داعش كۆتاییهات و ژنانی توركمان هه‌ر بێسه‌روشوێنن

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، شادبونه‌وه‌ی رزگاربویه‌كی ئێزیدی به‌ كه‌سوكاری دوای رزگاركردنی له‌ده‌ستی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

زه‌ینه‌ب له‌ سوچێكی ژوره‌كه‌یدا دانیشتووه‌ و بیركردنه‌وه‌ زۆرینه‌ی كاته‌كانی ده‌بات، به‌ بیستنی هه‌واڵێك له‌ سوریاوه‌، خه‌ریكه‌ ئومێدی پێنج ساڵ چاوه‌ڕوانی كۆتایی دێت.

"ئومێدم هه‌بوو براكه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی دوایین مۆڵگه‌ی داعش له‌ سوریا، به‌بێ بیستنی هه‌واڵێك له‌سه‌ر چاره‌نوسی براكه‌م و رفێنراوانی تری توركمانی ته‌واو بێ هیوای كردین" زه‌ینه‌ب وای وت.

زه‌ینه‌ب ناوی خوازراوی كچێكی 14 ساڵی توركمانییه‌، له‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی داعش بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا و به‌ دیاریكراوی ته‌له‌عفه‌ر، خێزانه‌كه‌ی بوون به‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌.

ئه‌و كچه‌ كاتێك بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌ی ده‌كرد، نه‌یده‌توانی فرمێسكه‌كانی رابگرێت، كه‌وته‌ بیری مه‌ینه‌تییه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش، چونكه‌ خۆی یه‌كێك بوو له‌ رفێنراوان و له‌ ئابی 2017دا و له‌گه‌ڵ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا ئازادكرا.

نه‌بیستنی هه‌واڵێك له‌سه‌ر چاره‌نوسی براكه‌م و رفێنراوانی تری توركمانی ته‌واو بێ هیوای كردین

له‌ خێزانه‌كه‌ی زه‌ینه‌ب؛ سێ برای له‌ ئازاری 2019دا گه‌ڕانه‌وه‌ دوای ئازادكردنیان له‌ دواشه‌ڕی داعش له‌ سوریا، به‌ڵام هێشتا چوار برا و خوشكی بێسه‌روشوێنن.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، 23ی ئازاری ئه‌مساڵ كۆتاییهاتنی ته‌واوه‌تی داعشی له‌ سوریا راگه‌یاند، دوای پێنج ساڵ له‌شه‌ڕ به‌پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌وه‌ش هیچ ناوچه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ست و حوكمڕانی ئه‌و رێكخراوه‌دا نه‌ما.

دواشه‌ڕی ئه‌و هێزه‌ به‌رانبه‌ر داعش، له‌ ناوچه‌ی باهۆزی خۆرئاوای فورات له‌ سوریا بوو، كه‌ زیاتر له‌ 40 رۆژی خایاند و له‌و ماوه‌یه‌دا، ده‌یان رفێنراوی ئێزیدی و توركمانی و پێكهاته‌كانی رزگاركران.

نه‌ینه‌وا، 12ی ئازاری 2019، ساتی شادبونه‌وه‌ی چوار منداڵی توركمانی رزگاربوی ده‌ستی داعش به‌ كه‌سوكاریان فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

 

عه‌لی به‌یاتی، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی ئاماره‌كانی لای ئێمه‌ی 615 ژن و كچی رفێنراوی توركمانی هه‌یه‌، ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌میان رزگاركراون و ئازادبوون".

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌ربه‌ستی زۆر هه‌یه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ زانیاری له‌سه‌ر رفێنراوانی توركمانی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی "هاوكارینه‌كردنی كه‌سوكار و خێزانی رفێنراوه‌كان".

چوار منداڵی توركمانی ته‌له‌عفه‌ر، له‌ ده‌ستی داعش له‌ سوریا رزگاركران و 12ی ئازاری 2019 گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو كه‌سوكاریان، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ رفاندن و نه‌بونی هیچ زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی چاره‌نوسیانه‌وه‌.

شه‌هاب عه‌ون مسته‌فا، باوكی سێ له‌و منداڵانه‌ی رزگاركراون له‌ ده‌ستی داعش به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌شت كه‌س له‌ خێزانه‌كه‌ی من له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنرابون.." ئێستا له‌ خێزانه‌كه‌ی شه‌هاب، له‌ كۆی هه‌شت رفێنراو چوار كه‌سیان ئازادكراون، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سێ كوڕه‌كه‌ی له‌ سوریا.

ده‌وروبه‌ری هه‌زار و 300 هاوڵاتی توركمان رفێنراون له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌

هاوشێوه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی تر، توركمانیش روبه‌ڕوی پێشێلكاری و رفاندن بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ رفێنران له‌ نێویاندا ژن و منداڵ، كه‌ تائێستاش چاره‌نوسی زۆرینه‌یان دیارنییه‌.

عامر مولی، جێگری سه‌رۆكی دامه‌زراوی رزگاركردنی توركمان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ سه‌روبه‌ندی كه‌وتنی هه‌ردوو قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و شنگال، ده‌وروبه‌ری هه‌زار و 300 هاوڵاتی توركمان رفێنران له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌".

داعش له‌ 2014دا ده‌وروبه‌ری هه‌زار و 200 توركمانی رفاند، له‌ نێویاندا 120 منداڵ و 460 كچ و ژن، له‌ ساڵانی حوكمڕانیشیاندا له‌ موسڵ نزیكه‌ی 100 كه‌سی تریان رفاند له‌ نێویاندا 25 كچ و ژن.

مولی ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ "به‌هۆی دابونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كانه‌وه‌، زۆرێك له‌ كه‌سوكاری رفێنراوان به‌ تایبه‌ت كچانی بێسه‌روشوێن، زانیاری ناده‌ن و نایانه‌وێت ناوه‌كان تۆماربكرێن".

نەینەوا، 22-8-2017، هێزە عیراقیەكان لەیەكەم گەڕەكی كۆنتڕۆڵكراوی تەلەعفەر فۆتۆ: حەشدی شەعبی

له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، ته‌له‌عفه‌ر و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر 42 رفێنراو ئازادكران، له‌ نێویاندا حه‌وت كچ و یه‌ك ژن، ئه‌وانی دیكه‌ش منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 14 ساڵ.

لێپرسراوه‌كه‌ی دامه‌زراوی رزگاركردنی توركمان ده‌ڵێت ئه‌و حه‌وت كه‌سه‌ی له‌ ره‌گه‌زی مێ ئازادكراون، پێویستی زۆریان به‌ هاوكاری ده‌رونی، كۆمه‌لایه‌تی و پزیشكی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارودۆخی داراییان زۆر خراپه‌، به‌وپێیه‌ی له‌ ماڵی نزیكه‌كانیان نیشته‌جێبون و كه‌سوكاری زۆرینه‌یان هێشتا بێسه‌روشوێنن.

رێكخراوی داعش، كاتێك پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێرشیكرده‌ سه‌ر نه‌ینه‌وا، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامدا كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ زۆرینه‌ توركمان، ئێزیدی، كریستیان و پێكهاته‌كانی تر بون، به‌هۆیه‌وه‌ جگه‌ له‌ رفاندن؛ سه‌دان كه‌سیش روبه‌روی كوشتن و كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه‌.

ئومێدی دۆزینه‌وه‌ی رفێنراوان زۆر لاواز بووه‌

جه‌مال سالم، پارێزه‌ر و چالاكوانی توركمانی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌رچه‌نده‌ داعش له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ ته‌واوی كۆتاییهاتووه‌، به‌ڵام چاره‌نوسی سه‌دان رفێنراوی توركمانی دیارنییه‌، هاوشێوه‌ی ئێزیدییه‌كان كه‌ بێسه‌روشوێنن، به‌هۆی غیابی حكومی و نه‌بونی به‌رنامه‌یه‌كی روون له‌ باره‌ی دۆسیه‌كه‌وه‌".

"ئومێدی دۆزینه‌وه‌ی رفێنراوانی تری لای داعش دوای كۆتایی شه‌ری دژ به‌و رێكخراوه‌ زۆر لاواز بووه‌" به‌وته‌ی سالم.

زیاتر له‌ ساڵێك تێپه‌ڕ بووه‌ به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر و سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام هێشتا دۆسیه‌ی زه‌ینه‌ب و سه‌دان رفێنراوی تر له‌ دۆزینه‌وه‌ تا قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ و سزادانی تاوانباران به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه‌.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعەمەزهەب‌ پێكهاتون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرت و له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

لازم حازم عه‌لی ره‌زا، یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی له‌دواشه‌ڕی داعش له‌ سوریا زرگاركرا، به‌ڵام كه‌وتۆته‌ بێ ئومێدییه‌كی زۆره‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "هێشتا چاره‌نوسی هه‌شت كه‌سی تری خێزانه‌كه‌م دیارنییه‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT