وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق بڕیاریداوە ئەو 19 هەزار مانگایەی لە كەشتییەكدا لە بەڕازیل-ەوە بەرەو عیراق دەهێنرێن كەرەنتین بكات، تاوكو دڵنیابیتەوە لە تەندروستییان، هاوكات بۆ بەرگرتن لە گرانترنەبونی گۆشتی سور، نیوەی باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ هەڵگرت.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات كە نرخی یەك كیلۆ گۆشتی بەرخ لە عیراق بۆ 25 هەزار دینار بەرزبۆوە، ئەوەش گرانترینە لە 20 ساڵی رابردودا.
سامان محەمەد، یەکێکە لە گۆشتفرۆشانی گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا، نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 12 هەزار دینار گران بووە، بەراورد بە ساڵی رابردوش هەشت هەزار دینار".
ئەو گرانبونە لە نرخی گۆشت، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی ناچار بە کۆبونەوەیەكی بەپەلە كرد لە هەفنەكانی رابردودا و وەك چارەسەرێكی خێرا، بڕیاریدا لەسەدا 50ی باجی گومرگ سەر هاوردەکردنی ئاژەڵ هەڵبگرێت.
بڕیارەکە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی لە ماڵپەڕی dailymaverick کە باس لە كەشتییەك دەكات بە 19 هەزار مانگاوە و لە 12ی شوباتەوە لە بەڕازیلەوە بەرەو عیراق بەڕێكەوتووە، هاوكات باس لە بۆنێكی ناخۆشی نێو كەشتییەكە دەكات و گومان دەخاتە سەر تەندروستی ئاژەڵەكان.
بۆنی کەشتییەکە (ئەلکوەیت) بەپێی راپۆرتەكە بەناو شاری کەپ تاون لە باشوری ئەفریقا بڵاوبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە بەندەرێكی شارەكە لەنگەری گرتووە، كاتێك ویستویەتی سوتهمهنی بۆ كەشتییەكە و خواردن و ئاو بۆ مانگاكان بكڕێت.
كهشتییهكه 24 رۆژی پێویستە بۆ ئەوەی لە باشوری ئەفریقاوە بگاتە بهندهری بهسرە له عیراق.
برایس مێرۆك، پزیشكی راوێژكاری لە ئهنجومهنى نهتهوهیی كۆمهڵگهكان بۆ رێگهگرتن له ئهنجامدانى كارى دڕندانه له دژى ئاژهڵان (NSPCA) لهبارهی دۆخی تهندروستی ئاژهڵهكانهوه بە ماڵپەڕەكەی وتووە "كاتێك كه مانگاكان لهناو پیسی و پاشهڕۆیهكی زۆردا دهمێننهوه، شیاكه و پیساییهكهیان رێژهیهكی زۆری ئهمۆنیا بهرههمدههێنێت، ئهمهش كاردهكاتهسهر سیستمی هەناسەدانی مانگاكان و چاوهكانیان و توشی كێشهی تهندروستییان دهكات".
هاوکات گرهیس دێ لانگ كه له (NSPCA ) كاردهكات و پشكنینیان بۆ مانگاكان كردووە، دەڵێت "بهشێك له مانگاكانمان له كهشتییهكه داگرتووە، ئەوەش لەسەر راسپاردەی ڤێتێنەری بۆ ئهوهی چارهسهری پزیشكیان پێبدهن، بهشێكی تریشیان مرداربونهتهوه".
فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، ئەوە رەتدەکاتەوە کە حاڵەتی مردن لەناو مانگاکان تۆمار کرابێت، سامر حەبیب، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڤێتێرنەری لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت "ناردنی ئەو ئاژەڵانەی بەڕازیل بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەری پێدراوە بۆ چونە ناو عیراق، ئەمە جگە لە بڕوانامەی مۆڵەت لە بەڕازیل". جەختیشیكردەوە "پەیوەندیمان بەو وەبەرهێنەرەوە کردووە و پشتڕاستی کردەوە کە هیچ حاڵەتێکی مردن لە کەشتییەکەدا نەبووە".
وتیشی "دوای گەیشتنی بە عیراق، رێکاری تەندروستی پێویست دەگیرێتەبەر و ئاژەڵەکان کەرەنتینە دەکرێن، دوای دڵنیابون لە سەلامەتییان ئینجا رێگەیان پێدەدرێت رەوانەی بازاڕەکان بکرێت".
دکتۆر حەمید نایف شارەزای کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە عیراق دەڵێت "کاتێک چەند ساڵی رابردوو عیراق دوچاری وشکە ساڵی بۆوە، بووەهۆی نەبونی ئاوی پێویست، بەشێکی زۆر لەوانەی ئاژەڵیان بەخێو دەکرد، ئاژەڵەکانیان فرۆشت. لێرەدا کێشە سەریهەڵدا، چونکە وەزارەتی کشتوکاڵ بەهیچ شێوەیەک یارمەتی جوتیاران و بەخێوکەرانی ئاژەڵی نەدا، ئەمە هۆكاری سەرەكی گرانبونی نرخی گۆشتە".
وتیشی كە هۆکارێکی ترئەوەیە کە وەزارەتی کشتوکاڵ ئێستا ئالیکیش وەک پێویست بۆ ئاژەڵداران دابین ناکات و پشتگیریان ناکات، "بەجدی ئەمە کێشەیەکی ئێجگار گەورەیە و ناکرێت وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا بیر لە چاندنی گەنم و جۆ بکاتەوە و پشت لە کێڵگە پەلەوەرییەکان و بەرهەمی مریشک و هێلکە و گۆشتی سور بکات کە ئێستا بەهۆی دابیننەکردنی پشتگیری پێویست وەک ئەوە وایە پشتی تێکردبن".
بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، بۆ ئەوەی عیراق خۆی لە هاوردەكردنی ئاژەڵ و گرانبونی گۆشت بپارێزێت، "دەتوانێت لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا سامانی ئاژەڵ زیاد بکاتەوە، ئەویش بە پێدانی گەنم و عەلەف و دابینکردنی ئاو بۆ بەخێوکارانی ئاژەڵ، ئەگەر ئەوە نەکات ئەوا بێگومان نرخی یەک کیلۆ گۆشت دەگاتە سەروی 24 هەزار دینار".
زۆزان عەلی هاجانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و ئەهوار لە پەرلەمانی عیراق، بە (کەرکوک ناو)ـی وت "لەسەر مانگاکانی باشوری ئەفریقیا، میوانداری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین و دەمانەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئەو مانگایانەی هاوردە دەکرێن بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەری هەیە یان نا، هەروەها لە دۆخی تەندروستی مانگاکان دەکۆڵینەوە".
"نرخی گۆشت بەشێوەیەك بەرزبۆتەوە پێویستە ئاسانکاریی تەواو بکرێت لە هاوردەکردنی سامانی ئاژەڵی، بە تایبەت هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ بەخێوکردن، نەک تەنیا خواردنیان"، زۆزان وایوت.