نه‌ینه‌وا: ئه‌حلام دێوه‌زمه‌ی تێپه‌ڕاند
ته‌له‌عفه‌ر؛ جارێكیتر باوه‌ش بۆ رزگاربوانی توركمان ده‌كاته‌وه‌

نه‌ینه‌وا، ئاداری 2019، ناوه‌ندێكی ژنان له‌ ناوه‌ندی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

ئه‌حلام خه‌ونی به‌وه‌وه‌ ده‌بینی بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو كه‌سوكاری و ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكاته‌وه‌ دوای رفاندنی له‌لایه‌ن رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)، كاتێك به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ی نزیكبۆوه‌ و رزگاری بوو، روبه‌ڕوی رێگریی خانه‌واده‌ و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بۆوه‌.

ئه‌حلام حه‌سه‌ن (19 ساڵ)، كچه‌ رزگاربوی توركمانی ده‌ڵێت ترسی هه‌بووه‌ كه‌سوكاری پێشوازی لێنه‌كه‌ن له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ته‌له‌عفه‌ر، چونكه‌ زۆری له‌وباره‌یه‌وه‌ بیستووه‌ كاتێك له‌ خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتانی موسڵ بووه‌، به‌ تایبه‌ت ده‌رباره‌ی كوشتن و رێگریی له‌لایه‌ن خانه‌واده‌ی ئه‌و ژن و كچانه‌ی له‌ داعش رزگاریان بووه‌.

رزگاربویه‌كی تری ده‌ستی داعش، زه‌ینه‌ب زه‌ینلعابدین (15 ساڵ)ـه‌، له‌ سوچێكی ژوره‌كه‌یدا دانیشتووه‌ و زۆربه‌ی كاته‌كانی به‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌ڕوات، بیر له‌و كه‌سانه‌ی ده‌كاته‌وه‌ زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكیان ده‌كات.

به‌هۆی دابونه‌ریت و كلتوره‌ عه‌شایه‌رییه‌كانه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بێده‌نگی له‌ دۆسیه‌ی رفێنراوانی توركمان كرا

ئه‌و كچه‌ له‌ ئابی 2017دا و له‌گه‌ڵ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وادا ئازادكرا، له‌ خێزانه‌كه‌یشی سێ برای له‌ ئازاری 2019دا گه‌ڕانه‌وه‌ دوای ئازادكردنیان له‌ دواشه‌ڕی داعش له‌ سوریا، به‌ڵام هێشتا چوار برا و خوشكی بێسه‌روشوێنن.

له‌ ناوه‌ڕاستی 2014ه‌وه‌ تا كۆتاییه‌كانی 2017، ده‌وروبه‌ری هه‌زار و 300 هاوڵاتی توركمان رفێنران، له‌ نێویاندا 130 منداڵ له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز و 470 كچ و ژن، كاتێك داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌ودا.

دۆسیه‌ی رفێنراوانی توركمانی له‌ ته‌له‌عفه‌ر، به‌هۆی كۆت و به‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بێده‌نگی لێكرا، ته‌نانه‌ت ناوی رفێنراوانیش ئاشكرانه‌ده‌كران، بۆیه‌ كاركردن له‌و پرسه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری قورس بوو بۆ چالاكوان و رێكخراوه‌كان، تاراده‌یه‌ك دۆسیه‌كه‌ی به‌ نارونی لای حكومه‌ت و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش هێشته‌وه‌، به‌وته‌ی عامر مولی، جێگری سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی رزگاركردنی توركمان.

 

تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌

ئه‌حلام كه‌وته‌ بیری ئه‌وكاته‌ی هه‌وڵیده‌دا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، "زۆر دودڵ بوم له‌وه‌ی ئایا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای خێزانه‌كه‌م له‌ ته‌له‌عفه‌ر، یان له‌لای رێكخراوێكی تیرۆریستی بمێنمه‌وه‌، یاخود هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ تیرۆریستێكی بیانی بكه‌م و عیراق به‌جێبهێڵم" ئه‌حلام وای وت.

0944167
نه‌ینه‌وا، ئاداری 2019، ساتی شادبونه‌وه‌ی چوار منداڵی رزگاربوی ده‌ستی داعش به‌ كه‌سوكاریان فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

ته‌نیا قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌، خه‌ڵكی روبه‌ڕوی دژایه‌تی ده‌وروبه‌ر ده‌كرده‌وه، هه‌ندێك تۆمه‌تباریان ده‌كرد به‌ چونه‌ نێو بابه‌تێكه‌وه‌ كه‌ نه‌شیاوه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌ و زۆر گۆڕاوه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی محه‌مه‌د قاسم، چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ ته‌له‌عفه‌ر.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وە.

 

ته‌نیا ئه‌حلام دودڵ نه‌بوو

كاتێك له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ته‌له‌عفه‌ر كه‌وته‌ ده‌ستی داعش، هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی عه‌باس وه‌لی، -باوكی یه‌كێك له‌ كچانی رزگاربوی توركمانی- نه‌یانتوانی له‌ شاره‌كه‌ ده‌ربچن و به‌هۆی دره‌نگ هه‌ڵاتن، له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستگیركران.

وه‌لی وتی "ئه‌وكات نه‌مانده‌توانی هه‌واڵی بێسه‌روشوێنبونیان ئاشكرابكه‌ین، بۆیه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ هه‌ندێك له‌ برایانی ئێزیدییه‌وه‌ ده‌كرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م، ده‌موت به‌ڵكو له‌ رزگاربوانی خۆیانه‌وه‌ هه‌واڵێكی ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ش بزانن".

"تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌له‌عفه‌ر بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌جێی خۆیدا نه‌بوو، هه‌ندێك به‌ عه‌یب و شوره‌یی ناویانده‌برد، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی رویدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی كچان و ژنانی رفێنراو بوو" عه‌باس وه‌لی وای وت.

به‌ هه‌وڵ پیاوانی ئاینی، مه‌رجه‌عیه‌ت، میدیا و چالاكوانان تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ رزگاربوان گۆڕا

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌ هه‌وڵ و هۆشیاریی ژماره‌یه‌ك پیاوی ئایینی و گواستنه‌وه‌ی راسپارده‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی له‌وباره‌یه‌وه‌، دوای وروژاندنی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ میدیا و له‌لایه‌ن ئه‌و چالاكوانانه‌ی قورساییان هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، تێڕوانینه‌كه‌ گۆڕا، كاتێكیش ژماره‌یه‌ك له‌ رزگاربوان گه‌ڕانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا و قبوڵكران".

 

دانپێدانان به‌ دۆسیه‌ی رفێنراواندا

دوای چوار ساڵ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌له‌عفه‌ر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، له‌ ساڵی 2019دا، به‌ فه‌رمی داننرا به‌ دۆسیه‌ی رفێنراوانی توركمانیدا و به‌ ئاشكراش بڵاوكرایه‌وه‌.

بۆ یه‌كه‌مجار و له‌ 17ی ئابی 2019دا، سیاسییه‌كانی توركمان له‌ به‌رده‌م میدیاكاندا ئاماژه‌یان به‌ رفاندنی ژنان و كچانی توركمانی دا، كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ روبه‌ڕوی ده‌ستدرێژی و كۆیلایه‌تی بونه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كدا هات له‌ كه‌ركوك.

له‌ 14ی ته‌مموزی 2019یشدا، عه‌بدولمه‌هدی كه‌ربه‌لائی، نوێنه‌ری ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له‌ كاتی دیداری ژماره‌یه‌ك له‌ رزگاربوانی توركمان و شه‌به‌ك، وتی "ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌ كه‌ربه‌لای پیرۆز پێشوازیتان لێبكه‌ین، شوێنی گونجاوتان بۆ دابینده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ باشترین خزمه‌تگوزاریی، هه‌ركه‌سێكیشتان پێویستی به‌ چاودێری ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ر هه‌بێت له‌ ئه‌ستۆی ده‌گرین".

 تركمانيات في لقاء مع وكيل المرجع الاعلى
كه‌ربه‌لا، ته‌مموزی 2019، سه‌ردانی رزگاربوانی توركمان بۆ لای نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ له‌ عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی مه‌رجه‌عیه‌ت

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراقیش له‌كاتی پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك رزگاربوی توركمان و شه‌به‌ك، له‌ 18ی ته‌مموزی 2019دا وتی "خه‌ڵك و مه‌رجه‌عیه‌تی باڵا شانازی به‌ خۆڕاگریی و قوربانیدانتانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئێوه‌ هێمای شه‌ره‌ف و سه‌ركه‌وتن و مه‌ینه‌تییه‌كانیشن، ئێمه‌ درك به‌ مه‌ینه‌تییه‌كانتان ده‌كه‌ین و ده‌زانین چۆن روبه‌ڕوی تیرۆریستان بونه‌وه‌،.. ئێستا پێویسته‌ قه‌ره‌بوی رۆژه‌ سه‌خته‌كان بكه‌ینه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ ئێستا و داهاتوو بنیاتبنێینه‌وه‌".

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکى لیژنەی مافه‌كانى مرۆڤ لە په‌رله‌مانی عیراق كه‌ هاوكات سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانییه‌، 18ی ئابی 2019 له‌ كۆنگره‌یه‌كدا وتی "ژن و منداڵانی توركمانەكانیش دەستی تاوانی داعشیان پێگەیشت لە قەزای تەلعەفەر و ناحیەی بەشیر و كارەساتی گەورەیان بەسەردا هات، به‌ڵام کلتورى عەشایرى خۆمان رێگەى پێنەداین باس لەو تاوانانە بکەین لەكاتی خۆیدا".

"پێویسته‌ جارێكیتر ئەم خێزانانە بگەڕێنرێنەوە ناو كۆمەڵگە و بۆ ئەوەش پاڵپشتی یاسایی هەیە"، ئەرشەد ساڵحی وای وت.

 

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌

به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ته‌له‌عفه‌ر، 46 هاوڵاتی توركمان له‌ ده‌ستی داعش رزگاریان بووه‌، له‌ نێویاندا 23 ئافره‌ت و 23 منداڵ، كه‌ له‌ بارودۆخێكی سه‌ختدا ده‌ژین، پێویستیان به‌ پاڵپشتی دارایی، كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی هه‌یه‌.

هاوكات به‌ بەپێی ئامارێكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مان، 119 ژن و 22 منداڵی توركمانی تائێستا رزگاركراون.

ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی له‌ ئێمه‌ تێده‌گات و هاوسۆزه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كه‌ماندا

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ 3ی ئابی 2019دا دانیبه‌وه‌دانا "ژنانی توركمانی رفێنراو هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ روبه‌ڕوی توندوتیژی سێكسی بونه‌ته‌وه‌"، ئه‌وه‌ش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی زه‌ینه‌ب باكۆرا، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری ئه‌و رێكخراوه‌دا هات بۆ كاروباری توندوتیژی سێكسی دژ به‌ ژنان.

ئیبتسام حه‌یو، چالاكوانی توركمانی و سه‌رۆكی رێكخراوی دیالۆگی كلتوری ده‌ڵێت "هه‌ندێك له‌ ئافره‌تانی رزگاربوی توركمانی روبه‌ڕوی توندوتیژی جه‌سته‌یی و سێكسی بونه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌ راهێنانه‌وه‌ی ده‌رونی و دوباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بێت، چونكه‌ تێڕوانینه‌كه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی نییه‌، كه‌ به‌ رێزه‌وه‌ پێشوازییان له‌ رزگاربوانیان كرده‌وه‌".

له‌سه‌ره‌تاوه‌ سیاسییه‌كانی توركمان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانیش به‌ نهێنی و دوور له‌ میدیا كاریان له‌ دۆسیه‌ی رفێنراوانه‌كاندا كرد و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت نه‌بوو بۆ به‌دواداچونی ئه‌و دۆسیه‌یه‌.

"هیچ لایه‌نێك نه‌بوو پشتگیری ئه‌وانه‌ بكات به‌دوای دۆسیه‌كه‌وه‌بون، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دژایه‌تییان ده‌كرد، كاركردنیش له‌و دۆسیه‌یه‌دا به‌ هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی نه‌ده‌كرا، یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كانیش (ناوی نه‌هێنا) ده‌یانویست ئه‌و دۆسیه‌یه‌ لای خۆیان بمێنێته‌وه‌ به‌ ئامانجی به‌كارهێنانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆیاندا"، فه‌یحا زه‌ینلعابدین، چالاكوانی توركمانی و په‌رله‌مانتاری پێشوو وای وت.

ئه‌و پێیوایه‌ "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌یه‌كی راهێنراو و شاره‌زا پێكبهێنرێت به‌ئامانجی به‌دواداچونی كاروباری رزگاربوان و دوباره‌ گه‌رانه‌وه‌یان بۆ ژیانی ئاسایی".

turkman-4
كەركوك، ئابی 2019، كۆبونەوەی توركمانەكان لەگەڵ رزگاربوانی ئەو پێكهاتەیە لە دەستی داعش فۆتۆ: راگه‌یاندنی سەرۆكی بەرەی توركمانی

13 رێكخراو له‌ ته‌له‌عفه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كردووه‌ بۆ پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پاڵپشتی ده‌رونی، یاسایی و دارایی ئافره‌تانی رزگاربوی توركمان، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی رزگاربوان له‌ دۆخێكی مرۆیی سه‌ختدا ده‌ژین.

سه‌رباری هه‌موو كێشه‌كان هێشتا هیوایه‌ك هه‌یه‌، بارودۆخه‌كه‌ ورده‌ورده‌ ده‌گۆڕێت، تێڕوانینی خه‌ڵك وه‌ك پێشتر نه‌ماوه‌، ‌به‌شێك له‌ رزگاربوان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رده‌وامییان به‌ خوێندن دا و سه‌ركه‌وتنیشیان به‌ده‌ستهێنا، به‌بێ هیچ پاڵپشتییه‌كی ده‌رونی و حكومی.

ئه‌حلام، رزگاربوی ده‌ستی داعش، جارێكیتر تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدایه‌ و ده‌خوێنێت، ئومێدیشی به‌وه‌ هه‌یه‌ دایكی و دوو براكه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌ تائێستا چاره‌نوسیان نادیاره‌.

"دوای رزگاربون و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ته‌له‌عفه‌ر، بینیمان كه‌سوكارمان پشتیان لێنه‌كردین،.. هه‌ندێكجار هه‌ستده‌كه‌ین و ئه‌و قسانه‌ ده‌یبیستینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ خه‌ڵكی تر جیاوازین، به‌ڵام گرنگ‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ و هاوسۆزه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كه‌ماندا، بۆیه‌ به‌هیوای ئه‌وه‌ین رۆژێك بێت و هه‌موو رفێنراوانی دیكه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه بۆ نێو كه‌سوكار و خێزانه‌كانیان‌".

 

تێبینی: ئه‌حلام و زه‌ینه‌ب دوو ناوی خوازراون، (كه‌ركوك ناو) له‌سه‌ر داواكاری خۆیان ناوی راسته‌قینه‌یان ده‌پارێزێت و بڵاویناكاته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT