گەرما كتێبخانەی كاكەییەكان دادەخات

كه‌ركوك، تەمموزی 2021، كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق. فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

محەمەد ئەلماس

كتێبخانەی عەلی سەرای لە كۆمەڵگەی رزگاری لە داقوق بەكاتی داخرا، ئەوەش بە بڕیاری دامەزرێنەر و سەرپەرشتیارانی و بەهۆی نەبونی ئامێری فێنككەرەوە، كە لەكاتێكدا بوو پلەكانی گەرما لە مانگی تەمموزدا گەیشتە 50 پلەی سیلیزی.

کتێبخانەكە لە ساڵی 2003 لە كۆمەڵگەی رزگاری كاكەیینشین كراوەتەوە و تاكە كتێبخانەی ئەو پێكهاتەیەیە لە ناوچەكە كە زیاتر لە سێ هەزار ناونیشانی كتێبی تیایە.

رەجەب عاسى، دامەزرێنەرى کتێبخانەکە بە (کەرکوک ناو)ی وت "كەرەستەی پێویستی تیا نەبوو لەوانە ئامێری فێنككەرەوە... دۆخی دارایشمان باش نییە تا بتوانین پێداویستییەكانی بكڕین، بۆیە جارێ بەكاتی دامانخستووە".

بێباک عەلى، كە بەشێوەی خۆبەخش سەرپەرشتی كتێبخانەكە دەكات، وتی "بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لەم وەرزەدا هۆكاری سەرەكی داخستنی كتێبخانەكە بوو، چونكە ئامێری فێنككەرەوەی تیا نییە و ناتوانین لەناو كتێبخانەكە بمێنینەوە... جگە لە کتێب و چەند کورسییەکى شکاو هیچی تری تیا نییە".

داخستنی كتێبخانەكە لە كۆتایی تەمموزی ئەمساڵ، هاوكات بوو لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لە نێوان 45 بۆ 50 پلەی سیلیزی لە قەزای داقوق.

ktebxana
كه‌ركوك، تەمموزی 2021، كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق دوای داخستنی. فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

لەنیا محەمەد، دەرچوى کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى کەرکوک و دانیشتوى کۆمەڵگەى رزگارى، وتی "داخستنى خەمبارى کردین... سودێکى زۆرباشم لە کتێبەکانى وەرگرتووە بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەکەم، هیوادارم لایەنێك یان رێكخراوەكان بتوانن هاوكاریی بكەن بۆ ئەوەی بەزوویی بكرێتەوە، چونكە تاكە كتێبخانەیە لەم كۆمەڵگەیە و گوندەكانی دەوروبەری".

ئەو كتێخانەیە جگە لە خەڵكی كۆمەڵگەی رزگاری، لانیكەم خوێنەرانی 20 گوندی ناوچەكەش كە زۆرینەیان كاكەیین لێی سودمەند بون و هەندێك كات چالاكیی هونەریی و رۆشنیبریشیان دەكرد.

حەیدەر ئەرکان، ژێنەرى ئامێرى عودە لە كۆمەڵگەی رزگاری، وتی "کتێبخانەکە کەشێکى ئارامى هەبوو، من لەوێ راهێنانم لەسەر ئامێرە موزیكەكان دەكرد و چالاكی هونەریی و جۆراوجۆریشمان رێكدەخست".

ali-sara
كه‌ركوك، 2020، كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق كه‌ له‌ ساڵی 2003ـه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

کتێبخانەكە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2003 لەلایەن رەجەب عاسی، چالاكوانی پێكهاتەی ئایینی كاكەیی  لە گوندی عەلی سەرای دامەزرا، بەڵام لە دوای هێرشی داعش بۆ چەند ناوچەیەكی كەركوك لە حوزەیرانی 2014، بۆ كۆمەڵگەی رزگاری گوازرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT