ژمارەیەك جوتیاری كورد لە سێیەم دانیشتنی دادگای فیدراڵیدا بەڵگەكانیان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەی 82 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كەركوك پێشكەش كرد و بڕیارە لە 24ی نیسان دۆسییەكە بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
یەكشەممە 31ی ئادار، سێیەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی عیراق بەڕێوەچوو، لەبارەی كێشەی 38 هەزار دۆنم زەوی لە گوندەكانی ناوچەی تاڵەبانی و كاكەیی لە قەزای داقوق، هەروەها 44 هەزار دۆنم زەوی لە قەزای دوبز و هەردوو ناحیەی سەرگەڕان و پردێ.
عزەدین تاڵەبانی، جوتیار و كەسایەتی ناوچەی تاڵەبانی لە قەزای داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 38 هەزار دۆنم زەوییە لە ئێستادا بەشێكیان بە بڕیاری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك دراون بەو جوتیارە عەرەبانەی كە لە دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعس ناوچەكەیان چۆڵكرد و دواتر گەڕانەوە، بەشێكیشیان هەر بەبڕیاری ئەوان خەوێنران و بۆ كەس نییە تا یەكلاییبونەوەی كێشەكە بەكاریانبهێنێت".
"لە دانیشتنەكەدا هەردوو لایەنی كێشەكە، جوتیارانی كورد و فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك وتەی خۆیاندا و بەڵگەكانیان پێشكەش كرد، دادوەرانی دادگای فیدراڵیش دۆسییەكەیان رەوانەی لیژنەی وردبینی كرد... ئەوە بەو مانایە دێت كە یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسییەیە نزیكە"، عزەدین تاڵەبانی وایوت.
هەرچی پەیوەندی بە 44 هەزار دۆنمەكەی قەزای دوبزەوە هەیە، ئەوانیش بەهەمان شێوە دوای وەرگرتنی وتەی هەردولایەن دۆسییەكانیان رەوانەی لیژنەی وردبینی كران.
چوارەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی بڕیارە لە 24ی نیسان بەڕێوەبچێت و ئەگەری هەیە دوایین دانیشتنی دادگابێت لەسەر ئەو پرسە و بریاری لەبارەوە بدرێت.
زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و چەند پارێزگایەكی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عیراقدا دابەشكران، تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 مامەڵەیان پێوەدەكرا و دواتر بەجێیانهێشت.
گەڕانەوەی ئەو جوتیارە عەرەبانە بۆ سەر زەوییەكانیان كە پێشتر گرێبەستی كستوكاڵیان هەبووە، لەكاتێكدایە، وەزارەتی دادی عیراق، لە 23ی ئەیلول ی 2020ەوە بڕیارێكی ئاراستەی حەوت پارێزگای عیراق كرد لەنێویاندا كەركوك، تیایدا جەختدەكاتەوە لە راگرتنی كاركردن بە گرێبەستە كستوكاڵییەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس.بەڵام فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رەتیكردەوە پێوەی پابەندبێت.