چوار هاوڵاتی شنگال، تەنیا لە ماوەی 10 رۆژدا كوژراون و تۆمەتبارە سەرەكییەكانیش دەستگیرنەكراون، لەكاتێكدا زیاتر لە هەشت هێزی ئەمنی و سەربازی لە ناوچەكەدا هەن.
دوایین روداوی كوشتن، 2ـی تشرینی دوەم بووە لە ناوەندی قەزای شنگال، كاتێك دەستڕێژی گولـلە لە گەنجێك كراوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شنگال، كە لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئەو گەنجەی بە دەستڕێژی گولـلە كوژراوە، ناوی سەعد شەكر مەحلو-ـە، تەمەنی 20 ساڵە و تائێستاش كەس لەسەر روداوەكەی دەستگیرنەكراوە، "هۆكاری كوشتنەكەیشی نادیارە".
درەنگانی شەوی 24ـی تشرینی یەكەمیش لە ناوچەی (عێن غەزال) –بەدوری نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە ناوەندی شنگال-، خێزانێكی سێ كەسی كوژران، كە منداڵێكی شەش ساڵ و باوكی (رەشید پیسۆ 40 ساڵ) و زڕدایكی بون.
عیدۆ پیسۆ، برای ئەو پیاوەی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكەیدا كوژراوە، دەڵێت براكەی پێشتر پێشمەرگە بووە و بەهۆی كەمی موچەوە وازی هێناوە، بۆیە سەرقاڵی شوانیی بوو، "كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبوو، ئێمەش توشی شۆك بوین بە كوشتنیان و نازانین كێ وایكردووە".
هەروەها بۆ (كەركوك ناو) باسی لەوەكرد، براكەی پێشتر هاوسەری كوژراوە و بۆ جاری دوەم هاوسەرگیری كردۆتەوە، لەگەڵ منداڵی ژنی یەكەمیدا پێكەوە هەرسێكیان بە فیشەك كوژراون.
هێزە ئەمنییەكان چەند كەسێكیان بە تۆمەتی تێوەگلان لەو روداوە دەستگیركردووە.
سەرچاوە ئەمنییەكەی شنگال وتی "چوار كەس دەستگیركراون كە كەسانی نزیكی قوربانییەكانن، بەڵام تاوانبارانی سەرەكی كوشتنەكە هێشتا دەستگیرنەكراون و هۆكاری روداوەكەش رون نییە، چاوەڕێی دەرئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەكان دەكەین".
له قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، كە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی ئێزیدین، زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن.