بەڕێوەبەری وێستگەی دابەشكردنی كارەبای پردێ سڕ دەكرێت، دوابەدوای خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاوڵاتیان بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی و كەمكردنەوەی نرخی ئەمپێرەكانی مۆلیدەی ئەهلی.
شەوی سێشەممە 3ی ئابی 2021 دەیان هاوڵاتی لە ناوەندی ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری – باكوری كەركوك) خۆپیشاندانیان دژی خراپی كارەبای نیشتمانی و زۆری نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەنجامدا.
"لەگەڵ پۆلیس و حەشد و نوێنەری فەرمانگەی كارەبا ئامادەی خۆپیشاندانەكە بوین، گوێمان لە داواكارییەكان گرت، دوای ئەوە بەڕێوەبەری گشتی دابەشكردنی كارەبای پارێزگای كەركوك پەیوەندی پێوەكردین و بڕیاریدا بە سڕكردنی بەڕێوەبەری وێستگەكانی دابەشكردنی كارەبای پردێ" بەوتەی عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ بۆ (كەركوك ناو).
هەروەها وتی ئێستا ئەندازیارێك راسپێردراوە بۆ راییكردنی كارەبای هەردوو وێستگەكەی پردێ تا بەڕێوەبەری نوێ دادەنرێت.
كەركوك/ 3ی ئابی 2021/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك هاوڵاتی لە ناوەندی ناحیەی پردێ دژی خراپی كارەبا
خۆپیشاندانەكە یەكەمجار نییە و پێشتریش داوای باشكردنی بارودۆخی كارەبایان كردووە بەڵام وەك خۆپیشاندەران دەڵێن لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی داواكارییەكانیان نەداونەتەوە.
عەلی عەدنان، یەكێك بوو لە خۆپیشاندەران و دەڵێت لە شەو و رۆژێكدا پێدانی كارەبا لە 12 كاتژمێر تێناپەڕێت، لەكاتێكدا پلەكانی گەرما بەرزن و خەڵك پێویستی بە كارەبا هەیە بۆ فێنككردنەوە و كارپێكردنی ئامێرە كارەباییەكان.
"لە ناحیەكە دوو وێستگەی دابەشكردنی كارەبا هەن، بۆیە ناكرێت پێدانی كارەبا بە ناحیەكە لە قەزا و ناحیەكانی تری كەركوك كەمتربێت" عەدنان بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
گردبونەوەكە لە كاتێكدا سەرباری كەمی كارەبای نیشتمانی نرخی هەر ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە بە 15 هەزار دینار دیاریكراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ دانبەوەدەنێت كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا كەمن و جەختیكردەوە، چەندینجار داوای چارەسەری قەیرانی كارەبای ناحیەكەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە.
خراپی بارودۆخی كارەبا لە كاتێكدایە پلەكانی گەرمای پارێزگای كەركوك لە نێوان 45 تا 50 پلەی سیلیزیدایە.