بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان لە كەركوك، 92 سواڵكەری دەستبەسەركرد، ئەوەش بە بڕیاری دادوەر.
ئەو هەڵمەتە هەینی كاتژمێر 10 لەناو شاری كەركوك دەستیپێكرد و تا كاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بەردەوامبوو، ئەوەش بەپێی وتەی عەمید قەیس عامر، بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان بۆ (كەركوك ناو).
ئەو جەختیشیكردەوە "هەڵمەتەكەمان لەسەر راسپاردەی لیوا عەلی کەمال، فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بەڕێوەچوو، ئەوە یەكەمین جارە لە ئەمساڵدا هەڵمەتی دەستگیركردنی سواڵكەرەكان ئەنجامبدەین".
لەو هەڵمەتەدا كە بڕیاری دادوەریان پێبووە، 92 سواڵكەر دەستگیركراون و هەمویان خەڵکی دەرەوەی شاری کەرکوکن، بەشێكی زۆریان ئاوارەی سوریان.
سواڵكەرەكان بەسەر بنكەكانی پۆلیسدا دابەشكراون، تاوەكو رەوانەی زیندانی گرتن و گواستنەوە دەكرێن.
سواڵكەرەكان لە ژن، پیاو و منداڵ پێكهاتون و بەپێی وتەی بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان ئامانج لە هەڵمەتەكە جوانكردنی سیمای شارەكەیە.