هێزێكی ئەمنی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چونەتە سەر بارەگای سەرەکی کەناڵی ئێن ئاڕتی لە شاری سلێمانی و پەخشی کەناڵەکەیان راگرتووە، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاساوی "ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانە".
راگرتنی پەخشی ئەو كەناڵە، كاتژمێر 2:20 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 7ی كانونی یەكەم بوو، كە هاوكات بوو لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێكە كەناڵەكە راستەوخۆ ناڕەزاییەكانی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەگوازێتەوە.
كەناڵی ئێن ئاڕتی لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی بڵاویكردەوە كە "ھێزەکە قفڵیان لە کەناڵەکەداوە و ھێزیان لە بەردەم کەناڵەکەدا جێگیرکردووە، هەروەها بەشێک لە کەلوپەلەکانیان بردووە و بەشێکی دیکەشیان شکاندووە".
ھێزەکە قفڵیان لە کەناڵەکەداوە و ھێزیان لە بەردەم کەناڵەکەدا جێگیرکردووە
لەكاتی چونی هێزە ئەمنییەكە بۆ سەر كەناڵەكە، تەنیا یەك كارمەندی لێ بووە، بەپێی كەناڵی ئێن ئاڕتی "لەلایەن ھێزە ئەمنییەکەوە ئازاردراوە و دواتر رەوانەی ماڵەوە كراوە".
وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی ئەو هەنگاوەوە، جەختیكردۆتەوە "لەبەر پابەندنەبونی کەناڵی ئێن ئاڕتی بە رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، بەتایبەتی ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانەی لەمکاتەدا، کە دوورە لەیاسا و لۆژیک و ناوبردنی ھێزە ئەمنییەکان بە میلیشیا... دوای چەندین جار ئاگادارکراوەتەوە لە بێباکیان لەچەند بارەبونەوەی سەرپێچییەکان، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی کەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ ماوەی یەک ھەفتە".
وەزارەت ئەو هەنگاوەی بە پشتبەستن بە ماددەی سێیەم/بڕگەی سێیەم لە رێنمایی رێکخستنی فریکوینسی سپەیس لەھەرێمی کوردستان (مۆڵەتی كاری تەلەفزیۆن و رادیۆ) ناوە، لەو بڕگەیەدا هاتووە "پێویستە میدیا بینراو و بیستراوەکان زیان نەگەیاندن بە نەریت و بەرژەوەندى گشتى لەچوارچێوەى یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستاندا، لەگەڵ دوركەوتنەوە لە لەتێکدانى ئاشتەوانى کۆمەڵایەتى و خێزان".
هەر لەو بڕگەیەدا هاتووە "پەخشنەکردنى ئەو بەرنامە و بڕگانەى کە هانى جیاکارى رەگەزیى و توندڕەویی و دەمارگیریی دەدەن لەهەموو بوارەکانى ژیاندا (ئاینى و تایفەگەرى و نەتەوەیی و ناوچەگەریی"، هەروەها دورکەوتنەوە لە بەرپاکردنى قەیرانى ئابوریى و شڵەژاندنى بازاڕە ناوخۆییەکان.
لە بەشێكی تردا هاتووە "پەنانەبردنەبەر تەشهیرکردن و جنێودان و بێزار (تحقیر)کردنى کەسان، یاخود لایەنە مەعنەوییەکان" و چەند رێنماییەكی تر.
لە نوسراوەكەی وەزارەتی رۆشنبیریدا تەنیا ئاماژە بە راگرتنی پەخشی ئێن ئاڕتی یەك كراوە، بەڵام پەخشی تەواوی كەناڵەكانی تری دامەزراوەی میدیایی نالیا راگیراون، لەوانە ئێن ئاڕتی دوو، كە كەناڵێكی كۆمەڵایەتییە، ئێن ئاڕتی سێ كە تایبەتە بە منداڵان و ئێن ئاڕتی چوار كە كەناڵێكی ئایینیە.
وەزارەتی رۆشنیبری داوا دەكات، لەبری پەخشی ئاسایی "پێویستە بۆ ماوەی یەک ھەفتە، ئێن ئاڕتی بەچاپکراوی لەسەر سکرینی تەلەفزیۆنەکەیاندا ھەواڵی راگراتنی پەخشی ئاساییان وەکو خۆی بە پیتی گەورە و سپی لەسەر سکرینی رەشدا بڵاوبکەنەوە".
كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، كارمەندانی كەناڵەكە و ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان، لەبەردەم ئێن ئاڕتی كۆبونەوە و كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد، تیایدا داویانكرد بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندندا بكەن.
بەپێی ئەو یاسایە كە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2007 پەسەندی كردووە، هیچ بڕگەیەكی تیا نییە تایبەت بێت بە راگرتنی پەخشی كەناڵەكانی راگەیاندن.
رێبوار عەبدولڕەحمان، لێپرسراوی ژوری هەواڵی ئێن ئاڕتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "پێمانوایە ئەوە بڕیارێكی سیاسییە و بەسەر وەزارەتی رۆشنبیریدا سەپێنراوە، ئەگینا بۆچی لەپاڵ ئێن ئاڕتی یەكدا، پەخشی سێ كەناڵەكەی ترمان راگیراون و تەنانەت رێگە بە كارمەندەكان نادرێت بچنە ناو بیناكەوە".
پێمانوایە ئەوە بڕیارێكی سیاسییە و بەسەر وەزارەتی رۆشنبیریدا سەپێنراوە، ئەگینا بۆچی لەپاڵ ئێن ئاڕتی یەكدا، پەخشی سێ كەناڵەكەی ترمان راگیراون
كەناڵی ئێن ئاڕتی، سەر بە گروپی كۆمپانیاكانی نالیایە، كە شاسوار عەبدولواحێد، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەندارێتی دەكات.
نەوەی نوێ لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی داخستنی كەناڵەكەیانەوە جەختدەكاتەوە لەوەی "ئەم ھەنگاوانە نە دەنگی ئازادیخوازان کپ دەکات، نە شەپۆلی توڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک کەم دەکاتەوە، بەڵکو دەنگی ئازادیخوازان زیاتر یەک دەخات بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم ستەم و زوڵمەی لەسەر ھاوڵاتییان ھەیە".