گەنجێك بە فیشەك دەكوژرێت و تەرمی كەسێكی دیكەش دەدۆزرێتەوە، تەنیا لە یەك رۆژدا و لە دوو شوێنی جیاواز، هێزە ئەمنییەكانیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن.
لە روداوی یەكەمدا؛ شەممە 23ی تشرینی یەكەمی 2021 لە سنوری ناحیەی لەیلان (باشوری خۆرهەڵاتی كەركوك) گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بەناوی كۆسار سەعید، لەلایەن ئامۆزایەكیەوە تەقەی لێدەكرێت و دەكوژرێت.
رائید عامر نوری، وتەبێژی رەسمی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەی كۆمەڵایەتی لە نێوان دوو برادا هەبووە و تەشەنەی سەندووە بۆ ناو كوڕەكانیان (ئامۆزاكان) و یەكێك لە كوڕەكان ئامۆزایەكی خۆی دەكوژێت".
روداوەكە لە گوندی قزانبڵاخ-ـی نزیک بەنداوی شیرین بووە لە لەیلان.
"خێزانی كوژراوەكە چونەتە سەر ماڵی تۆمەتبارەكە و ئاگریان لە خانوەكەیان بەرداوە و سوتاندویانە" بەوتەی وتەبێژی پۆلیس.
هەروەها وتی رێكاری یاسایی گیراوەتەبەر، فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتباری كوشتنەكە دەركراوە بەڵام هەڵاتووە بۆ دەرەوەی پارێزگاكە، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە تۆمەتبارانی سوتاندنی ماڵەكە دەستگیركراون و بە بڕیاری دادگا بە كەفالەت ئازادكراون.
هەر لە كەركوك، بە دیاریكراوی لە گەڕەكی فەیلەق (كوردستان)ی ناوەندی شار، بەیانی شەممە 23ی ئشرینی یەكەم تەرمی گەنجێك دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەرمەكە لە نزیك دەرگای دوەمی عەرەفە دۆزراوەتەوە و دەمانچەیەكیش لە نزیكی تەرمەكە بووە".
پۆلیس لێكۆڵینەوەی لەو روداوە دەستپێكردووە بەڵام هیچ كەسێك دەستگیرنەكراوە، "بەڵگە و شوێنەواری فیشەكی جەستەی ئەو گەنجە وادەردەكەوێت خۆی كوشتبێت" ئەوەش بەوتەی سەرچاوەكە كە دەڵێت هێشتا لیكۆڵینەوەكانیان بەردەوامە.
دۆسیەی ئەمنی كەركوك بەدەست فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە بە بەشداری پۆلیسی ناوخۆیی، لیوای 61ی تایبەت، حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عیراق.