ده‌نگی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ له‌ مه‌ترسی فه‌وتاندایه‌

دهۆك، 2019، بنكه‌یه‌كی ده‌رهێنان و نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگدان له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی شاریا فۆتۆ: یونامی

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

ئاواره‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عیراق، مافی به‌شداریكردن و ده‌نگه‌كانیان روبه‌ڕوی مه‌ترسی فه‌وتان بۆته‌وه‌، به‌هۆی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه‌.

له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌ 700 هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌ و به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان و له‌وێ به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لێكه‌وتۆته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی زۆرینه‌ ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ نین.

به‌سنا میرزا، ئاواره‌ی هه‌رێم و چالاكوانی مافه‌كانی ژنانه‌، نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی دوای پێنج ساڵ له‌ ئاواره‌یی ده‌نگی هه‌زاران كه‌س له‌به‌رده‌م فه‌وتاندایه‌، بۆیه‌ ئه‌و مادده‌ یاساییه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

"به‌پێی یاساكه‌ ده‌بێت هه‌موو كه‌س له‌ شوێنی خۆی ده‌نگبدات، ئه‌گه‌ر وایه‌ فه‌رموو با حكومه‌ت شنگال ئاوه‌دانبكاته‌وه‌ و هێزه‌ ناشه‌رعییه‌كان ده‌ربكات، تا خه‌ڵك بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌نگی خۆی بدات" به‌سنا بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

camp.kabartoo
دهۆك، 2019، كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌ ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وای تێدایه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، كه‌ په‌رله‌مان له‌ ته‌مموزی ئه‌مساڵدا په‌سه‌ندی كرد، ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان پێویسته‌ له‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆیاندا ده‌نگبده‌ن، ئه‌وه‌ش له‌رێی كارتی بایۆمه‌ترییه‌وه‌.

به‌سنا ده‌ڵێت "هه‌ر ئاواره‌یه‌ك ته‌نیا بۆ رۆژێك بچێته‌وه‌ شنگال زیاتر له‌ 30 هه‌زار دینار خه‌رجده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له ‌ناخۆشی رێگا‌كه‌ و ترس له‌ناوچه‌كه‌، ئیتر هۆكار چییه‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان له‌ناو كه‌مپه‌كان دانانێن، ئه‌گه‌ر ترشی ته‌زویریشیان هه‌یه‌ خۆ كه‌س رێگری نه‌كردووه‌ با ده‌یان چاودێر دابنێن".

زۆرینه‌ی ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ له‌ كه‌مپ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپدا نیشته‌جێن، به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان و وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ ئاماده‌نین بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

سه‌گڤان حه‌سه‌ن، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندن له‌ ئوفیسی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان عیراق له‌ پارێزگای دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "تائێستا هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌و مادده‌ یاساییه‌دا نه‌كراوه‌ و ئه‌مه‌ش به‌لای ئێمه‌وه‌ بڕیارێكی زۆرباشه‌، چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و پارته‌ سیاسییه‌كانیشدایه‌، كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانیت له‌ ده‌ره‌وه‌ی زێدی خۆی ده‌نگ بدات و پێویسته‌ كارتی ده‌نگدانیشی هه‌بێت".

دژی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌م مانگه‌دا، به‌ شێوازی جۆراوجۆر ئاواره‌كان ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا، له‌ نێویاندا گردبونه‌وه‌ و خۆپیشاندان.

xopishandan.awara
دهۆك، 2019، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ئاواره‌كان دژی بڕگه‌یه‌كی یاسای هه‌ڵبژاردن فۆتۆ: راگه‌یاندنی كه‌مپینه‌كه‌

لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان وتی "یاداشتی ناڕه‌زایی ئاواره‌كانمان ره‌وانه‌ی به‌غدا كردووه‌ و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌وان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ئاماده‌كاری خۆمان بۆ هه‌لبژاردن به‌رده‌وامین و سه‌دا 95ی ئاواره‌كان ناویان بۆ پرۆسه‌كه‌ تۆماركراوه‌".

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق، بڕیاریداوه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی تۆماركردن و نوێكردنه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری بۆ ئاواره‌كانی ناوخۆ، تا 15ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ.

كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان، جگه‌ له‌ په‌نجه‌مۆر، وێنه‌ی هاوڵاتیانی ده‌نگده‌ری له‌سه‌ر هه‌یه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا، ته‌نیا به‌و كارته‌ خه‌ڵك ده‌توانێت به‌شداری بكات.

ئیدریس زۆزانی، سه‌رپه‌رشتیاری گروپی ناڕازی دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كۆمسیۆن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كدا زیاتر له‌ 200 كه‌س پاداشتێكمان داوه‌ته‌ كۆمسیۆن و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ دهۆك تا ئه‌و رێكاره‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، .. ئه‌گه‌ر هیچ نه‌كرا ئه‌وا خۆپیشاندانی فراوان ئه‌نجامده‌ده‌ین تا فشار له‌سه‌ر به‌غدا دروستبكه‌ین".

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، بڕیاره‌ له‌ 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامده‌درێت.

komision (3)
نه‌ینه‌وا، 2019، نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌لایه‌ن تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانه‌وه‌ فۆتۆ: كۆمسیۆن

به‌وته‌ی زۆزانی، نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، به‌ڵێنیداوه‌ به‌وردی به‌دواداچون بكات بۆ داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی ئاواره‌ و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رێكاره‌ ده‌كه‌ن.

"ئێمه‌ چاك ده‌زانین ئه‌وه‌ پلانێكه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئاواره‌كاندا، تا مافیان بفه‌وتێت و بێبه‌ش بن له مافی‌ هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ك چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی رابردودا ده‌نگی زۆرینه‌ی ئاواره‌كانی سنوری پارێزگای دهۆكیان پۆچه‌ڵكرده‌وه‌ و هه‌ژمارنه‌كران".

سه‌رپه‌رشتیاری گروپی ناڕازی ئاواره‌كان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌پێی ئه‌و رێكاره‌ ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وا ژماره‌یه‌ك كه‌م له‌ ئاواره‌كان به‌شداری ده‌كه‌ن، چونكه‌ زۆرینه‌ هه‌ژارن و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.

له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایاری 2018ی په‌رله‌مانی عیراق، زیاتر له‌ 450 هه‌زار ئاواره‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، كه‌ جگه‌ له‌ بایۆمه‌تری ده‌یانتوانی به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی تر یاخود كارتی كۆنی ده‌نگدان به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT