ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی دایك نه‌بوایه؛ ده‌مێك بوو مه‌ریوان عیراقی به‌ره و وڵاتێكی ئه‌وروپی به‌جێهێشتبوو، چونكه له گونده‌كه‌یدا هیچ ئاینده‌یه‌ك بۆ گه‌نجانی وەک خۆی نابینێت.
ئه‌وه‌نده تاڵاوی بێكاری و مانه‌وه له ماڵه‌وه‌ی چه‌شت، جارێکی تر بیرۆكه‌ی كۆچ لای مه‌ریوان حه‌مه غه‌ریب، له‌گه‌ڵ بڵابونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه.
"له گونده‌وه به‌هۆی بێكارییه‌وه رومانكرده شار، له‌وێش كۆرۆنا به یه‌كجاری هیچی نه‌هێشت؛ بۆیه به‌رده‌وام بیر له كۆچکردن بۆ هه‌نده‌ران ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام خۆشه‌ویستی دایکم تائێستا رێگربووه" مه‌ریوان وای وت.
ئه‌و گه‌نجه خه‌ڵكی گوندی عه‌لی سه‌رای كاكه‌ییه له قه‌زای داقوق.
هیچ ئیش و كارێك نییه خۆمانی پێوه سه‌رقاڵ بكه‌ین
"هیچ ئیش و كارێك نییه خۆمانی پێوه سه‌رقاڵ بكه‌ین، له ماڵه‌وه خۆمان كه‌ره‌نتینه كردووه و ماڵمان لێ بۆته زیندان".
ئه‌و گله‌یی له به‌ختی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت "ئێمه‌ی كاكه‌یی نه‌ك ته‌نیا له كاتی كۆرۆنادا، به‌ڵكو پێشتریش هه‌ر ژیانێكی ناخۆشمان هه‌بووه"، نمونه‌ی هێرشه‌كانی داعش و ناسه‌قامگیری باری ئه‌منی ده‌هێنێته‌وه، كه به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر به ناچاری ئاواره‌بون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مه‌ریوان و گه‌نجانی دیكه‌ی كاكه‌یی، پابه‌ندی رێكار و رێنماییه‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا بون، تا ئه‌و ڤایرۆسه زه‌فه‌ر به ئازیزانیان نه‌بات.
مەریوان پێشنیاز ده‌كات حكومه‌ت به‌رنامه‌ی بۆ ئاوه‌دانی و هاوكاری گونده‌كان هه‌بێت، بۆ نمونه قه‌رزیان پێبدات بۆ پرۆژه‌ی بچوك، هاندانی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری له‌رێی هاوكاری خه‌ڵكه‌وه.
"كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی وه‌رزشی و كتێبخانه و زۆر شوێنی دیكه هه‌یه بۆ گه‌نجانی كاكه‌یی بكرێت" مه‌ریوان حه‌مه‌غه‌ریب داواده‌كات لانیكه‌م ناوه‌ندێكی رۆشنبیری كاكه‌یی بكرێته‌وه و گه‌نجان زیاتر به سروته ئاینییه‌كانیان ئاشنابكرێن.
رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا؛ له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و به ناچاری مانه‌وه له ماڵه‌وه، بۆ گه‌نجانی گوند و ناوچه دوره‌ده‌سته‌كان به‌راورد به شار ئه‌سته‌متر بووە، به‌وپێیه‌ی هێشتا ئه‌و ناوچانه گیرۆده‌ی خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و هێڵی ئینته‌رنێتن.
"خۆڕاگریی ئێمه‌ش تا ماوه‌یه‌کە، هه‌ندێكجار بێزار ده‌بین له ماڵه‌وه، به‌ڵام له‌وه‌شدا هه‌ر بێ به‌ختین، چونكه هیچ شوێنێك نییه روی تێبكه‌ین و ناچار گه‌نجه‌كان له به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی مندا كۆده‌بونه‌وه و ده‌مه‌ته‌قێ ده‌كەن" هه‌یسه‌م یوسف محه‌مه‌د (23 ساڵ) وای وت.
هه‌یسه‌م له گوندی زهنقری كاكه‌یی دوكانێكی بچوكی هه‌یه و ماوه‌یه‌ك به‌هۆی كۆرۆناوه ده‌رگاكه‌ی داخست و بێكار بوو.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێستا هیچ ئیش و كارێك نەماوە بە هۆی كۆرۆناوە، تەنانەت ناتوانین بڕۆین بۆ ناو داقوقیش تا بە دوای كاردا بگەڕێین".
خۆڕاگریی ئێمه‌ش تا ماوه‌یه‌کە
جگه له سستی بازاڕ به‌هۆی كۆرۆناوه؛ عیراق له قه‌یرانی داراییشدایه، كاسبی كه‌مبۆته‌وه و خه‌ڵك ناتوانن وه‌ك ساڵانی پێشتر داهاتی پێویست دابین بكەن.
سه‌رمه‌د ره‌شید (29 ساڵ)، له گوندی تۆپزاوه‌ی كاكه‌یی نیشته‌جێیه و مامۆستای خوێندنگه‌ی گونده‌كه‌یه، له‌پاڵ پیشه‌كه‌یدا، دوكانێكی سه‌رتاشی داناوه، چونكه موچه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و ساڵانێكه به لێبڕین و پاشه‌كه‌وته‌وه دوو مانگ جارێك وه‌ریده‌گرێت.
"چوار ساڵه دوكانم داناوه، هه‌م بۆ بژێوی و هه‌م بۆ كاتبه‌سه‌ربردن".
سه‌رمه‌د به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئیشوكارمان له‌ناو ئاواییه‌كه‌دا خۆی كزه و وه‌ك شار نییه، به‌هۆی كۆرۆناوه ئه‌وه‌نده‌ی تر بازاڕمان نه‌ماوە، ئێستا په‌یداكردنی بژێوی زۆر ئه‌سته‌م بووه".
خوێندن له خوێندنگه و ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كانی تردا به‌هۆی كۆرۆناوه ده‌ستیپێنه‌كردۆته‌وه و بڕیاره به ئۆنلاین زۆربه‌ی قۆناغه‌كان درێژ به خوێندنی ساڵی نوێ بده‌ن.
"خه‌ڵكێك هه‌یه پاره‌ی ئه‌وه‌ی پێ نییه قژی چاك بكات، بێكاری زۆر بووه، رۆژانه گه‌نج و خه‌ڵكانی به ته‌مه‌نیش له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی مندا داده‌نیشن تا دره‌نگانێك ده‌مه‌ته‌قێ ده‌كه‌ن" به‌وته‌ی سه‌رمه‌د ره‌شید.
به هه‌ر سێ گوندی عه‌لی سه‌رای، زه‌نقر و تۆپزاوه‌ی كاكه‌یی زیاتر له 70 گه‌نجی تێدایه.
گه‌نجانی گونده كاكه‌ییه‌كانی داقوق به‌شێكیان به كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌وه سه‌رقاڵن كه ئه‌وه‌ش له‌كاتی كۆرۆنادا به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزیه‌وه روبه‌ڕوی كێشه‌ی زۆر بۆوه.
ئه‌یاد كه‌ریم، گه‌نجێكی دانیشتوی گوندی زهنقری كاكه‌ییه و ده‌ڵێت خه‌ڵك گوند، به تایبه‌ت گه‌نجه‌كانیان زۆر بێزارن، نازانن به‌چییه‌وه سه‌رقاڵ بن، "پێشتر هه‌ر كاروكاسبی لاواز بوو ئێستا هه‌ر به یه‌كجاری نه‌ماوه".
خه‌ڵكێك هه‌یه پاره‌ی ئه‌وه‌ی پێ نییه قژی چاك بكات
له ساڵانی رابردودا ژماره‌یه‌ك زۆر له گه‌نجان ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بوایه كۆچیان ده‌كرد یان له ریزی هێزه ئه‌منییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بون به چه‌كدار.
ئێستا هه‌م ئه‌و ده‌رفه‌ته كه‌مبۆته‌وه و هه‌میش ناتوانن له‌گه‌ڵ بێكاری و خراپی گوزه‌رانی گونددا هه‌ڵبكه‌ن.
ته‌نیا به‌رهه‌می گه‌نجه‌كان به‌هۆی بێكارییه‌وه بۆته دانیشتن له به‌رده‌م دوكانه بچوكه‌كاندا گوند؛ كهمینهیهكیش ورده‌ورده و له‌گه‌ڵ خاوبونه‌وه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا؛ ده‌چنه‌وه به‌لای كشتوكاڵ و به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ، ئه‌یاد كه‌ریم كاكه‌یی واده‌ڵێت.