یـەبـەشـە تێكه‌ڵ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق كرا

شنگال/ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2026/ تێكه‌ڵبونی یه‌به‌شه‌ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق.

عه‌مار عه‌زیز

هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) و یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، تێكه‌ڵكردنی چوار هه‌زار و 150 چه‌كداریان له‌ قه‌زای شنگال به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش له‌ مه‌راسیمێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا كه‌ به‌ واژۆكردنی رێككه‌وتنی تێكه‌ڵكردن له‌ شنگال ده‌ستیپێكرد، تیایدا ئه‌و دوو هێزه‌ كه‌ پێكهاته‌ی ئایینی ئێزیدی پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كین تیایاندا، ره‌زامه‌ندبون به‌ تێكه‌ڵبونیان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق و له‌مه‌ودوا له‌چوارچێوه‌ی سیستمی به‌رگری عیراقدا هه‌مان ماف و شایسته‌یان ده‌بێت.

نایف شەمۆ، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال – یه‌به‌شه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌ژێر چه‌تری ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا كارده‌كه‌ن-، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ئاماده‌بووان خوێنرایه‌وه‌ و لێپرسراوانی ئه‌و دوو هێزه‌ ره‌زامه‌ندبون به‌و تێكه‌ڵبونه‌".

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ چوار هه‌زار و 150 چه‌كداری یه‌به‌شه‌ و یه‌په‌ژه‌، له‌مه‌ودوا له‌ چوارچێوه‌ی سیستمی به‌رگری عیراقدا ده‌بن.

پرۆسەکە بەئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عیراق، پارێزگاری نەینەوا و لێپرسراوانی سه‌ربازی هه‌ردولا به‌ڕێوه‌چوو.

نایف شه‌مۆ، وتی "هەموو ئەو شوێنانەی کە پێشتر له‌ژێر دەستی یەبەشەدا بون، به‌ چیای شه‌نگالیشه‌وه‌، له‌مه‌ودوا به‌ هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ده‌برێن، هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكیش بكرێت هێزه‌ تێكه‌ڵه‌كه‌ ئه‌نجامی ده‌دات". زیاتر وتی "له‌ئێستاوه‌ به‌ فه‌رمی چه‌كه‌كان چه‌كی ده‌وڵه‌تن و هێزه‌كانیش هێزی ده‌وڵه‌تن و حكومه‌ت ئاراسته‌یان ده‌كات... ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌وه‌ خزمه‌تی زۆر به‌ ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت".

Shngal,iraq
شنگال/ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2026/ وێنه‌كه‌ گوزارشت له‌ تێكه‌ڵبونی یه‌به‌شه‌ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق ده‌كات.

یەبەشە و یه‌په‌ژه‌، لە سەروبەندی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەژێر دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" و لە ساڵی 2015ـدا لە خەڵكی ناوچەكە پێكهێنراون و لەژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالدا كاردەكەن، ئەو ئەنجومەنەش بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێت.

عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، 11ـی ئەیلولی 2026 لە دیداری شاندێكی هاوبەشی یەبەشە و هاوپەیمانی دۆزی ئێزیدی -پارتێكی نوێی ئێزیدییە- ئاشكرایكرد، یەبەشە چەكەكانیان رادەستی دەوڵەت دەكەن و چیای شنگال بە تەواوی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵییەوە.

خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونی له‌ قه‌زای شنگال، وتی "لەمەودوا هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت بڵێت هێزی چەکدار و نافەرمی لە شنگال هەن، ئه‌وه‌ دەستەواژەیەکی زۆر ناخۆش بوو بۆ خەڵکی ئێمە"، زیاتر وتی "بێگومان ئەم هەنگاوە زیاتر خزمەت بە ئەمنییەتی ناوچەکە دەگەیه‌نێت".

وتیشی "ئه‌مه‌ رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ دوباره‌ پێكهێنانه‌وه‌ی ئیداره‌ی قه‌زای شنگال".

هاوپه‌یمانی دۆزی ئێزیدی، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا، پێشوازی كرد له‌ تێکەڵکردنی هێزە ئێزیدییەکان لەناو سیستمی ئەمنی عیراقدا و جه‌ختیكرده‌وه‌ "ئەمه‌ هەنگاوێکی گرنگه‌ بەرەو رێکخستنەوەی چەک و دۆسییەی ئەمنی بەپێی یاسا".

هه‌روه‌ها هاتووه‌ كه‌ ئه‌و هەنگاوە "هەلێکه‌ بۆ گواستنەوەی شنگال بۆ قۆناغێکی سەقامگیرتر دوای تێپەڕبوونی دوانزە ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا، کە ئەمەش زەمینە خۆشدەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT