام رادەستمان ناكەن".

تەغرید لەتیف (25ساڵ)، براژنی ئیسرا و هەروەها هاوەڵی بوو لە نەخۆشخانە، وتی "دوای نەشتەرگەری یەكەم، ئیسرا توشی سكچون و رشانەوە بوو، پاش نەشتەرگەری دووەم دكتۆرەكان وتیان توشی گەرگەری بووە لە ریخۆڵەیدا".

"وردە وردە هەردوو گورچیلەی وەستا، دواتر جگەری لەکارکەوت، پاشان مێشکیشی لەدەستدا، نەشتەرگەری دووەم نەبووە فریادڕەس و گیانیسپارد"، تەغرید وایوت.

هەروەها رەشید عەبدوڵا، باوکی ئیسرا، وتی "دكتۆر مازن، لە نەشتەرگەرییەکەدا دەمارێکی مەعیدەشی دابوو، ئەو پزیشکەی یەکەم پاش نەشتەرگەرییەکە هیچ رێکارێکی تەندروستی دیکەی لەئاست کچەکەمان نەگرتەبەر، هەر بەهۆی ئەو كەمتەرخەمیی و هەڵەیەوە سكاڵای یاساییمان لەدژی تۆماركرد".

دكتۆر مازن، لە نەشتەرگەرییەکەدا دەمارێکی مەعیدەشی دابوو

سامان یابە، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، بۆ (كەركوك ناو)، وتی كە بابەتەکە نوێیە و زانیاری تەواویان لەبەر دەستدا نییە بۆیە ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

تەنیا وتی "ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەكەین كە لەسەر ئەو کەیسە پێکهینراوە و لەسەر بنەمای سکاڵای خانەوادەی قوربانییەکە لیژنەکە کارەکانی دەستپێدەکات".

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بۆ كەسوكاری ئیسرا، هەوڵی كەسوكاری پزیشكەكەیە بۆ ئەوەی لەڕێی عەشایەرییەوە رێكبكەون، وەك ویسام یونس هاوژینی ئیسرا وایوت.

ئەو سەربازی سوپای عیراقەوە ئەوكاتەی هاوژینەكەی گیانیسپارد لە رومادییەوە گەڕایەوە كەركوك، وتی "لەلایەن کەسوکار و کەسی نزیک و سکرتێری دکتۆر مازنەوە تەلەفونمان بۆ دەکرێت و داوای سوڵحی عەشایەریمان لێدەكەن".

"ئێمە دەمانەوێت لەڕێی یاساوە مافی ئیسرا وەربگرینەوە... ئەگەر بزانم لێرەش چاوپۆشی لە كەیسەكەمان دەكرێت، ئەوا کەیسەکەمان دەبەینە لای كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق"، ویسام یونس وایوت.

دوای دوو رۆژ لە روداوەكە، ئیدارەی نەخۆشخانەی ئازادی، جەختیكردەوە لەوەی تەواوی پەڕاو و پشکنینەكانی ئیسرا پارێزراوە و هەرکاتێک دەزگا حکومییەکان داوای بكەن رادەستیان دەكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT