كاتی دابەشكردنی دەستكەوتی شەڕە؛ لە نێویاندا كچانی رفێنراوی ئێزیدی قەزای شنگال، ئەمیرێكی (دەوڵەتی ئیسلامی - داعش) چاوی دەچێتە سەر جیلان. جیلان ماندوی هەڵاتن و زیندانییە. دوو هەفتە زیاترە ئاو بەر دەموچاوی نەكەوتووە؛ قژی ئاڵۆزكاو و جلوبەرگی بەری تەواو چڵكن بون، بەڵام بەو بارودۆخەشەوە لە تەماعی چەكدارانی داعش رزگاری نەبووە.
جیلان و خوشكەكانی لەگەڵ ژمارەیەك كچی دیكەی ئێزیدی، دوای رفاندنیان لە شنگالەوە، لەناو قوتابخانەیەکی ناوەندی قەزای بەعاج (باشوری خۆرئاوای شنگال) كۆدەكرێنەوە و هەر لەوێش بەسەر چەكدارەكاندا دابەشدەكرێن.
جیلان بەفشاری هێز و زۆرداری دەنێرێتە حەمامێكی ناو قوتابخانەکە، لەوێ دەرگای لەسەر دادەخرێت؛ دوای تێپەڕبونی نزیكەی 15 خولەك یەكێك لە چەكدارەكانی داعش دەڕوات لە هەواڵی جیلان بپرسێت تا بزانێت كەی بۆ ئەمیرەكەی ئامادەدەبێت، لەپڕ دەبێتە دەنگەدەنگ.
حەمامەكە یان ئەو شوێنەی جیلان دەبوو خۆی تیا بشوات، دەرگاكەی دەچێتە سەر ئەو شوێنەی كچەكانی دیكەی تیادا دەستبەسەرن، بۆیە خوشكەكانی زۆربەی دیمەنەكانی ئەو رۆژەیان بینیووە و ئێستا وەك شایەتحاڵ یەكێكیان وردەكارییەكەی بۆ (كەركوك ناو) دەگێڕێتەوە.
"ئەمیرەكە چاوەڕێبوو جیلان خۆشتنەكەی تەواو بكات، بەڵام چاوەڕوانییەكەیان درێژەی كێشا و دواتر بینییان جیلان كۆتایی بە ژیانی هێناوە، لە ناو حەمامەكەدا بە گوێزان دەماری دەستی بڕیووە" غالیا، خوشكی جیلان بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
جیلان لەوێ بەهۆی خوێنبەربونی زۆرەوە و بەرلەوەی چەكدارەكانی داعش بە بڕینی دەمارەكانی دەستی بزانن گیانلەدەستدەدات، خوشكەكەی دەڵێت گوێیان لە هاوار و گریانیشی نەبووە هەرچەندە ژوری ئەوان و حەمامەكە زۆر لە یەكتری دوور نەبووە.
"جیلان وتی بشمرم رێگەنادەم یەك كەس دەستدرێژی بكاتە سەرم.. ئێمە دوای خۆكوشتنەكەی چوینە حەمامەكە و بینیمان خوێنی زۆری لێ بوو، یەكسەر گیانی لەدەستدابوو" غالیا ئەوكات كە تەمەنی 15 ساڵ بووە بەچاوی خۆی تەرمی خوشكەكەی بینیووە.
جیلان وتی بشمرم رێگەنادەم یەك كەس دەستدرێژی بكاتە سەرم
20ی ئابی 2014، دەبێتە دوارۆژی جیلان بەرجەس-ی تەمەن 19 ساڵان، بەڵام ئەو كۆتاییە دەبێتە سەرەتای چیرۆكێكی تراژیدی كە ئێستا لەناو ئێزیدییەكاندا بە شانازییەوە باسدەكرێت و بۆتە هەوێنی دروستكردنی چەندین شانۆیی و كورتە فیلم.
سەرەتای روداوەكەوە دەگەڕێتەوە بۆ 3ی ئابی ئەو ساڵە؛ كاتێك چەكدارانی داعش لە چاوتروكانێكدا گەیشتنە ناوەندی شنگال و دەستیان بەسەر شارەكەدا گرت، بەهۆیەوە هەزاران خێزانی ئێزیدی كەوتنە بارودۆخێكی پڕ لە مەترسییەوە، ئەوەی توانی هەڵات، ئەوەی مایەوە یان نەیتوانی هەڵبێت کرانە کۆیلەی داعش.
ماڵی جیلان خانەوادەیەكی گەورەی نیشتەجێی ناحیەی گرعوزێری باشوری خۆرئاوای شنگال بون، بە كەسوكارە نزیكەكانەوە دەگەیشتنە 65 كەس و سەروكاری سەرەكییان ئاژەڵداری بوو، لەكاتی هێرشەكانی داعشدا، زیاتر لە 32 كەس لەو بنەماڵەیە روبەڕوی دیلیەتی و كوشتن بونەوە، ئەوانیتر بە پێ یان بە ئۆتۆمبێل توانییان هەڵبێن و بگەنە چیای شنگال.
باوكی جیلان دوو هاوسەری هەیە، لە هەردوكیان باوكی 10 منداڵە، شەش برا و چوار خوشك بون، دایكیشی دوگیان بووە بە كۆتا منداڵی خێزانەكە و لەژێر دەستی داعشدا دواتر كوڕەكەی لەدایكبووە.
جیلان لەگەڵ غالیا و خوشكێكی دیكەی بەناوی جیهان، هەردوو دایكەكەی، دوو برای، باوكی و چوار مامی لەلایەن داعشەوە دەستگیردەكرێن، هەر لەناو شنگال؛ داعش دوو بژاردە دەخاتە بەردەم باوك و برا و مامە دەستبەسەركراوەكانی یان وازهێنان لە ئایینی ئێزیدی و بوون بە موسڵمان یاخود كوشتن.
بەپێی گێڕانەوەی خوشكی جیلان و شایەتحاڵەكانی دیكەی ئەو رۆژە، باوك و برا و مامەكانی جیلان تەحەدی داعشەكانیان كردووە و رەتیانكردۆتەوە ببنە موسڵمان، پێداگرییان لەسەر ئەوە كردووە؛ خوا وەك ئێزیدی خەڵقی كردون و وەك ئێزیدییش دەمرن.
"لە ناوچەیەكی نزیكی شلۆی رێگای شنگال بەرەو چیا بوین، هەر لەوێش دەستگیركراین، بە بەرچاوی ئێمەوە باوك و برا و مامەكانم درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و هەر حەوتیان دەستبەجێ لەوێ گیانیانلەدەستدا، دوای ئەوەی رەتیانكردەوە ئایینەكەیان بگۆڕن" غالیا وای وت.
دوو براكەی جیلان یەكێكیان لە كۆلێژی پزیشكی گشتی و ئەویتر لە كۆلێژی زیندەوەرزانی بوو، ئێستاش لەگەڵ باوك و مامەكانیاندا لە گۆڕێكی بە كۆمەڵدان بەخاکسپێردراون بەڵام هێشتا هەڵنەدراوەتەوە. ئەوسا، جیلان لەكاتی رفاندنیدا خوێندكاری پۆلی 11ی زانستی بوو.
بە بەرچاوی ئێمەوە باوك و برا و مامەكانم درانە بەر دەستڕێژی گولـلە
"بەردەوام دەیوت هەموو خەون و ئاواتێكم ئەوەیە ببمە پزیشك، بۆیە زۆر بە تاسەوە چاوەڕێی ئەوەبوو بچێتە پۆلی 12ی ئامادەیی و نمرەیەكی باش بەدەستبهینێت" بەوتەی خدر دیرۆ، خاڵی باوكی جیلان بۆ (كەركوك ناو).
ئەو دەڵێت چەندینجار جیلان باسی خەونەكانی خۆی بۆ كردووە و ویستویەتی وەك براكان بگاتە زانكۆ.
دوای كوشتنی حەوت كەس لە باوك و برا و مامەكانی، جیلان لەگەڵ دوو خوشك و هەردو دایكەكەی رەوانەی بەعاج دەكرێن؛ لەوێ، كچەكان بە جیا و ژن و بە تەمەنەكانیش بەجیا، لە یەكتری جیا دەكرێنەوە.
دایكی جیلان لای داعش منداڵەكەی لە دایك دەبێت و بەناوی كوڕە كوژراوەكەیەوە ناوی دەنێت رێزان؛ دواتر لەگەڵ هاوسەری یەكەمی مێردەكەیدا لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2015دا ئازادەكرێن، لەگەڵ كۆمەڵێك ژنی دیكەی بە تەمەندا.
دایك و كچەكان ئاگایان لە هەواڵی یەكتری نامێنێت؛ نازانن چی بەسەر جیلان و خوشكەكانیدا هاتووە، ئەوان لەگەڵ كچە گەنجەكانی دیكەدا دەخرێنە ناو خوێندنگەیەكی بەعاج و لەوێ چاوەڕێن بەسەر چەكدارەكاندا دابەشبكرێن، بەڵام خۆكوشتنەكەی جیلان هەندێك لە پلانەكانیان تێكدەدات.
تەرمی جیلان دەخرێنە ناو بەتانییەكەوە کە خوێناوی لێدەچۆڕێت و دەبرێتە دەرەوەی خوێندنگەكە، چەكدارەكان بۆ چاوترسێنی زیاتری كچەكان؛ تەرمەكە لە دەرەوە فڕێدەدەن تا ببێتە خواردنی ئاژەڵ.
"جیلان وتی ئەگەر من هەر شتێكم بەسەرهات یان هەرچییەكم كرد با نەزانن ئێوە خوشكی منن" غالیا وادەڵێت، بۆیە دوای روداوەكەش چەكدارەكانی نەیانزانیووە غالیا و جیهان هەردوكیان خوشكی جیلانن، تا لەوێش لە یەكتری جیاكراونەتەوە و هەریەكێكیان رەوانەی شارێكی تر كراوە.
جیهان-ـی خوشكی جیلان لە ساڵی 2015دا و لەژێر دەستی داعش خۆی كوشتووە
جیهان-ی خوشكی جیلان و غالیا، لە تەمەنی 17 ساڵیدا رفێنرا، رەوانەی شاری رەققەی سوریا كرا و بەوتەی كەسوكاری و ئەو زانیارییانەی دواتر لە شایەتحاڵەكانەوە دەستیانكەوتووە، كاتێك هەوڵدراوە دەستدرێژی بكرێتە سەری ئەویش هاوشێوەی جیلان لە مانگی نیسانی 2015دا خۆی كوشتووە.
لەو سێ خوشكە رفێنراوەی دەستی داعش تەنیا غالیا دەمێنێتەوە؛ ئەویش دەڵێت چەندینجار روبەڕوی دەستدرێژی بۆتەوە، تا لە كاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە رزگار دەكرێت.
غالیا ئێستا 22 ساڵە، لەگەڵ عالیا-ی خوشكی و برایەكیدا لە كەمپی چەممشكۆی دهۆك دەژی، دایك و زڕدایك و براكانی دیكەی لە ئەڵمانیان و مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە.
جیلان لە كچی خێزانێكی نەناسراوی شنگالەوە بۆتە ناونیشانێکی ديار؛ پەیكەرێكیشی بۆ دروستكراوە و بڕیارە بەمزوانە لە ناوەندی ناحیەی گرعوزێر پەردەی لەسەر لاببرێت.