بایكۆتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كرد
وتەبێژی یەكێتی: پارتی گرفت بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دروستدەكات

هەولێر/28ی ئایاری 2019/ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

كەركوك ناو

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد و رایدەگەیەنێت كە پارتی دیموكرات گرفت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دروستدەكات.

وتەبێژی یەكێتی لە راگەیەنراوێكیدا، كە ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایار بڵاویكردەوە جەختدەكاتەوە لەوەی "لە رێككەوتنماندا لەگەڵ پارتی مەبەستمان بوو هەماهەنگ بین و بەیەكەوە كاربكەین لەكوردستان بۆ پیکهینانی كابینەیەكی نوێی حكومەتی هەرێمی بەهێزو خاوەن بەرنامەی چاكسازیی و سەقامگیر. بیروباوەری یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و ئیستحقاقی گەلەکەشمان وایدەخواست کە بەیەكەوە كاربكەین لەبەغداو بەرنامەیەکی هاوبەشمان هەبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا".

هەروەها هاتووە "هەر لەو رێككەوتنەدا كەركوكمان كردە سەنتەر بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەو گرفتەكانی ناوچە دابڕاوەكان، مەبەستمان بوو پارێزگارێكی كورد لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێرین و لانیكەم رێگەبگرین لە هەوڵی پەلاماردان و تەعریبكردنی ناوچە دابڕێنراوەكان و رێگربین لەهەوڵی جیبەجێکردنی سیاسەتی  شۆڤێنیانەی هەندێک  لایەنی عیراقیی".

"لەم سۆنگەیەوە بەڕای گشتی کوردستان رادەگەیەنین، کە ئەو سیاسەتی پشتگوێخستن و تاکرەوییە ئاکامەکانی باش نابن و ئێمە وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەهەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پارتی كردمان، گرفتمان دابەشكردنی پۆست و بەركەوتەی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵكو پرسی بەیەكەوە كاركردن و شەراكەتی راستەقینەو خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك بۆخزمەتی خەلکی ستەمدیدەو بەشەرەفی ئەو پاریزگایە لەئەولەویەتی ئەجێندای گفتوگۆی ئێمەدا بوو، دەمانویست یەیەك تیم لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەیەكەوە كاربكەین، بەڵام مەخابن ئەمڕۆ بەئێوەی رادەگەیەنین كە پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا دروستكردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراکسێۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناکا".

ئەو راگەیەنراوەی یەكێتی لە كاتێكدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیتنێكی پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرێت، كە كاندیدی بەهێز نێچیرڤان بارزانییە.

بەڵام یەكێتی لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش بەبێ دەنگی فراکسێۆنی یەكێتی، پرسی بڕیاردان وشەرعییەت لەهەرێمی كوردستان دا دەخاتە بەردەم بارودۆخێكی نوێوە، هەروەك پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەروپیشهاتی تازە، دەرنجام و لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە هەرچییەک بێت لەئەستۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا نییە وئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT