ئه‌مریكا پشتگیری له‌ هێزی ناوخۆیی ده‌كات بۆ پاراستنی ناوچه‌كانی جێناكۆك

عومه‌ر هیلالی، نێردراوی (كه‌ركوك ناو) بۆ "دیداری سلێمانی"، له‌كاتی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ جۆی هود، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عیراق بەوەكالەت

كه‌ركوك ناو

جۆی هود، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عیراق بەوەکالەت، پشتگیری خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عیراق راده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو هێزە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەودان بخرێنە ژێر فەرمانی خۆیه‌وە.

جۆی هود، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، له‌باره‌ی ئه‌و پشتگیرییه‌یان بۆ حكومه‌تی عیراق، جه‌ختیكرده‌وه ئەو هەوڵەیان‌ "له‌پێناو به‌رقه‌راربونی ئاسایشی ئه‌و ناوچانەیە‌ به‌ ته‌واوی له‌لایه‌ن هێزی ناوخۆییه‌وه‌ و سه‌رەنجام خەڵکی ئەو ناوچانە هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکیان لا دروست نابێت کاتێك دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".

ئه‌و وتانه‌ی جۆی هود، له‌ په‌راوێزی دیداری سلێمانیدا هات كه‌  چوارشه‌ممه‌  6ی ئازار ده‌ستیپێكرد و له‌ لێدوانێكیدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە کەرکوک بێت، لە نەینەوا یان ئەنبار یاخود هەر شوێنێکی تری عیراق، هیچ جیاوازییەکی نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بەلایەوە گرنگە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتە کە بەهۆی داعشەوە ئاوارەبون بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و لەوێ بەئاشتییانە بژین".

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بەلایەوە گرنگە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتە کە بەهۆی داعشەوە ئاوارەبون بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و لەوێ بەئاشتییانە بژین

وتیشی "هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەمریکا زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلاری خستوەتەگەڕ بۆ بونیاتنانەوەی قوتابخانەکان، دروستکردنی بنکەی تەندروستی و چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا وێڕای پاککردنەوەی 76 هەزار مەتر دووجا زەوی لە مین، بە ئامانجی هاوکاریکردنی ئەو خەڵکە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان هەبێت".

جۆی هود، هه‌روه‌ها وتی "ژنان و منداڵان دوو پێکهاتەی زۆر گرنگی هەموو کۆمەڵگەیەکن، بۆیە بایەخی زۆرمان داوە بە دروستکردنی بنکەی تەندروستی و بونیاتنانەوەی قوتابخانەکان. بەمدواییە سەردانی یەکێک لە بنکە تەندروستییەکانی (حەمدانیە)م کرد و بینیم کە یەکێک لەپێشکەوتوترین ژورەکانی نەشتەرگەری هەیە، نەک تەنیا لەو شارۆچکەیە، بەڵکو لە هەموو عیراق، ئێستا سوپاس بۆ خوا رۆژانە 16 منداڵ لەوێ لەدایک دەبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT