تەرمی هاوڵاتییەكی خانەقین لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیدا دۆزرایەوە، كە شوێنەواری فیشەك بە سەر و مل و جەستەیەوە هەیە، بەڵام كەسوكاری گومانیان لە كەس نییە و هیچ تۆمەتبارێكیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیرنەكراوە.
ئەو روداوەكە بەیانی یەكەم رۆژی ساڵی نوێی زایینی، ئەمڕۆ یەكشەممە 1ـی كانونی دوەمی 2023 لە شەقامێكی گەڕەكی تۆڵەفرۆش لە ناوەندی قەزای خانەقین بووە.
محەمەد عاسی، برازای كوژراوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەیانی زوو ئاگاداركرامەوە كە مامم كوژراوە و دەستبەجێ گەیشتمە شوێنی روداوەكە، بینیم شوێنی چەند فیشەكێك بە مل و سەر و لەشییەوە بوو".
كوژراوەكە ناوی فەتاح محەمەد-ـە و ناسراوە بە فەتاح دەلۆیی، لە دایكبوی ساڵی 1974ـە و بەڕێوەبەری وێستگەی بەنزینحانەی حكومی خانەقین بووە.
"مامم زیاتر لە ساڵێكە لەو بەنزینخانە حكومییە كاردەكات، بەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 7:30 خولەك چۆتە دەوامەكەیی و كاتژمێر 9:39 خولەك چۆتە دەرەوە، لە كامێرای چاودێری بەنزینخانەكە دەردەكەوێت كاتێك دەڕوات، بەڵام كەس نازانێت بۆ كوێ و بۆچی رۆیشتووە" بەوتەی محەمەد عاسی.
برازای كوژراوەكە دەڵێت ئەوان خانەوادەیەكی ناسراوی خانەقینن، كێشە و دوژمندارییان لەگەڵ كەسدا نییە، بۆیە "نازانین هۆكاری كوشتنی مامم چییە و كێن ئەوانەی كوشتویانە، تەنانەت هاوڕێكانییشی دەڵێن هیچ كاتێك باسی شەڕ و ناكۆكی لەگەڵ كەسدا نەكردووە، بەڵكو پیاوێكی بێوەی بووە".
كوژراوەكە خێزاندارە و باوكی چوار منداڵە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە خانەقین بەیانی ئەمڕۆ بە (كەركوك ناو)ـی راگەیاند ئەو هاوڵاتییە كاتێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بووە دەستڕێژی گولـلەی لێكراوە و دەستبەجێ لەوێ گیانیلەدەستداوە.
(كەركوك ناو) لە بەیانی ئەمڕۆوە هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر دۆسیەكە دەدات لەڕێی هێزە ئەمنییەكانەوە بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
تەرمی بەڕێوەبەری وێستگەی بەنزینخانەی خانەقین هەر ئەمڕۆ دوای پشكنین لە پزیشكی دادوەری لە گۆڕستانی پەڵكانەی قەزاكە بەخاكسپێردرا.
برازاكەی دەڵێت داوای دۆزینەوەی تۆمەتباری روداوەكە لە پۆلیسی خانەقین و هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكەن.