كۆڕبەندی بەنی سەعد بۆ لاوان و وەرزش، بۆتە پانتاییەك تا گەنجان و منداڵانی دیالە، بە یاریكردن و چەندین خولیای دیكە، پەرە بە بەهرەكانیان بدەن.
ئەو كۆڕبەندە لە شاری میقدادیەیە، لە ساڵی 1986ـەوە دامەزراوە و بەردەوام لە گەشەپێداندا بووە، بە رەخساندنی دەرفەت و بەرنامەی جیاواز.
چەندین یاریزان كە لە گۆڕەپانی ئەو كۆڕبەندەوە زیاتر بەهرەكانیان پێشخست، توانیویانە لە پاڵەوانێتییە نیشتمانییەكاندا سەركەوتن بەدەستبهێنن، جگە لەوەی بۆتە ناوەندێك بۆ چالاكی هونەری و رۆشنبیری لە پارێزگاكەدا.
ئەحمەد حەسەن، لێپرسراوی دامەزراوەكەیە و لە 2014ـەوە ئیدارەی چالاكییەكان دەكات، ئەو هەموو رۆژێك 10 كاتژمێر دەوام دەكات و دەڵێت ژیانی لە پێناو گۆڕانكاری لە ژیانی گەنجانی كۆمەڵگەكەیدا تەرخانكردووە، بۆیە زۆر تامەزرۆیە بۆ كارەكەی.
لەوێ چالاكی هونەری و ئێوارەكۆڕی شیعری و خولی تۆپی پێ هەیە.
"لەڕێی ئەم گەنجانەوە خۆم بیردەكەوێتەوە، كاتێك لە تەمەنی هەرزەكاریدا بوم، نەمتوانی بەردەوامی بە خولیا و حەزی وەرزشی و هونەری بدەم، چونكە خەرجی لەسەر خێزانەكەم زۆر دەكەوت، نامەوێت گەنجانی كۆمەڵگەكەم بەو بارودۆخەی ئێمەدا تێبپەڕن" ئەحمەد وادەڵێت.
هەروەها باسی لەوەكرد ئەوان روو لە كۆڕبەندەكە دەكەن پێویستیان بە هاوكاری و پاڵپشتی هەیە، بۆیە هاوكاری دەكرێن تا دەگەن بە توانای تەواوی خۆیان و خەونەكانیان بۆ راستیی دەگۆڕن.
هەموو رۆژانێكی دووشەممە لانیكەم 800 كەس روو لە كۆڕبەندەكە دەكەن كە تەمەنیان لە 10 ساڵ تێناپەڕێت، لەوێ یاری تۆپی پێ، بالە، باسكە، تێنس، بلیارد و شەترەنج دەكەن.
نیگاركێش، پەیكەرتاش، شاعیر و وێنەگرانیش گفتوگۆی هونەری و هەماهەنگی یەكتری لە كاروبارەكانیاندا دەبنە ئەوێ، جگەلەوەش هەندێك بۆ ژەنینی موسیقا، یان نواندن لەسەر تەختەی شانۆ سەردان دەكەن، بەشێكیشیان دەیانەوێت لە خولەكانی راهێنان و پەرەپێدانی بەهرەی جیاوازی وەك كاری دەستی و بەرگدرووی بەشداری بكەن.
"هەمویان وەكو كوڕ و كچی خۆم دەبینم، ئێمە پێشوازی لە هەموان دەكەین و هانیان دەدەین تا لە چالاكییەكانماندا بەشداربن، تیمەكان هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی بیرۆكەی نوێی هەبێت و بەردەوام رێگەی باشتر بۆ خزمەتكردنی خەڵكی دیالە بدۆزێتەوە" بەوتەی ئەحمەد حەسەن.
هێمایەك بۆ هیوا و خۆڕاگری
كۆڕبەندی سەنی سەعد بۆ لاوان و وەرزش، ساڵی 2007 روبەڕوی تەقینەوە بۆتەوە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبووە، بەڵام بەهۆی نەبونی بودجەوە، تا ساڵی 2011 پرۆژەكە مایەوە و پاشانیش شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" نەیهێشت نۆژەنكردنەوەی بەڕێوەبچێت.
ئەحمەد لەو ساڵەدا تازە ئیدارەدانی ناوەندەكەی وەرگرتبوو، بەڵام بە ناچاری دەرگاكەی داخست و هەموو چالاكییەكانی راگرت، سەرباری هەڕەشە، بە بەردەوامی و بە هاوكاری تیمەكەی سەردانی كۆڕبەندەكەی دەكرد.
"بە هەر نرخێك بوایە دەبوو پارێزگاری لە ناوەندەكە بكەین، ئەوە هەموو شتێك بوو كە هەمانبوو" ئەحمەد وادەڵێت.
ئەو لەگەڵ تیمەكەیدا لە دیالە مایەوە، چاویان لە كۆڕبەندەكە نەبوو، ترس هیچ لە پێداگری ئەوانی كەمنەكردەوە و بە هاوكاری تیمەكە و دوای چەند مانگێك لە شەڕ، هەندێك چالاكییان دەستپێكردەوە، بەڵام بە توانایەكی سنوردار.
لە ساڵی 2021ـدا بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان، لە چوارچێوەی پرۆژەی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادكراوەكانی عیراق، بنیاتنانەوەی كۆڕبەندی بەنی سەعد بۆ لاوان و وەرزش-ـیان گرتەئەستۆ و لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی رابردودا كۆڕبەندەكە كرایەوە، كە هۆڵی نوێ و شانۆیەكی گەورە، یاریگەی باسكە، گۆڕەپان و باخچەی تێدایە، هەموو باڵەخانەكەش بە وزەی خۆرەوە بەستراوەتەوە.
لێپرسراوی ئەو ناوەندە دەڵێت "گەنجان داهاتوی عیراقن، دەمەوێت كۆڕبەندەكەمان ببێتە شوێنێك تا گەنجانی دیالە تیایدا بتوانن ئامانج و خەونەكانیان بەدیبهێنن"، ئەحمەد و تیمەكەی ئێستا لە توانایاندایە رۆژانە پێشوازی لە هەزار كەس زیاتر بكەن.
هەروەها وتی دەیانەوێت كۆڕبەندەكە هاوكاری خەڵك بكات تا بەسەر تەحەدییەكاندا سەربكەون و بە تامەزرۆییەوە كار بۆ خەونەكانیان بكەن، پێشیوایە ئەو ناوەندە رۆڵی گرنگی لە داهاتوی كۆمەڵگەدا دەبێت.
بنياتنانەوەی ژیان هەنگاو بەهەنگاو
شەیما ئەحمەد (48 ساڵ) و نور خالد ئەحمەد (28 ساڵ)، لانیكەم رۆژانە سێ كاتژمێر لە كۆڕبەندی بەنی سەعد دەمێننەوە، بۆ دورینی جلوبەرگ و فێربونی تەكنیكە نوێیەكان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپشەكانیاندا.
لە چوارچێوەی بەرەنگاربونەوەی تەحەدییەكانی ژیانی دوای داعش، شەیما و نور بە هەستێكی باش و تامەزرۆییەوە هەوڵدەدەن بگەن بە ئامانج و لەڕێی راهێنانەكانەوە، زیاتر پەرە بە پیشەی بەرگدروویی بدەن.
"ئەم ناوەندە شوێنیكی تایبەتی لە دڵمدا هەیە، بەردەوام هەستەكەم لە ماڵەوەم و هاوڕێكانم لە دەوروبەرم پاڵپشتیم دەكەن و بە سەركەوتنەكانم دڵخۆشن" نور وای وت.
هاوشێوەی نور، شەیما لەو كۆڕبەندە زیاتر بەهرەی خۆی دۆزییەوە، هەر كاتێك كە لەوێ بون، زیاتر فێردەبون و بەهرەكانیان بەردەوام لە گەشەسەندندا بوو، ئێستا ئەوان بون بە راهێنەر، هەفتانە سێ راهێنان دەكەن بۆ گواستنەوەی ئەزمونەكانیان بۆ كەسانی دیكە.
"ئەزمون و بەهرەی هونەریی زۆر بە نرخ فێردەبین، دەرفەتی ئەوەشمان دەبێت هاوڕێی زیاتر بناسین، هەستێكی باشە كە دەبینین فێرخوازەكان پێشدەكەون و شتی نوێ فێردەبن" شەیما وادەڵێت.
شەیما و نور خەونی ئەوەیان هەیە ببنە خاوەنی كاری خۆیان و زیاتر سود لە بەهرەكانیان لە بواری بەرگدروییدا وەربگرن.
كۆڕبەندی بەنی سەعد بۆ لاوان و وەرزش، بە پاڵپشتی حكومەتی ئەڵمانیا لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە بنیاتنراوەتەوە و خزمەتی زیاتر لە 50 هەزار كەس دەكات.
سەرچاوە: UNDP