51 هەزار ئاوارە لە پارێزگای دهۆك بۆ یەكەمجار مامەڵەی وەرگرتنی كارتی دەنگدانیان كردووە و ئامادەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەو ژمارەیە 43 هەزاریان لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا دەژین.
ئەو ئامارە دوای هەڵمەتێكی چڕی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دێت كە لەڕێی كردنەوەی 41 بنكەی تایبەت لەناو كەمپەكان و 15 تیمی گەڕۆكەوە دەستیانپێكرد بە ئامانجی هاندانی ئاوارەكان و كارئاسانیكردنیان بۆ دەرهێنانی كارتی دەنگدان. هەڵمەتەكە تا 20ی ئابی ئەمساڵ بەردەوامبوو.
بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە پەرلەمانی عيراق لە 27ـی ئاداری 2023 پەسەندی كرد، ئاوارەی ناو كەمپ، مافی ئەوەی هەیە لە كەمپەكەوە دەنگ بۆ بازنەی هەڵبژاردنی زێدی خۆی بدات. هەرچی پەیوەستە بە دەنگدەرانی ئاوارەی قەزای شنگال، ئەوا دەتوانن لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپ-یش راستەوخۆ دەنگ بۆ بازنەی هەڵبژاردنی زێدی خۆیان بدەن.
سەبرى ئەمین (19ساڵ)، یەكێكە لەو ئاوارانەی مامەڵەی بایۆمەتری بۆ وەرگرتنی كارتی دەنگدانی لەناو كەمپ تەواوكرد، وتی "دەمەوێت ئەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن بكەم و دەنگی خۆم بدەم"، بەڵام سەبری هێشتا كارتەكەی وەرنەگرتۆتەوە، دوای ئەوەی وەسڵی وەرگرتنەوەی كارتەكەی ونكرد.
دەمەوێت ئەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن بكەم و دەنگی خۆم بدەم
ئەو خەڵكی كۆمەڵگەی تەل بەناتە لە قەزای شنگال و نۆ ساڵە لە كەمپی كەبەرتوو تایبەت بە ئاوارەكان دەژیت لە پارێزگای دهۆك، دوو مانگ لەمەوبەر چووە بنكەیەكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەناو كەمپەكە و مامەڵەكانی راییكرد.
سەبری نمونەی هەزاران دەنگدەری نوێی ئاوارەیە لە پارێزگای دهۆك كە لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندان كە بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021دا بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن 120 هەزار و 126 دەنگدەری ئاوارە مافی دەنگدانیان هەبوو. كە زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون بە 69 هەزار دەنگدەر، بەڵام رون نییە لەم دوو ساڵەدا لەو 69 هەزار دەنگدەرە چەندیان بۆ شوێنی خۆیان گەڕاونەتەوە.
لە كۆی زیاتر لە 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان، زۆرینەیان خەڵكی نەینەوا بە تایبەت قەزای شنگال-ــن و سەدا 30ـیان ئێزیدین. لە پارێزگای دهۆك تائێستا 15 كەمپی ئاوارە هەیە كە 135 هەزار و 616 كەس تێیاندا نیشتەجێن.
خالید عەباس، بەڕێوەبەرى ئوفیسى دهۆکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە بە پشتبەستن بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان هەستاین بە كردنەوەی 41 بنكەی تایبەت بە ئاوارەكان و 15 تیمی گەڕۆك بۆ كارئاسانیكردن بۆیان، لەو ماوەیەدا 51 هەزار ئاوارە بۆ یەكەمجار مامەڵەی وەرگرتنی كارتی دەنگدانیان تەواوكرد، نزیكەی 43 هەزاریان لەناو كەمپ و ئەوەی تر دەرەوەی كەمپ".
41 بنكەی تایبەت بە ئاوارەكان و 15 تیمی گەڕۆكمان بۆ كارئاسانیكردن بۆ ئاوارەكان كردەوە
ئەوەش لەكاتێكدایە لەناو كەمپ 135 هەزار 616 ئاوارە نیشتەجێن كە كەمترە لەو ئاوارانەی لە دەرەوەی كەمپەكانن و ژمارەیان 188 هەزار و 944 كەسە، بەپێی نوسینگەی دهۆكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق.
بەپێی یاساكە ئەو ئاوارانەی لە دەرەوەی كەمپەكانن – جگە لە ئێزیدی- پێویستە بۆ دەنگدان بچنەوە ناوچەكانی خۆیان، بەڵام ئەوانەی ناو كەمپ و ئێزیدییەكانی دەرەوەی كەمپ-یش دەتوانن لە شوێنی نیشتەجێبونی ئێستایانەوە دەنگ بۆ بازنە یان پارێزگاكەی خۆی بدات.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و وەزارەتی كۆچ هیچ ئامارێكی تەواوی ئەو ئاوارانەی لا نییە كە مافی دەنگدانیان هەیە و كارتی دەنگدانیان دەرنەكردووە. بەپێی بڕیارەكانی كۆمسیۆن لە 20ی ئابەوە مامەڵەی دەركردنی كارتی دەنگدان كۆتاییهاتووە.
ئەسکەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەرى نوسینگەی دهۆكی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "تیمەكان و بنكەكانی كۆمسیۆن بە باشی كاری خۆیان كرد، هەموو هەوڵێك درا بۆ ئەوەی مافی دەنگدانی ئاوارەكان نەفەوتێت و ئێمە ئامادەین هەموو کارئاسانى و هاوکارییەکیان بكەین".
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردنە.