ئازادكردنی هەشت جوتیارە كوردەكە بە هەوڵی كەسایەتییەكانی داقوق بووە

كەركوك/ حوزەیرانی 2019/ جوتیارێك لە نێو كێڵگەیەكی گەنمدا لە ناوچەی داودە لە داقوق. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دوای دوو كاتژمێر مانەوە لە بنكەی پۆلیسی داقوق هەشت جوتیارە كوردەكە شەوی رابردوو بە هەوڵی كەسایەتی و پیاو ماقوڵانی ناوچەكە ئازادكران، ئەوەش دوای لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب.

ئێوارەی دوێنێ شەممە 26ی تشرینی یەكەم، هێزێكی سوپای عیراق هەشت جوتیاری كوردی لە گوندی مەنسور لە ناوچەی حەفتەغار لە باشوری كەركوك دەستگیركرد، لەسەر سكاڵای ژمارەیەك جوتیاری عەرەب لە هەمان گوند.

یەكێك لە جوتیارەكان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرقاڵی كیڵانی زەویی و وەشاندنی بەرهەمی كونجی بوین، لەپڕ هێزێكی سوپای عیراق هاتنە سەرمان و دەستگیریان كردین".

ئەوەش لەكاتێكدایە جوتیارانی عەرەبی گوندەكەش بەهەمان شێوە سەرقاڵی كیڵانی زەوی بون و ئەوان دەستگیرنەكراون.

ئەو جوتیارە كوردە وتی "بەهۆی ئەوەوە بوو كە جوتیارە عەرەبەكان چون سكاڵایان تۆماركردووە، بەڵام كوردەكان سكاڵایان نەبووە".

لانیكەم 600 هەزار دۆنم زەوی كە بەسەر گوندەكانی ناوچەی حەوتەغار، ئەلبو سەراج و ئەلبو نەجم دابەشبون، كێشەی خاوەندارێتیان هەیە و یەكلاییكردنەوەی بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، كە هێشتا ئەو ماددە دەستورییە جێبەجێنەكراوە.

جوتیارە كوردەكە وتی "ئازادكردنی ئێمە تەنیا بە هەوڵی پیاو ماقوڵانی داقوق بووە، نەك وەك ئەوەی هەندێك میدیا دەڵێن بەهۆی دەستوەردانی پارێزگاری كەركوكەوە بووە".

وتیشی "كاتێك كە زانیمان دەستبەسەركردنی ئێمە لەسەر سكاڵای جوتیارانی عەرەب بووە، بۆیە ئێمەش ویستمان سكاڵا تۆماربكەین، تا ئەوانیش دەستگیربكرێن، ئەوە بوو كەسایەتییەكانی ناوچەكە كەوتنە گفتوگۆ و پێكەوە لەگەڵ جوتیارانی عەرەب رێككەوتین و دوای دوو كاتژمێر ئێمەش ئازادكراین".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT