تەنیا شەوی رابردوو (5ی تشرینی دووەم)، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، چوار هێرشیانكردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە ناوچەكانی جێناكۆك.
بەوەش ژمارەی هێرشەكانیان لە 10 رۆژی رابردودا بووە 11 هێرش و بەهۆیەوە نۆ كەس كوژراون لە نێویاندا چواریان مەدەنین.
هێرشەكانی شەوی رابردوی چەکدارانی داعش لە چوار قۆڵەوە بوو بۆ سەر پێشمەرگە و سوپا، بەهۆیەوە سەربازێك كوژرا و دووانی تر برینداربون.
یەكێك لە هێرشەكان بەر لە كاتژمێر 9ی شەو كرایە سەر خاڵێكی سەربازی سوپای عیراق لە قەزای خانەقین لە دیالە، دوابەدوای ئەویش بارەگای لیوای هەشتی مغاویر لە سنوری داقوق لە پارێزگای كەركوك بە هاوەن كرایە ئامانج و هەردوو هێرشەكە بێ زیان بون.
بەڵام لە هێرشی داعش بۆ ناوچەی سەید غەریب لە باشوری پارێزگای سەڵاحەدین سەربازێک کوژرا و دووانی تر برینداربون، ئەوەش دوای روبەڕوبونەوەی سوپا هات دژ بە چەكدارانی داعش، بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی (كەركوك ناو).
هەمان شەو وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە تیایدا جەختیكردەوە "هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی داعشیان لە نێوان هەردوو سنوری قەزای كفری و دوزخورماتوو تێكشكاندووە و شەڕەكە بێ زیان بووە".
بەگشتی لە ماوەی 10 رۆژی رابردودا داعش 11 هێرشی بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە پارێزگای كەركوك ئەنجامداوە و بەهۆیەوە نۆ كەس كوژران، كە چواریان مەدەنین.
بەگشتی لە ماوەی 10 رۆژی رابردودا داعش 11 هێرشی بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامداوە
لە 30ی تشرینی یەكەم، داعش شەش كرێكاری خەڵوز دروستكردنی لە گوندی عەوائیج سەر ناحیەی عەباسی لە باشوری كەركوك كردە ئامانج، بەهۆیەوە چواریان كوژران و دوانیان بە برینداری رزگاركران.
ئەو روداوانە خەڵكی ناوچەكەی روبەڕوی ترس كردۆتەوە و یەكێك لە كەسوكاری ئەو كوژراوانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەیەكە جموجۆڵەكانی داعش زیادیان كردووە و بون بە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵك"، ئەوان داوایانكرد هێزە ئەمنییەكان ژیانیان بپارێزن.
هەرچەندە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق لە كۆتایی 2017 كۆتایپێهێنانی داعشی لە عیراق راگەیاند، بەڵام بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2018ەوە تاوەكو تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، داعش "دوو هەزار و 412 هێرشی تیرۆریستی لە عیراق ئەنجامداوە و زۆرینەیان لە ناوچەكانی جێناكۆك بون".
فەریق روکن جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجشەممە 4ی تشرینی دووەم، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە "داعش جاران کە ئیمارەتەکەی هەبوو شەڕی بەرەیی دەکرد... بەڵام ئێستا بەشێوازی گروپی بچوک پەلاماری هێزە عیراقییەکان یان پێشمەرگە دەدات و تاکتیکێکی نوێ بەکاردەهێنێت یان بەڕێگای کردەی خۆکوژییە، یاخود دانانی مینە، یاخود بە قەناس لە دورەوە هێرشدەکات یاخود کەمین لەسەر جادەکان دادەنێت یا خەڵک دەڕفێنێت و بە پارە ئازادییان دەکات".
پێشێوایە زیادكردنی هێرشەكانیان "دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە دەیەوێت هەلومەرجی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق تێکبدات تا کاریگەری لەسەر دروستبونی حکومەتی نوێ دابنێت".