وردەكاری گۆڕانكارییەكانی یاسای هەڵبژاردن
هاوڵاتیان لە كەركوك و ئاوارەییدا بە مەرج دەتوانن دەنگبدەن

كەركوك/ هۆڵی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەر هاوڵاتییەك لە كەركوك، ئەگەر لە تۆماری سەرژمێری 1957ـدا نەبێت یان نەتوانێت بەپێی كۆبۆنی خۆراكی پێش ساڵی 2003 بیسەلمێنێت كە دانیشتوی سنوری پارێزگاكەیە، ئەوا مافی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عیراق نابێت، جگە لەوانەی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستور دەیانگرێتەوە.

پەرلەمانی عيراق لە 27ـی ئاداری 2023 بە ئامادەبونی 218 پەرلەمانتار لە كۆی 329 پەرلەمانتار، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان و قەزاكانی پەسەند كرد، ئەوەش دوای چەندین هەفتە لە مشتومڕ و كۆبونەوەی پڕ لە ئاڵۆزی.

لە دوای ئەو هەموارەوە، تەنیا یەك یاسا بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عیراق كاری پێدەكرێت، ئەویش یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموار كراوە.

هەموارەكە چەندین گۆڕانكاری لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا كردووە، بە تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە لە ساڵی 2013ـەوە نەكراوە، كەركوكیش بۆ یەكجار و تەنیا ساڵی 2005 لەو پرۆسەیەدا بەشداربووە، بەشێكی گۆڕانكارییەكان تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەن، تۆماری دەنگدان لە كەركوك و دەنگدانی ئاوارە.

لە ماددەی 5ـی هەمواری یاساكەدا هاتووە؛ ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەمساڵدا دیاریدەكات، كە ئەو وادەیە لە 20ـی كانونی یەكەمی 2023 تێنەپەڕێت.

ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لە كۆتایی 2019ـدا و بەپێی هەمواری دوەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانەوە كۆتایی بە كارەكانیان هێنرا، ئەوەش یەكێك بوو لە داواكاری خۆپیشاندەرانی ئەوكاتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە، كە بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی مەدەنی كوژران و هەزاران هاوڵاتی تر برینداربون.

هەڵبژاردن لە كەركوك

komsionkirkuk
كه‌ركوك/ ئایاری 2018/ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ماددەیەكی هەمواری یاسای هەڵبژاردن تایبەتە بە پارێزگای كەركوك، كە تیایدا ماددەی 35ـی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018 هەڵوەشێنراوەتەوە و لە جێگاكەی چەند بڕگەیەك دیكە نوسراوە.

لە بڕگەی یەكەمی ماددەی 13ـی هەموارەكەدا هاتووە؛ كۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هەماهەنگی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان) لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی پارێزگای كەركوك لە پەرلەمان وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكات لەسەر چەند بنەمایەك.

بەپێی بنەمای یەكەمی وردبینییەكە؛ ئەو هاوڵاتیانەی لەچوارچێوەی سەرژمێری ساڵی 1957 تۆماركراون، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەی زاب و ناحیەی سەرگەڕان، ناویان لەتۆماری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەبێت كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان پشتی پێدەبەسترێت.

لە بنەمای دوەمدا هاتووە؛ ئەو هاوڵاتییانەی راگوێزرابون (تەرحیل كرابون) و گەڕاونەتەوە و رێكارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140ـی دەستوریان تێپەڕاندووە یان رێكارەكانی ئەو لیژنەیە تێدەپەڕێنن، ئەوا ناویان لە تۆماری دەنگداندا دەبێت.

هەروەها بنەمای سێیەمی وردبینی تۆماری دەنگدەران باسلەوەدەكات؛ هاوڵاتیانی نیشتەجێبی پارێزگای كەركوك كە لەڕێی كۆبۆنی خۆراك (فۆڕمی بایەعی) پێش ساڵی 2003ـەوە دەتوانن نیشتەجێبونیان لە سنورەكەدا بسەلمێنن، مافی دەنگدانیان دەبێت.

بڕگەی دوەمی ماددەی 13ـی تایبەت بە كەركوك لە هەموارەكەدا دەڵێت؛ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری په‌یوه‌ست به‌ دیاریكردنی داهاتووی كه‌ركوك.

ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوردایه‌ له‌رێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی.

ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری په‌یوه‌ست به‌ دیاریكردنی داهاتووی كه‌ركوك

لە بڕگەیەكی دیكەی یاسای هەڵبژاردندا هاتووە كە حوكمەكانی ماددەی 13ـی تایبەت بە كەركوك تەنیا بۆ یەك خولی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانە.

بەپێی بڕگەی چوارەم و كۆتایی ئەو ماددەیەی هەموارە نوێیەكە؛ دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت. كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر لە ماددەی 35ـی هەمواركراوی یاساكەدا كە ئێستا هەڵوەشێنراوەتەوە، دەبوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رێكارێك داب‌نێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكانی كه‌ركوك، به‌ده‌ر له‌ پۆسته‌ فیدراڵییه‌كان، بە رەچاوكردنی پشكی نه‌ته‌وه‌كان.

پارێزگای كەركوك، لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵه‌بانی، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب ‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان، به‌ڵام چەند ساڵێكە ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌یه.

هەر لە ماددەی 35ـی هەڵوەشاوەدا پێشتر كۆمسیۆن پابەندكرابوو بە وردبینی و بەراوردی تۆماری دەنگدەرانی كەركوك لە نێوان فۆرمی خۆراك و پێناسی باری شارستانی، بەوەش هەر ناوێك لە هەردوكیاندا نەبوو، ئەوا لە تۆمارەكەدا دەسڕدرێتەوە، بەدەر لەوانەی رێكارەكانی ماددەی 140یان تەواوكردووە، ئەوكات لایەنەكانی كوردی ناڕازی بون و ترسیان هەبوو بەوهۆیەوە نزیكەی "15 هەزار كورد مافی دەنگدانیان بفەوتێت كە فۆرمی خۆراكیان لە كەركوك و پێناسی باری شارستانیان یەكێك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوو".

بەپێی بەرنامەی وزاری كابینەی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە لە 27ـی تشرینی یەكەمی 2022 پەرلەمان پەسەندی كرد، پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عیراق بكرێت، ئەوەش لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك دوای پێكهێنانی حكومەت.

 

دەنگدانی ئاوارە

tomaridangdaran
دهۆك/ 2019/ بنكه‌یه‌كی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگدان له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی شاریا فۆتۆ: یونامی

هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، زنجیرەیەك گۆڕانكاری دەربارەی دەنگدانی ئاوارە ناوخۆییەكانی ناو كەمپ و دەرەوەی جێگیركردووە، لە ماددەی 3ـیەمدا دەڵێت ئاوارە ئەو عیراقییەیە كە لە دوای 9ـی كانونی یەكەمی 2013 لە شوێنی هەمیشەیی خۆیەوە بۆ شوێنێكی دیكەی ناو وڵات ئاوارە بووە.

بەپێی ماددەی 16ـی هەموارەكە، ماددەی 47ـی یاسای ژمارە 12ـی 2018 هەڵدەوەشێنرێتەوە و چەند بڕگەیەكی دیكە جێگەی دەگرێتەوە، لە بڕیەكیاندا هاتووە كە تۆماری دەنگدەرانی ئاوارە پشت بە دوایین ئاماری رەسمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەبەستێت و ئاوارەی ناو كەمپ، مافی ئەوەی هەیە لە كەمپەكەوە دەنگ بۆ دائیرەی هەڵبژاردنی زێدی خۆی بدات.

دەنگدانی ئاوارە بەپێی كارتی بایۆمەتری دەبێت، كۆمسیۆن پابەندە بە كردنەوەی ناوەندی دەنگدان لەناو كەمپەكاندا و دەنگدانیشیان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەبێت، كە 48 كاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان، جگه‌ له‌ په‌نجه‌مۆر، وێنه‌ی هاوڵاتیانی ده‌نگده‌ری له‌سه‌ر هه‌یه‌.

بڕگەیەكی دیكەی هەموارەكە تایبەتە تەنیا بە دەنگدەرانی ئاوارەی قەزای شنگال، لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپ، دەتوانن راستەوخۆ دەنگ بۆ بازنەی هەڵبژاردنی زێدی خۆیان بدەن، بەڵام تەنیا لەڕێی كارتی بایۆمەتری درێژخایەنەوە.

ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ دەبێت لە ناوەندی دەنگدانیان لە زێدی خۆیان دەنگبدەن

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ سەدا 54ـیان خەڵكی نەینەوان و زۆرینەش لە عەرەبی سونە و ئێزیدیین، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین، ئەوانیتر كە زیاتر لە 490 هەزار كەسن لە دەرەوەی كەمپن، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ دەبێت لە ناوەندی دەنگدان لە زێدی خۆیان دەنگبدەن لە كارتی بایۆمەتری و حكومەتیش پابەند بە ئاسانكاری و گواستنەوەیان بۆ ناوەندەكانی دەنگدان، وەك لە هەمواری یاساكەدا هاتووە.

پێش هەمواری یاساكە دەبوو هەموو هاوڵاتییەكی ئاوارە لە كەمپ و دەرەوەی كەمپ بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بۆ دەنگدان، ئەوەش مەترسی فەوتانی دەنگدانی هەزاران كەسی لێكەوتەوە، كە بە پاساوی ناسەقامگیری ئەمنی و دوری رێگای هاتوچۆ نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە، لە هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانیشدا زیاتر له‌ نیوەی دەنگدەرانی ئاوارە به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانه‌وه‌ نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن لە نێویاندا بێ ناسنامەیی، رێگریی ئەمنی، نەبونی كارتی دەنگدان، دوری بنكەكانی كۆمسیۆن و فشاری حزبی.

لە بڕگەی سێی ماددەی 22ـی هەموارەكەدا هاتووە پێویستە كۆمسیۆن كارتی دەنگدان لە هاوڵاتیانی ئاوارە وەربگرێتەوە، ئەوانەی لە دەنگدانی تایبەتدا بەشداردەبن، لەڕێی وەسڵێكەوە كاتێكی دیكە پێاندەداتەوە، دەبێت ناوەكانیشیان دیاریبكات و رێكاری هەبێت تا رێگریبكات لەوەی لە دەنگدانی گشتیشیدا بەشداری پرۆسەكە بكەنەوە.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكیە 2021ـی پەرلەمانی عیراقدا، 120 هەزار و 120 دەنگدەری ئاوارە لە سەرانسەری وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەبوو، كە زۆرینەی لە دهۆك بون، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن بۆ (كەركوك ناو).

حكومەتی فیدراڵی عیراق، تەواوی كەمپەكانی ئاوارەیی داخستووە، تەنیا كەمپەكانی هەرێمی كوردستان ماونەتەوە.

 

كورسییەكانی ئەنجومەن و پەرلەمان

hkwmat-le-perleman-3
بەغدا/ تشرینی یەكەمی 2022/ دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حكومەتی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان 

لە هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا؛ كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا زیاتر لە نیوەی نامێنێت بەراورد بە پێشتر، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان و دابەشكارییان بەپێی پارێزگاكان، وەك خۆی دەمێنێتەوە.

بەپێی بڕگەی دوەم لە ماددەی 9ـی هەموارە نوێیەكە؛ ئەنجومەنی پارێزگا لە 12 كورسی پێكدێت، بۆ هەر 200 هەزار كەسێك كورسییەكی دیكە زیاد دەكرێت كاتێك ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە لە ملیۆنێك كەس تێپەڕێت، ئەوەش پاڵپشت بە ئاماری وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2019.

لەو دابەشكارییەدا ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك دەبێتە 16 كورسی، كە كورسییەكی بۆ كۆتای كریستیانە، ئه‌وه‌ش به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 600 هه‌زار كه‌س، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی 2005ـدا 41 كورسی هه‌بوو.

ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئەنجومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌بێته 29 كورسی بۆ زیاتر له‌ سێ ملیۆن و 800 هه‌زار كه‌س، كه‌ سێ كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانی كریستیان، ئێزیدی و شه‌به‌ك تەرخانكراوە.

هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین، یه‌كی 15 كورسی ئه‌نجومه‌نیان بۆ دیاریكراوه‌، كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ر پارێزگایه‌كیان ده‌گاته‌ زیاتر له‌ ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌س.

پێكهاتەكانی كاكەیی، بەهائیی و ئەرمەن كورسی كۆتایان بۆ تەرخاننەكراوە

هەریەك لە پێكهاتەكانی كوردی فەیلی دوو كورسی لە بەغدا و واست، سابیئەی مەندائی دوو كورسی لە بەغدا و میسان، ئێزیدی كورسییەك لە نەینەوا، شەبەك كورسییەكی لە نەینەوا، مەسیحی جگە لە كەركوك، لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەغدا و بەسرە و نەینەوا كورسی كۆتایان هەیە.

بەڵام پێكهاتەكانی كاكەیی، بەهائیی و ئەرمەن كۆتایان لە ئەنجومەنی هیچ پارێزگایەكی عیراقدا بۆ تەرخاننەكراوە.

329 كورسییەكەی پەرلەمانی عیراق، دابەشكاری بەسەر پارێزگا و كەمینەكاندا دەستكاری نەكراوە، تەنیا بڕیاردراوە كە بۆ دوو كورسییەكەی كۆتای كریستیان لە دهۆك و هەولێر، هەموو هەرێمی كوردستان بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بۆ كورسییەكانی كۆتای كریستیان لە پشكی كەركوك، نەینەوا و بەغدا هەموو عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان دەبێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن.

بۆ كورسییەكەی سابیئەی مەندائی هەموو عیراق یەك بازنەیە، بەڵام بۆ كۆتای ئێزیدی، شەبەك و كوردی فەیلی ئەو پارێزگایەی كورسییەكەی بۆ دانراوە، دەبێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن.

لە لیستی كاندیدەكان و دواتر یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت رێژەی سەدا 25 بۆ ژنان بێت.

گۆڕانكارییەكانی دیكەی هەڵبژاردن

kirkukdandan
كه‌ركوك، 2018، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هاتووە؛ هەندێك گۆڕانكاری دەربارەی كاندیدەكان و بەڕێوەچونی پرۆسەكە كراون؛ لە نێویاندا پێویستە هەردوو پرۆسەكە بەر لە 45 رۆژ لە كۆتاییهاتنی وادەی یاساییان هەڵبژاردن بكرێت و وادەكەیشی 90 رۆژ پێشتر دیاریدەكرێت.

لە ماددەی 6ـی هەموارەكەدا، تەمەنی كاندید بۆ هەڵبژاردن لە 28 ساڵەوە زیادكراوە بۆ 30 ساڵ، دەبێت بڕوانامەی بەكالۆریۆس یان هاوتاكەی هەبێت، تەنیا بۆ كەمینەكان ئاساییە ئەگەر هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بەرەو سەرەوە بێت.

كاندیدی هەڵبژاردن نابێت حوكمدراو بێت بە تاوان و كەتنی شەرەف یان دۆسیەی گەندەڵی ئیداری و دارایی بەپێی ماددەی (330، 333، 334. 335، 336، 338، 339 و 340)ـی یاسای سزادانی عیراقی، ئەگەر بەر لێبوردنیش كەوتبێت.

بەپێی ماددەی 7ـی هەموارەكە لەمەودوا یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی (1،7 – 3 – 5- 7 – 9 .....هتد) دەبێت لە بری سیستەمی (1،9 – 3 – 5 – 7 – 9 .... هتد).

هەر پارێزگایەك كراوەتە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بەپێی ماددەی 12 لە هەموارەكە، كە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەماندا هەر پارێزگایەك كرابوو بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو عیراق لە یەك رۆژدا بەڕێوەدەچن، واتە هیچ پارێزگایەك جیاناكرێتەوە.

بەپێی ماددەی 19ـی هەموارەكە هیچ پەرلەمانتار یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی.

كۆمسیۆن لەماوەی 10 رۆژدا پەنجەمۆری هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بەراورد دەكات

پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەن پێویستە لە ماوەی مانگێك دوای یەكەم دانیشتن سوێندی دەستوری بخۆن، بەپێچەوانەوە خاوەنی زۆرترین دەنگی دەرنەچوو لە لیستەكەی دەخرێتە جێگەی، ئەگەر تاك كاندیدی دەرچوو سوێندی دەستبەكاربونی نەخوارد، ئەوا كاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگی دەرنەچوی لیست یان كاندیدی تاكەكەسی دەچێتە جێگاكەی.

ئەگەر پەرلەمانتار یان ئەندامی ئەنجومەن بەهەر هۆكارێك كورسییەكەی لەدەستدا، ئەوا كاندیدی دوای خۆی بەپێی ریزبەندی دەنگەكان جێگەی دەگرێتەوە، ئەگەر لە لیستی تاكەكەسیش بوو، ئەوا كاندیدی حزب یان لیستێك جێگەی دەگرێتەوە كە زۆرترین دەنگی هەبووە و بەشی بەدەستهێنانی كورسی نەبووە.

ئەگەر شوێنە بەتاڵەكە پشكی ئافرەت بوو، پێویستە هەر ئافرەت جێگەی بگرێتەوە.

هەمواری یاساكە چەندین ماددە و بڕگەی تایبەت بە كاری كۆمسیۆنی زیادكردووە، بە ئامانجی رێگری لە دروستبونی كێشە لەكاتی دەنگدان و نەهێشتنی گومانی ساختەكاری، لە نێویاندا پێویستە كۆمسیۆن لە 10 رۆژدا پەنجەمۆری هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بەراورد بكات.

پشت بە هەردوو هەژماری ئەلیكترۆنی و دەستی دەنگەكان دەبەسترێت، ئەگەر لە هەر وێستگەیەكی دەنگداندا جیاوازی هەردوو ژماردنەكە نەگاتە سەدا 5، ئەوا پشت بە ئەنجامی ژماردنی دەستی دەنگەكان دەبەستن، بەڵام ئەگەر رێژەی جیاوازییەكە لە سەدا 5 زیاتر بوو، ئەوا سندوقەكە دەگوازرێتەوە بۆ بنكەی ناوەندی بە ئامانجی وردبینی.

هەر وێستگەیەك ئەنجامی دەنگەكانی لە شەش كاتژمێر دوای كۆتایی كاتی دەنگدان نەنێرێت ئەوا سندوقی دەنگدانەكە دەخرێتە ژێر پرۆسەی وردبینییەوە.

لە هەر وێستگەیەكی دەنگداندا نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر تا سەدا 5 رێگەپێدراوە و دوای ئەو رێژەیە تەنیا ئەوانە رێگەی دەنگدانیان پێدەدرێت كە پەنجەمۆریان دەیخوێنێتەوە و كێشەی نییە.

لە ماددەی 24ـی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا هاتووە؛ لە نەبونی ئەنجومەنی قەزاكاندا دەسەڵاتەكان دەگوازرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە نەبونی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا دەسەڵاتی راسپاردنی قایمقام دەدرێت بە پارێزگار، بەڵام یاساكە هیچ ئاماژەیەكی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ئەنجومەنی ناحیە نەكردووە، كە تا كۆتایی 2019 هەبوون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT