دەربازبون لە سزا
پاڵنەری بەردەوامیدان بە توندوتیژی دژی رۆژنامەنوسان

هەولێر/ 2010/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی كوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان. وێنەكە لە پەیجی بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمانەوە وەرگیراوە

بەڵێن عزەت میکە

 

"بنەمایەکی گشتی هەیە دەوترێت ئەگەر تاوانبار نەدۆزرایەوە ئەوە تاوانەكە دەستی دەسەڵاتی تیادایە"، رۆژنامەنوس ئاسۆس هەردی وایوت. ئەوەش لە وەڵامی هۆكاری یەكلایینەكردنەوەی كەیسی كوشتن، هێرشكردن و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان و دەربازبونی تاوانباران لە سزا.

ئاسۆس هەردی كە خۆی یەكێكە لە قوربانیانی ئەو پێشێلكارییانە و نۆ ساڵ لەمەوبەر لە نزیك ئۆفیسی كاركردنی لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە بەدەستكە دەمانچە و بۆكس خەڵتانی خوێن كرا. دەڵێت هەمان دەستەواژە بۆ كەیسی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامەحەمە و كاوە گەرمیانی و دەیان كەیسی تر هەر راستە، كە بكەران یان بەنادیاری هێڵدراونەتەوە، یان دیارن و ئامادەنین بچنە بەردەم دادگا.

ئەو مەترسییە بەگشتی ئەوەیە، دەربازبون لە سزا، هانی پێشێلكاریی زیاتر دەدات بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لاوازای یاسایی و سیستمی دادوەری.

سەردەشت عوسمان، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا و 10 ساڵ لەمەوبەر، تەرمەكەی لەناو شاری موسڵ بە كوژراویی دۆزرایەوە. ئەوەش دوای 24 كاتژمێر هات لە رفاندنی لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین كە ئەو تێدا خوێندكاری قۆناغی چوارەم بوو.

سەردەشت گولـلە بە ناو دەمییەوە نرابوو و تەرمەكەی لە شەقامێكی موسڵ فڕێدرابوو، روداوەكە ناڕەزایی فراوانی چین و توێژە جیاوازەكانی لە هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.

xopishandan-8
یەكێك لە گردبونەوەكانی دژی كوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان. وێنەكە لە پەیجی بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمانەوە وەرگیراوە

یەكێك لەدواین، وتارەكانی سەردەشت عوسمان، "من عاشقی كچەكەی بارزانیم"، تیایدا باسی نادادپەروەری و دروستبونی چینایەتی گرتبوو. بەتەنزەوە باسی ئەوەی دەكرد كە ئەو ئەگەر ببێتە زاوای سەرۆك چۆن خۆشگوزەرانی روی تێدەكات و چیتر ناچار نییە لە گەڕەكێكی هەژارنیشن بژێت.

لە وتارێكی تریدا "یەكەمین زەنگی كوشتنم لێیدا"، باسی ئەو هەڕەشانەی دەكرد كە لەڕێی نامە و تەلەفونەوە پێش کوشتنی لێیدەكرا و تیایدا رەخنەی ئەوەی گرتبوو كە بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر نەهاتووە بە دەنگییەوە هەرچەندە ئاگاداركراوەتەوە.

دوای روداوەكە، دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر، "دانپێدانان"ی چەند كەسێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی "گروپێكی تیرۆریستی پەیوەندییان بە سەردەشت عوسمانەوە کردووە و چەندین جار داوایلێکراوە کاریان لەگەڵدا بکات، بەڵام دوای ئەوەی داواكەی رەتكردونەتەوە، كوشتویانە".

هەرزوو ئەم بابەتە لەلایەن کەسوکاری شەهید سەردەشت و رێکخراوەکان و چالاکوانان وەکو سیناریۆی دەسەڵات بۆ ونکردنی تاوانباری سەرەکی کەیسەکە لێکدرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دادگای هەولێر لەسەر بنەمای ئەو "دانپێدانانە"، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو كەسانە دەركرد و كەیسەكەی داخست، هەرچەندە هێشتا رون نییە ئایا لەسێدارەدران یان نا.

رێكخراوی سەردەشت عوسمان، ئەوكات لە راگەیەنراوێكیاندا جەختیكردەوە "ئەو سیناریۆ و گاڵتەجارییە هەوڵێکە بۆ شاردنەوە و رزگارکردنی تاوانباران لە سزاو تێپەڕاندنی دۆسیەی سەردەشت عوسمان... لیژنەی لێكۆڵینەوەش لە كەیسەكە بۆ شاردنەوەی تاوانەکە و خۆڵکردنە چاوی حەقیقەتە".

لیژنەی لێكۆڵینەوەش لە كەیسەكە بۆ شاردنەوەی تاوانەکە و خۆڵکردنە چاوی حەقیقەتە

بەشدار عوسمان، لە دەیەمین ساڵیادی سەردەشت عوسمانی برایدا، بە (کەركوك ناو)ی وت "ئێمە دڵنیاین لەوەی بکوژانی براكەم لەسەری سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتدان، هەر بۆیە دەسەڵاتی دادوەریش ناتوانێت لێپێچێنەوەیان لەگەڵدا بکات و سزایان بدات".

"هۆکاری سەرەكی دەربازبونی بكوژانی رۆژنامەنوسان و هێرشبەران لە یاسا، ئەوەیە کە تاوانەکان خودی کەسانی دەسەڵاتدار ئەنجامیان دەدەن و لەسەروو هەموو دەزگایەکەوەن"، بەشدار عوسمان وایوت.

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یونسكۆ - سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان – لە نێوان ساڵانی 2006  بۆ 2017، هەزار و 10 رۆژنامەنوس لە جیهاندا كوژراون، بەو پێیە هەموو چوار رۆژ جارێك رۆژنامەنوسێك كوژراوە.

rozhnamanus-1
سلێمانی/ دوو رۆژنامه‌نوس له‌كاتی رۆماڵی خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

 

بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، لەهەر 10 كەیسێك، نۆ كەیسیان لە سزا دەربازیان بووە، واتە بەڕێژەی لەسەدا 90.

لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان 2015 بۆ 2020، 419 کەیسی پیشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان تۆماركراوە، لەنێویاندا کوشتن، ئەشكەنجەدان، دەستگیرکردن و رێگرییلێکردن. هەر بەپێی راپۆرتی سەندیكای رۆژنامەنوسان، زۆربەی ئەو پێشیلکارییانە ئەنجامدەرەکانیان لەسزا دەربازبون.

بەشدار عوسمان دەڵێت "كاتێك ئەنجامدەری تاوانێک نەدۆزرێتەوە، پەنجەی تاوان بۆ دەسەڵات رادەکێشرێت".

بۆ نمونە كەسوكاری سەردەشت عوسمان، داوایانكرد كەسێك نوێنەرایەتی خێزانی سەردەشت بكات، یان نوێنەری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، لەو لیژنەیە بەشداربن كە حكومەت بۆ دۆسییەكە پێكیهێنا، بەڵام داواكەیان رەتكرایەوە.

"ئەوە تەنیا داواكاریی ئێمە بوو، كاتێك رەتكرایەوە و بینیمان لەناو دادگاش هەوڵی بەلاڕێدابردنی کەیسەکە هەیە، دادگامان بەجێهێشت، چونکە دەمانزانی ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە دەسەڵات دەیەوێت"، بەشدار وایوت.

دادگامان بەجێهێشت، چونکە دەمانزانی ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە دەسەڵات دەیەوێت

كەیسی هێرشكردن بۆ سەر رۆژنامەنوس ئاسۆس هەردی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوێنە، یەکێک لە کەیسە دیارەکانی تری دژ بە رۆژنامەنوسان.

ئەو لە 29ی ئابی ساڵی 2011، لە نزیك ئۆفیسەكەی لە سلێمانی بەسەختی برینداركرا، كەیسەكەی نۆ ساڵە بە كراوەیی ماوەتەوە.

تۆمەتبارانی کەیسەکەی ئاسۆس هەردی، كارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەن و سەر بە هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن و بۆ یەكجاریش نەچونەتە بەردەم دادگا.

asos. hardi

سلێمانی/ 29ی ئابی 2011/ ئاسۆس هەردی دوای ئەوەی لە نزیك ئۆفیسەكەی بەسەختی برینداركرا. فۆتۆ: زمناكۆ ئیسماعیل

 

ئاسۆس هەردی و پارێزەرەكەی جەختدەكەنەوە لەوەی "هەندێک لە پیشیلکارییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراون، هەرکاتێک دادگا بیەوێت ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان بانگ بکات، دەبێت رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ و مەرجەعی ئەو هێزە وەربگرێت، ئەگەرنا رادەستی دادگا ناکرێت، ئەمەش بۆتە رێگرییەكی گەورە لەبەردەم بەسزاگەیاندنی تاوانباران".

بەپێی وتەی ئەوان دەیانجار دادگا ئاگاداری بۆ هێزەكانی 70 ناردووە، بەڵام وەڵامی دادگایان نەداوەتەوە.

مستەفا چاوڕەش، لێپرسراوی هێزەکانی یەکەی حەفتا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو روداوە هی ساڵی 2011ەیە و پەیوەندی بە منەوە نییە، چونكە دوو مانگە لەم پۆستە دەستبەكاربوم، نە ئاگاداریی دۆسییەكەم نە دەزانم بۆچی هاوكاریی دادگا نەكراوە".

ئەو روداوە هی ساڵی 2011ەیە و پەیوەندی بە منەوە نییە، چونكە دوو مانگە لەم پۆستە دەستبەكاربوم

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو ئامادەیە هاوكاریی دادگا بكات، ئەگەر داوای رادەستكردنەوەی ئەو تۆمەتبارانەی لێبكرێت، وتی "دادگا هەر داواکارییەکی هەبێت جێبەجێی دەکەم و هاوکارییان دەكەم".

دەیان كەیسی تری كوشتن، لێدان و سوكایەتیی بە رۆژنامەنوسان هێشتا لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بەكراوەیی ماونەتەوە و بكەر یان نادیارە یان دەستگیرنەكراوە، لە نێویاندا كەیسی كوشتنی سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی و ویداد حسێن و دەیان پێشێلكاری تر.

"ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی دەبنە پرسیار بەسەر دەسەڵاتەوە، چونکە دەسەڵات دەتوانێت گەورەترین تاوانەکانی تیرۆر ئاشکرابکات و سزایان بدات، بۆچی ناتوانێت پێشێلکارانی مافی رۆژنامەنوسان ئاشکرابکات، بۆیە بنەمایەکی گشتییە لەو کەیسانەدا پەنجەی تاوان بۆ دەسەڵاتداران ڕابکێشرێت"، ئاسۆس هەردی وایوت.

د.کارزان محەمەد، پسپۆڕ لە یاساکانی کاری رۆژنامەوانیی و مامۆستای بەشی راگەیاندن لە سلێمانی، دەڵێت بەگوێرەی یاسا، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر رۆژنامەنوسان وەک دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانبەرانی دەوڵەت، بەڵام "هەندێکجار مافی رۆژنامەنوسان پێشێلدەکرێت و هیچ لێپێچینەوەیەک لە ئەنجامدەران ناکرێت، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە ئەوانەی پێشێلکارییەکە دەکەن سەر بە حزبێک یان عەشیرەتێکن و خاوەن دەسەڵاتن و یاسا ناتوانێت راپێچیان بکات".

سەندیكاكانی بەرگری لە مافی رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستاندا قوڵبونەوەی ململانێیە سیاسییەكان بەهۆكاری پێشێلكارییەكان و لەسزا دەربازبونی تۆمەتباران دادەنێن. بۆ نمونە لە كەیسی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كوشتنی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانیدا، نوێنەری سەندیكای رۆژنامەنوسان هەر زوو كشایەوە.

ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بە (کەرکوک ناو)ی وت "چونكە کارەکانی لێكۆڵینەوەی لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران بەلاڕێدابران، بۆیە كشانەوە باشتر بوو".

کارەکانی لێكۆڵینەوەی لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران لە كەیسی كاوە گەرمیانیدا بەلاڕێدابران، بۆیە كشانەوە باشتر بوو

كاوە گەرمیانی، رۆژنامەنوس ‌و سەرنوسەری گۆڤاری رایەڵ لە قەزای كەلار سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە 5ی كانونی یەكەمی 2013 لە ناو حەوشەی ماڵی دایكی دەستڕێژی‌ گولـلەی‌ لێكراو تێرۆركرا.

لەو دۆسیەیەدا هەرچەندە كەسێك وەك تۆمەتباری سەرەكی بە سزای لەسێدارەدان حكومدرا، بەڵام كەسوكاری ئەوە رەتدەكەنەوە‌ و داوای ئاشكراكردنی بكەری پشت تاوانەكە دەكەن، كە پێیانوایە لێپرسراوێكی باڵای حزبیی و ئەمنی لەپشت روداوەكەیەوە.

كاروان ئەحمەد، برای كاوە گەرمیانی پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "كەیسەكە دانەخراوە‌، راستە كەسێك دانپێدانانی هەیە‌ و سزای لەسێداردانی هەیە، بەڵام دەبێت بزانین كێ‌ لە پشت تاوانەكەوەیە؟".

"زۆرجار پرسە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان هەبووە، بەگشتی کەیسەکانی رۆژنامەنوسان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکاندا دەمێننەوە و دادگا ناگاتە بڕیاری کۆتایی لەبارەیانەوە"، ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسان وایوت.

مەترسییەكی گەورەی بەردەم، دەربازبونی تاوانباران لەسزا، وەك بەشدار برای سەردەشت عوسمان، دەڵێت "ئەوەیە خەڵکانی تریش هاندەدرێن بۆ ئەوەی هەمان تاوان دەکەن".

زیاتر وتی "ئەگەر بکوژانی سۆرانی مامەحەمە سزابدرانایە ئەوا سەردەشت عوسمان تیرۆر نەدەکرا، ئەگەر بکوژانی ئەویش سزابدرانایە ئەوا کاوە گەرمیانی و ویداد حسێن تیرۆر نەدەکران، بۆیە بەردەوام ئەگەرێکی کراوەیە رۆژنامەنوسان تیرۆر بکرێن".

بە بۆچونی یونێسكۆش دەربازبون لە سزا، هانی پێشێلكاریی زیاتر دەدات بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، ئەوەش زۆرجار ئاماژەیە بۆ "قوڵبونەوەی ململانێیەكان، لاوازای یاساییی و سیستمی دادوەری".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT