هێمن عەلى (39ساڵ)، یاریزانی یاری تایكواندۆ لە قەزای دوزخورماتوو، لە پاڵەوانێتی یاری تایكواندۆ لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عیراق پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، هەرچەندە گلەیی لە دەستنیشانكردنی ركابەرەكانی هەبوو.
ئەو پاڵەوانێتییە تایبەت بوو بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت و شەممە 26ی تشرینی دووەم لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئەوەش بە ئامادەبونی 45 یاریزانی 13 یانە لە پارێزگاكانی عیراق، لەنێویاندا یانەی دوزخورماتوو.
هێمن عەلى، بە (كەركوك ناو)ی وت "پاڵەوانێتییەكە بۆ كێشی 55 بۆ 70 كیلۆ بوو، من بە پشتێنی رەش بەشداریمكرد، لەكۆی هەشت ركابەر براوەی سێیەم بوم، بەڵام من گلەییم هەبوو".
گلەییەكەی هێمن عەلی دوای ئەوە هات كە یەكێك لە ركابەرەكانی پشتێنی سپی هەبووە و كێشی 75 بووە، لەكاتێكدایە پاڵەوانێتییەكە تەنیا بۆ كێشی 55 بۆ 70 كیلۆ بوو. بەپێی یاساكانی یاریی تایكواندۆ نابێت پشتێنی سپی بەرامبەر بە پشتێنی رەش یاریی بكات.
لەو پاڵەوانێتییەدا هێمن یەكەمجار بەر ركابەرێك كەوت كە پشتێنی رەشی هەبوو، ئەوەی بردەوە، بەڵام لە یاریی دووەمدا لە بەرامبەر یاریزانێكدا دانرابوو كە پشتێنی سپی هەبوو. بۆ ئەوەش سكاڵای لە دەستەی رێكخەرانی پاڵەوانێتییەكەدا تۆماركرد. بەڵام سودی نەبوو، "وتیان تازە تیروپشكەكە راكێشراوە".
لەگەڵئەوەشدا هێمن عەلی بێئومێد نەبووە و وتی "ئامانجم ئەوەیە لە یارى تایکواندۆ بەردەمبم و خەونی ئەوەم هەیە لە داهاتودا پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عیراق بەدەستبهێنم... بەگشتی پاڵەوانێتییەكە باشبوو، بەڵام ئەو گلەییەم هەبوو".
ئەوە دووەم پاڵەوانێتییە لە ماوەی ساڵێكیدا ئەو یاریزانەی دوزخورماتوو بەشداریی دەكات، لە 21ی كانونی یەكەمی رابردوو لە بەغدا وەكو نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین بووە براوەی دووەم.
ئەو دوو دەستكەوتە لەكاتێكدایە پێشتر هێمن عەلی چوار ساڵ لە راهێنان دابڕابوو.
لە چاوپێكەوتنێكی پێشویدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، ئەو وتی "لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار دەستم بە یاریی تایكواندۆ كرد، بەردەوام لە پاڵەوانێتییەكاندا پلەی یەكەم یان دووەمم بەدەستهێناوە... ئێستا خاوەنى پشتێنی سپی، زەرد، قاوەیی و شینم... تەنیا دوو پشتێنی کۆتایی پاڵەوانێتییەكەم ماوە بەدەستیبهێنم".
لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار دەستم بە یاریی تایكواندۆ كرد، بەردەوام لە پاڵەوانێتییەكاندا پلەی یەكەم یان دووەمم بەدەستهێناوە
هێمن لە ساڵی 2003 مینێكی چێنراوی پێدا تەقییەوە و بەهۆیەوە دەستێكی لەدەستداوە. دوای ئەوە بڕیاریدا یاری تایكواندۆ بكات و وتی "لەدەستدانی دەستێكم نەبۆتەهۆی ئەوەی خەونەكەم فەرامۆش بكەم".
ئەو خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، داوا دەكات گرنگی بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت تا پەرە بە خەونەكەیان بدەن و هاوكاریی بكرێن.
"داواکارم لە ڕوی مادییەوە هاوكاری بكرێین بەتایبەت كاتێك پاڵەوانێتیمان هەیە، بۆ بەشداریكردن لەم پاڵەوانێتییە خۆم خەرجی هاتوچۆم گرتۆتە ئەستۆ"، هێمن عەلی وایوت.