دەنگۆ:
"كوتان دژی ڤایرۆسی كۆڤید-19 بەرگری جەستە لاواز دەكات و بەهۆیەوە بە ئاسانی تووشی كۆلێرا دەبیت".
"سیر و پیاز بۆ خۆپارێزی لە كۆلێرا زۆر باشە".
"كۆلێرا لە هەوادا دەگوازرێتەوە".
"رێژەی كلۆر لە ئاودا بەرزە و ئەوەش هۆكارە بۆ تووشبونمان بە كۆلێرا".
دڵنیابونەوە لەزانیارییەكان (پشتڕاستكردنەوە):
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵێت "ژمارەی توشبوانی تۆماركراوی كۆلێرا لە پارێزگاكاندا هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە"، جەختیكردەوە ئەو نەخۆشییە لەڕێی خواردن و ئاوەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە كلیلی خۆپارێزی گرنگیدانە بە پاك و خاوێنی، لەوەشدا رۆڵی سەرەكی لای حكومەت و شارەوانییەكانە تا چاودێری پاك و خاوێنی چێشتخانەكان بكەن.
هونەر محەمەد، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی دەڵێت سیر و پیاز نابنە هۆی خۆپارێزی لە كۆلێرا، كاتێكیش لەڕێی بەكتریاوە كۆلێرا بۆ ئاو و خواردن دەگوازرێتەوە، ئاوا توشبون بەو نەخۆشییەی لێدەكەوێتەوە كە سكچونی توندی لەگەڵدایە.
هەروەها رەتیكردەوە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان كوتان دژی ڤایرۆسی كۆڤید-19 و كۆلێرا هەبێت و جەختیشیكردەوە، دەكرێت بە كلۆر و كوڵاندنی ئاو هاوڵاتیان خۆیان لە كۆلێرا بپارێزن.
بینا شەوقی، سەرۆكی فەرمانگەی نەخۆشییە گوازراوەكان لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "كوتان دژی ڤایرۆسی كۆڤید-19 بەهیچ شێوەیەك بەرگری جەستە لاواز ناكات، بەڵكو لەراستیدا كاردەكات تا بەرگری جەستە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆس ئامادەبێت، هیچ پەیوەندییەكیش لەنێوان ڤاكسینی كۆڤید-19 و توشبون بە كۆلێرا نییە".
ئاماژەی بەوەشدا كۆلێرا تەنیا لەڕێی دەمەوە دەگوازرێتەوە، بڵاوبونەوەشی پەیوەندی بە دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی پاك و سەرئاوەوە هەیە.
شەوقی وتی لاوازی بەرگری جەستە ئەگەری توشبون بە كۆلێرا زیاد ناكات، هەر كەسێكیش كە بەرگری جەستەی لاوازە و توشی پەتاكە دەبێت، پێویستە گرنگی زیاتر بە پاك و خاوێنی بدات، ئاوی پاك (ئاوەكە كلۆری تێدا بێت یان ئاوا كوڵێنراو)ـیان پێبدرێت و بە وردی چاودێری بكرێن، چونكە كلۆر یەكێكە لە رێگا چالاكەكان بۆ لەناوبردنی كۆلێرا و رێگری لە گواستنەوەی دەكات.