راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بچێتە بەردەم دادگا لەسەر دۆسییەی "گەندەڵی" لە دروستكردنی 25 خوێندنگەدا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە دیوانی پارێزگا كە جەختیكردەوە "وروژاندنی ئەو پرسە بۆ لەكەداركردنی پارێزگارە و لایەنێكی سیاسی هەستاوە بە جوڵاندنی".
لە 15ی ئەیلولی رابردوو دەستەی نەزاهەی عیراق گەشتی دەرەوەی لە هەریەكە لە راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوو و 23ی فەرمانبەری تر دەركرد، ئەوەش بە تۆمەتی "گەندەڵی" لە پڕۆژەیەكی 57 ملیار دیناریدا، هاوكات بۆ بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتی دادگا كران.
سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی لە دیوانی پارێزگای کەرکوکدا هەیە و نزیكە لە راكان جبوری، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر ئەو پرسە بەمنزیکانە راکان جبوری، دەچێتە بەردەم دادگا و وتەو بەڵگەکانی خۆی لەوبارەیەوە پێشکەش دەکات".
"وروژاندنی ئەم پرسە لەمکاتەدا بۆ لەکەدارکردنی راکان جبورییە و مەبەست لێی لێدانە لەکەسێتی ئەو، چونکە ئەو کەیسە لەڕاستیدا هیچ پەیوەست نییە بە ناوبراو، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012"، سەرچاوەكە زیاتر وتی "بەپێی زانیارییەکانمان لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە بەمەبەست ئەم كەیسە جوڵێنراوە، هەروەک چۆن پێشتر کەیسی بەهەدەردانی بڕی دوو ملیار دینار بۆ مەسروفات و خواردەمەنی نوسینگەی ناوبراو جوڵێنراو و دواتر جبوری لەبەردەم دادگا بەڵگەکانی لەو بارەیەوە خستەڕوو".
لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە بەمەبەست ئەم كەیسە جوڵێنراوە
لە كۆتاییەكانی مانگی ئابدا، دەستەی نەزاهە دەستیگرت بەسەر ژمارەیەك بەڵگەنامە و نوسراوی تایبەت بە دروستكردنی خوێندنگەكان لەناو كۆمپانیای جێبەجێكار.
بەپێی بەڵگەنامەكان وەك دەستەكە ئاماژەی پێداوە، كۆمپانیای جێبەجێكار دەستكاری دیزاینی سەرەكی پڕۆژەكەی كردووە، هەروەها ژمارەی خوێندنگەكانی لە 25 خوێندنگەوە بۆ 18 خوێندنگە كەمكردۆتەوە.
لەپاڵئەوەشدا كۆمپانیاكە گۆڕانكاریی لە دیزاین و روبەڕی خوێندنگەكانیشدا كردووە، بەبێ رەزامەندی وەزارەتی پلاندانان، ئەوەش پێچەوانەی ئەو بەندانەیە كە لە گرێبەستی دروستكردنی خوێندنگەكاندا هاتووە.
بەڵام سەرچاوەكەی دیوانی پارێزگار وتی "جبوری بە بەڵگەوە دەچێتە بەردەم دادگا و بەڵگەکانی دەخاتە روو و دڵنیایە لەوەی تۆتەمەتەکەی لەسەر لادەبرێت و هەڵدەوشێنرێتەوە".
"ئەو بەڵێندەر و لایەنەی کەمتەرخەم بووە لەپرسی تەواونەکردنی قوتابخانەکان، سەر بەهەمان ئەو لایەنەیە کە ئەم کەیسەی جوڵاندووە"، بەوتەی سەرچاوەكە.