ژمارەیەك خانمە كارمەندی خۆبەخش لە قەزای كفری بونەتە شادەماری راییكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاوڵاتیان، پشكنین بۆ نەخۆشەكان دەكەن و چارسەر و رێنماییان پێدەدەن.
ئەو خانمانە كە ژمارەیان نزیكەی 25 كەس دەبێت، بەشێكیان حەوت ساڵە بە خۆبەخش لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی كاردەكەن. نەخۆشەكان و ئیدارەی نەخۆشخانە دەڵێن بە دڵسۆزیی و خۆشەویستی كارەكەیان دەكەن، لەگەڵ ژمارەیەك كارمەندی تر لە رەگەزی نێر.
هێڤى سەرمەد (24 ساڵ)، دەرچوى بەشى شیكاریی نەخۆشییەکانە، هەفتانە چەند رۆژێك تەرخاندەكات بۆ نەخۆشخانەكە و لە بەشی تاقیگە دەوامدەكات، دەڵێت "كاتێك خوێندنم تەواوكرد، لە ماڵ دانەنیشتم، بڕیارمدا بەشێوەی خۆبەخش خزمەت بكەم، لەگەڵئەوەشدا بە كرداریی ئەوەی خوێندبوم لە نەخۆشخانە جێبەجێم كرد".
كاتێك خوێندنم تەواوكرد، لە ماڵ دانەنیشتم، بڕیارمدا بەشێوەی خۆبەخش خزمەت بكەم
"بە ئومێدێكی زۆرەوە دەستمپێكرد، وردە وردە زۆر دڵخۆش بوم، هەستمدەكرد نەخۆشەكان و ئیدارەی نەخۆشخانە لە كارەكەم رازین، ئەوەش زیاتر هانی دەدام بۆ كاركردن"، هێڤی وایوت.
ئەو شەش ساڵە بە خۆبەخش كاردەكات و ئێستاش لەگەڵ 24 خانمی تر بەردەوامن لە خزمەت كە هەندێكیان لەنێوان دوو ساڵ بۆ حەوت ساڵە هەر بە خۆبەخش كاردەكەن.
دیلان یاسین (21ساڵ) دەرچوی بەشی پەرستیارییە و لە كفری دادەنیشێت، ئەویش چەند ساڵە لە هەمان شوێن بە شێوەی خۆبەخش خزمەت دەكات.
"سەرەتا لەهۆڵى نەشتەگەریى کارم دەکرد و ماوەیەکیش لە فریاكەوتن، بەڵام ئێستا لە بەشی دەرمانخانەم".
بەگشتی كاری ئەو خۆبەخشانە لە لایەن نەخۆشەكان و ئیدارەی نەخۆشخانەوە بەرزدەنرخێنرێت و شیلگارانە كاردەكەن.
رۆژان محەمەد، دانیشتوى قەزاى کفرییە و دەڵێت چەندجارێك ئەو خۆبەخشانە لەناو نەخۆشخانە هاوكارییان كردووە لە پێدانی چارەسەر كاتێك نەخۆش بووە.
هەفتەی رابردوو رۆژان محەمەد رەوشی تەندروستی تێكچوو، گەیەنرایە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە كفری.
"هەركە گەیەنرامە نەخۆشخانە چەند کچێک بە پەلە فریام كەوتن و ئاویان بۆ هەڵواسیم، بە زمانى شیرین و بەڕێزەوە پشكنینیان بۆ دەكردم و هەر خۆشیان ئەنجامی پشكنینەكانیان بۆ دەهێنامەوە و رێنماییان پێدەدام، ئەوەش وایكرد لەڕوی دەرونییە هێورببمەوە".
بە زمانى شیرین و بەڕێزەوە پشكنینیان بۆ دەكردم و هەر خۆشیان ئەنجامی پشكنینەكانیان بۆ دەهێنامەوە و رێنماییان پێدەدام
رۆژان دەڵێت دواتر زانیویەتی ئەوانە بە خۆبەخش خزمەت دەكەن و وتی "بەچاوی خۆم بینیم فریای منداڵ و پیر و هەموو نەخۆشەكان دەكەوتن و رێنمایی و چارەسەریان پێدەدان و ورەى نەخۆشەکانیان بەرزدەكردەوە".
زۆرێك لەو خۆبەخشانە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشدا لە نەخۆشخانە لە ئەركدابون.
قەزای كفری یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە قەزاكە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئیدارەی دەكات.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە تەواوی پارێزگای سلێمانی، پێنج هەزار کەس لە سەردەمی كۆرۆنادا، کاری خۆبەخشییان كردووە.
بەشێك لەو خۆبەخشانە داوادەكەن لە حاڵەتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی دامەزراندن-دا حكومەتی هەرێم رۆڵ و ماندوبونی ئەوان لەبەرچاوبگرێت.
بۆ نمونە هێڤی سەرمەد، وتی "لەڕوی دەرونییەوە ئاسودەم لەم كارە خۆبەخشییە، ئومێد دەكەم هەلی دامەزراندن لە كەرت یحكومی زیاتر بێت تا بتوانین سودمەندبین".
وتیشی "یەكێك لە جیاوازییەكانی ئێمە ئەوەیە سەربارى ئەوەى چارەسەر بە نەخۆشەکان دەدەین و رێنماییان دەكەین، بەشێوازێکى نوێش لەڕوى دەرونییەوە ئارامیان دەكەینەوە، ئەوەش لەڕێی جیاوازی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا".
دیلان یاسین وتی "نەخۆشەکان ئەوەندە ئێمەیان خۆشدەوێت بون بە هاوڕێمان و هەندێكیان دوای وەرگرتنی چارەسەر هەواڵمان دەپرسن و دوعامان بۆ دەکەن دابمەزرێین".
"ئێمە خۆبەخشین و هیچ پاڵپشتییەكی داراییمان نییە، هاوڕێم هەیە لەبەرئەوەی ناتوانێت كرێی هاتوچۆ بدات، ناتوانێت خزمەت بكات"، دیلان وایوت.
خۆبەخشەكان بڕوانامەی جیاوازیان هەیە، دەرچوی بەشەكانی پەرستیاری، كیمیا، شیكاریی نەخۆشییەكان و بایلۆژین لە زانكۆ و پەیمانگەكان.
سامان سەرتیپ، بەڕێوبەرى نەخۆشخانەى شەهید خالید گەرمیانى لە قەزاى کفرى، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرینەیان كچن و چەند دانەیەكی كەمیان كوڕن، بەشێكیان شەش ساڵە لێرە خزمەت دەكەن...".
ئیدارەی نەخۆشخانەكە دەوامی خۆبەخشەكانی بەپێی پێویستی نەخۆشخانەكە رێكخستووە، بەگشتی هەفتانە دوو رۆژ دەوامدەكەن لە نێوان كاتژمێر نۆ بۆ 12ی نیوەڕۆ، ئەوەش ئەوكاتەیە كە زۆرترین نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن، بەپێی وتەی بەڕێوەبەرەكەی.
"بەڕادەیەکى زۆر سودمان لەکارى خۆبەخشەکان بینیوە، لە بەشەکانى تاقیگە، فریاكەوتن، تیشک و بەشەکانى تریش کاردەکەن بۆ هاوكاریكردنی كارمەندەكانی تر، چونکە بەیانیان نەخۆشێکى زۆرمان هەیە و خۆبەخشەکان فریامان دەکەن"، سامان سەرتیپ، بەڕێوبەرى نەخۆشخانەى شەهید خالید گەرمیانی.
بەیانیان نەخۆشێکى زۆرمان هەیە و خۆبەخشەکان فریامان دەکەن
لەبارەی ئەوەی هیچ دەرفەتێكی دامەزراندنیان هەیە، سامان سەرتیپ وتی "لەئێستادا حکومەتى هەرێم هیچ پلانێکى نییە بۆ دامەزراندنى خۆبەخشەکان، چەندینجاریش نوسراومان كردووە كە پێویستمان بەو خۆبەخشانەیە".
پێشتر دکتۆر مەعاف عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆمان بە قەرزداری خۆبەخشانی روبەڕبونەوەی کۆرۆنادا دەزانین، بەمنزیکانە لەگەڵ ئەنجومەنی راژە کۆدەبینەوە و پلانی دامەزراندنیان ئاراستە دەکەین، کە پێشنیازی داوای دامەزراندنی خۆبەخشەکانیش لەخۆدەگرێت".
ئەو هەوڵە لەكاتێكدایە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی حەوت هەزار راژەی نوێ هەیە.