ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا توك توكی قەدەغە كرد

نەینەوا/ 17ی تشرینی یەكەمی 2024/ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا. فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

كەركوك ناو

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی، هێنانی توك توكی بۆ پارێزگاكە رەتكردەوە، بەو پێیەی "دیاردەیەكی ناشارستانییە" و "مەرجی سەلامەتی نییە".

ئەو بڕیارەی ئەنجومەن لە كۆبونەوەیەكیدا هات كە پێنجشەممە 17ی تشرینی یەكەم بەڕێوەچوو، تیایدا گفتوگۆ و دەنگدان كرا لەسەر چەند پرسێك، ئەوەش لە دانیشتنی 19ی ئەنجومەنی پارێزگادا.

لە راگەیەنراوێكی ئەنجومەنەكەدا هاتووە "گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر قەدەغەكردنی هێنانی ماتۆڕسكیلی ناسراو بە توك توك كرا بۆ تەواوی پارێزگای نەینەوا"، زیاتر هاتووە "هێنانی ماتۆڕسكیل قەدەغەكرا بەو پێیەی دیاردەیەكی ناشارستانییە و هۆكارە بۆ روداوەكانی هاتوچۆ، لەگەڵئەوەشدا هیچ مەرجێكی سەلامەتی تیا نییە".

دیاردەیەكی ناشارستانییە و هۆكارە بۆ روداوەكانی هاتوچۆ

توك توك، لە عیراق زیاتر لە بەغدای پایتەختدا هەیە، ئۆتۆمبێلێكی بچوكی سێ تایەیە و بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان بەكاردەهێنرێت وەك جێگرەوەی تەكسی.

هەر لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ و دەنگدان كرا دەربارەی ناوەڕۆكی نوسراوێكی دیوانی پارێزگای نەینەوا، دەربارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و لێپرسراوێتی كۆمەڵایەتی كۆمپانیاكان بۆ پارێزگاكان بۆ ساڵەكانی 2024 و 2025 و 2026.

لێپرسراوێتی كۆمەڵایەتی كۆمپانیاكان ئەو بڕە پارەیەیە كە كۆمپانیاكان دەیدەن بە حكومەتە خۆجێییەكان و دەچێتە چوارچێوەی بودجەی كۆی پارێزگاكە و لە پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكاندا خەرج دەكرێت.

لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ و دەنگدان كرا دەربارەی نوسراوێكی دیوانی پارێزگا دەربارەی بەخشین بۆ بەشداریكردن لە بونیاتنانی مزگەوتی نەبی یونس و دەنگدان لەسەر ئەو راسپاردانەی دەربارەی بەخشینی حكومەتی قەتەری نەخۆشخانەی رەبیعە هەبووە.

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پەسەندكردنی ناوی موختارەكان.

لە دانیشتنی 8ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیدی موختارەكان و دانانیان پێكهێنراوە، بەڵام لە دواین كۆبونەوەدا ئەو لیژنەیە هەڵوەشێنرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT