چیرۆكی گەشتە فێركارییەكەی سارا: سەرلەنوێ خۆم دۆزییەوە

فۆتۆ: یونیسێف

كەركوك ناو

"دڵخۆشم بەشداریم لەم راهێنانەدا كرد، فێری بڕینی قوماش و دورین بوم، ئێستا من بە ئامێری بەرگدروی تایبەت بەخۆم جلوبەرگ دەدورم" سارا بە شانازییەوە وای وت.

سارا (17 ساڵ) روبەڕوی ئاستەنگ و تەحەددی گەورە بۆتەوە، بەڵام بێ ئومێد نەبووە و بە پاڵپشتی رێكخراوی یونیسێف چۆتەوە بەر خوێندنی خێرا، هەردوو پۆلی دوو و سێی بە یەك ساڵ تەواو كردووە، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە و بەدوای خەونی وێنەكێشاندا رۆیشتووە.

ئەو خولیای زۆری بۆ هونەری وێنەكێشان هەیە، چونكە بە رێگایەكی گونجاوی دەزانێت، تا هەست و ئەزمونەكانی خۆی نیشانی دەوروبەر بدات.

سار خەڵكی قەزای تەلەعفەر-ـی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا و ئێستا لەگەڵ خێزانەكەیدا لە شاری موسڵ نیشتەجێیە.

لە ساڵی 2014ـدا، خێزانەكەی ناچاربون لە ماڵی خۆیان بڕۆن و لە كۆتاییدا چارەنوسیان كەوتە كەمپی هۆل لە سوریا، لەوێ ژیانێكی زۆر سەخت و ناجێگیریان بەڕێكرد، "ژیانكردن لە كەمپی هۆل زۆر قورس بوو"، سارا دەڵێت "لە ترسدا دەژیاین، ئاو و خواردنی پێویستمان نەبوو، ئەوەش كاریگەری لەسەر مانەوە و سەلامەتیمان هەبوو".

سارا و خێزانەكەی تا ساڵی 2022 لە كەمپی هۆل مانەوە، دواتر گەڕانەوە بۆ عیراق و لە سەنتەری جەدعەی یەك بۆ راهێنانەوە و چارەسەری دەرونی لە پارێزگای نەینەوا جێگیر بون، "بەراورد بە كەمپی هۆل، لە سەنتەرەكە بارودۆخمان بەرەو باشی رۆیشت"، بەوتەی سارا، لەو سەنتەری جەدعە، دەیانتوانی دەستیان بە خواردن بگات، دەرفەتی خوێندنیان هەبوو، "هەستمان بە ئارامی و ئاسایش كرد".

DSC06784
فۆتۆ: یونیسێف

لەكاتی ململانێی چەكدارییەكاندا، خێزانەكەی سارا هەموو بەڵگەنامە فەرمییەكانیان لەدەستداوە، بە هاوكاری یونیسێف و لەڕێی پارێزەرێكەوە، سارا نوسراوی پێویستی بەدەستهێناوە تا بگەڕێتەوە قوتابخانە و ئێستاش لە مامەڵەی دەركردنی پێناسێكی نوێدایە.

چەندین كچی دیكەی ئاوارە لە سەنتەری جەدعە، بە هاوكاری رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاری دەكرێن تا خولی فێربونی جیاواز ببینن، لە نێویاندا هونەری وێنەكێشان، چنین و كاری دەستی دیكە، سارا كۆرسی چارەسەر و تەندروستی دەرونی و كۆمەڵایەتیشی وەرگرتووە.

"دوای پێنج كۆرسی چارەسەر، ئێستا گەشبینترم" سارا بە زەردەخەنەوە وای وت، "پێشتر هیچ هاوڕێیەكم نەبوو، بەڵام ئێستا كەسێكی زیاتر كۆمەڵایەتیم"، ئەو سودی لە تەكنیكەكانی كاتی راهێنانەكە وەرگرتووە و توانای زاڵبونی بەسەر سۆز و هەستیدا هەیە، بە تایبەت لەكاتە سەختەكاندا.

سارا بۆ ماوەی مانگێك بەشداری لە راهێنانی پیشەیی فێربونی دورمان كرد، ئێستا دەتوانێت لە ماڵەوە جل بدورێت و خەونی هەیە رۆژێك لە رۆژان دوكانی بەرگدروی تایبەت بە خۆی دابنێت.

گەشتەكەی سارا وەك نمونەی بەرگری و ئیرادە لێكدەدرێتەوە، توانی تەحەدییەكان بۆ دەرفەت بگۆڕێت؛ لە خوێندندا سەركەوتووە و پەرە بە بەهرەی بەگدرویی دەدات.

 

تێبینی: ناوەكە گۆڕدراوە لە پێناو پاراستنی تایبەتمەندی خێزانەكەدا

سەرچاوە: یونیسێف

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT