خۆبەخشەكانی زلوعییە كات و شوێنیان بۆ نییە: كێ پێویستی بە هاوكاری بێت لای ئەوانن

تیمی خۆبەخشی زلوعیە سەرقاڵی دروستكردنی خانوون بۆ هاوڵاتییەكی لێقەوماو فۆتۆ: تیمەكە بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

حسێن ئەبو جاسم - سەڵاحەدین

تیمی خۆبەخشی زلوعییە، كات و شوێنیان بۆ نییە، هەر كەسێك پێویستی بە هاوكاری هەبێت، هەرزوو بەدەمیەوە دەچن و بەپێی توانا داواكارییەكەی بۆ جێبەجێدەكەن.

لە ساڵی 2016ـدا كاتێك تیمی خۆبەخشی زلوعییە، یەكەم هەنگاوی نا، پارێزگای سەڵاحەدین لەوپەڕی خراپیدا بوو، هێشتا هەندێك ناوچەی لە ژێر دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"ـدا مابۆوە، بە هەوڵی پێنج كەس كارەكانی چڕكردەوە تا فریای زۆرترین لێقەوماو بكەون.

حەمەد سومەیدەعی، چالاكوان لە قەزای زەلوعیەی سەڵاحەدین، دەڵێت بیرۆكەكە ئەوكاتە گەڵاڵە بوو كە خەڵكی ناوچەكەیان لە بارودۆخێكی پڕ مەترسی و كارەستباردا بوون، بە تایبەت كاتێك بەرەو كەمپەكان ئاوارە بوون و حكومەتیش سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوو، بۆیە دەبوو تیم یان كەسانی تر هاوكاری مرۆیی پێشكەش بە خەڵك بكەن.

"تیمەكە لە پێنج كەسەوە دەستیپێكرد، لەو گەنجانەی بڕوایان بە كاری خۆبەخشی هەبوو، سوپاس بۆ خودا ئێستا ژمارەی تیمەكە گەیشتوون بە 50 خۆبەخش، لە نێویاندا 15 خانمە خۆبەخش".

سەرەتای كارەكانی ئەو تیمە، فریاگوزاری بوو، لەوانە دابینكردنی سەبەتەی خۆراك، هەڵدانی خێوەت و تەرخانكردنی شوێنی مانەوە، دابەشكردنی ئارد و هەروەها دابەشكردنی جلوبەرگ.

zlw3iya  (6)
یەكێك لەو خانووانەی تیمی خۆبەخشی زلوعیە نۆژەنیان كردۆتەوە فۆتۆ: راگەیاندنی تیمەكە

هەر پەیوەست نەبوون تەنیا بە ناوچە و پارێزگایەكەوە، لەمسەر بۆ ئەوسەری عیراق دەستیی هاوكاری تیمەكەی پێدەگەیشت، زیاتر كارەكانیان لەو پارێزگایانەدا چڕتر كردەوە كە كەمپەكانی ئاوارەكانی تێدابوو، لە نێویاندا كەمپی حەسەن شام لە هەولێر، كەمپی عەربەت لە سلێمانی، كەمپەكانی جەدعە و حەمام عەلیل لە نەینەوا، كەمپەكانی ئەنبار و كەمپەكانی سەڵاحەدین لەوانە شەهامە، تەل سیبات، حەردانیە و حەتە.

هەزاران خێزان لە سەڵاحەدین و پارێزگاكانی تر بەهۆی شەڕەوە لە 2014ـەوە ئاوارەبون تا لە كۆتاییەكانی 2017ـدا هەموو ناوچەكان كۆنتڕۆڵكرانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكانیش دەستیپێكرد.

"دوای ئازادكردنی ناوچەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، شێوازی كاركردنمان لە فریاگوزارییەوە خێرا و پەلەوە بۆ فریاگوزاری بەردەوام گۆڕا، بە تایبەت لە پێناو هاندان و بەهێزكردنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان" حەمەد وای وت.

لە هەنگاوە نوێیەكانیاندا، تیمی خۆبەخشی زەلوعییە لە چوارچێوەی هەڵمەتی (پەناگە) دەستیانكرد بە ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی خانووی زیانلێكەوتوو، تائێستا 119 خانوو نۆژەنكراونەتەوە، هەروەها لە هەڵمەتێكی دیكەدا بەناوی (داڵدەدان) 12 خانوویان بنیاتناوە.

zlw3iya  (1)
تیمی خۆبەخشی زلوعیە ئێوارەخوانیان بۆ هاوڵاتیانی ئاوارە رێكخستووە فۆتۆ: راگەیاندنی تیمەكە

كارەكانی ئەوان یەك و دوو نین، هەر توێژێكی دیاریكراویشی نەگرتۆتەوە؛ پرۆژەی بچوكیان بۆ ژنان هەبوو، ئەوانەی سەرچاوەی بژێوییان نەبوو، یان بەخێوكار و سەرۆك خێزانەكانیان لەدەستدا، تیمەكەی زەلوعیە توانییان مانگای شیردەر دابینبكەن.

"78 مانگا بەسەر ژنانی گوندنشیندا دابەشكرا، 78 خێزان سودمەند بوون، لەوانەی بێسەروشوێنیان هەیە، زۆرێكیان لە ناحیەی سەقلاوییەی فەلوجە بوون" حەمەد سومەیدەعی دەشڵێت هەر بۆ هاوكاری ژنان، ئامێری دروومان و پرۆژەی تایبەت بە كاری هەویریان بۆ 33 ژن تەرخانكردووە.

چالاكی كۆمەڵگەییان هەیە، سێ مانگ جارێك بازاڕ و پێشانگەی تایبەت بە ژنان دەكەنەوە، وەكو پاڵپشتییەك تا كارە دەستیی و هونەرییەكانیان بفرۆشن.

تیمی خۆبەخشی زەلوعیە ساڵانە لە دەستپێشخەرییەكدا بەناوی (خێوەتی نیشتیمان)، خۆبەخشان لە هەموو پارێزگاكانی عیراق كۆدەكەنەوە، بە ئامانجی گفتوگۆی كارەكانیان، بەهێزكردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT