سەدا 91ـی خێزانەكانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم پاشەكشێی قوڵی گوزەران و بژێوییدان؛ بەپێی نوێترین توێژینەوە، دواكەوتنی موچە قەیرانێكی درێژخایەنی دروستكردووە كە تێیدا ژنان، لەژێر فشاری دەرونیی سەختدا، بوونەتە قوربانی یەكەم و بە تەواوەتی دەستبەرداری خەرجییە تایبەتییەكانیان بوون.
توێژینەوەكە، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی دارایی دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووکان بۆ یەکسانی رەگەزی و تواناسازی ئافرەتان ئەنجامدراوە، بە ناونیشانی "کاریگەریی دواکەوتنی مووچە و کەمکردنەوەی بودجە لەسەر خێزان: شیکارییەک لەسەر بنەمای جێندەر".
400 خێزان و ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای حكومەت لەو توێژینەوەدا بەشداربوون، لە سنوری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی كوردستان دەربارەی قەیرانی دواکەوتنی مووچە، كە تەنیا وەكو تەنگژەیەکی دارایی کاتی تەماشای ناكات، بەڵكو لە دەرەنجامدا دەركەوتووە کەلێنێکی قوڵی لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا دروستکردووە.
لە ساڵی 2014ـەوە هەرێمی كوردستان روبەڕوی قەیرانی ئابوری بۆوە، بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە و هەروەها ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، ئەوەش بووە هۆی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران، لێبڕین تا پاشەكەوت، كاریگەری لەسەر بازاڕ و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش هەبوو.
ئاسایشی خێزان لە لێواری داڕماندا
زۆرینەی خێزانەكانی هەرێمی كوردستان گیرۆدەی دەستی دواكەوتنی موچەن، كە بەهۆیەوە قەرزیان لەسەر کۆدەبێتەوە، پاشەکەوتەکانیان نەماوە و زۆرێكیش پەنا بۆ فرۆشتنی كەلوپەلی دیكە دەبەن بۆ بژێوی.
سەدا 89ـی كرێنشینان لە توانایاندا نییە كرێی مانگانە بدەن
سەدا 91ـی بەشداربوانی توێژینەوەكە جەختیانكردۆتەوە كە روبەڕوی زەحمەتی دەبنەوە لە دابینکردنی خەرجییەكانی رۆژانە، لە کاتێکدا سەدا 89ـی كرێنشینان لە توانایاندا نییە كرێی مانگانە بدەن، سەدا 87ـیش نەیانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەک پاشەکەوت بکەن.
دواكەوتنی موچە كاریگەری گەیشتۆتە كەرتی تەندروستی و سەدا 85ـی خێزانەکان ناتوانن تێچووی چارەسەری پزیشکی و نەخۆشخانە دابینبكەن، هەروەها سەدا 82ـیان ناچار بوون خەرجیی خۆراک و لە جۆرەكەی كەمبكەنەوە، لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجی پێویست بۆ پەروەردەكردنی منداڵ.
بۆ ئەوەی بژێوییان دابینبكەن، سەدا 78ـی خێزانەكان قەرزیان لەسەر كەڵەكە بووە، سەدا 70 لە دوكاندار یان كەسوكار بۆ كڕینی خۆراك قەرزیان كردووە، بەڵام سەدا 56 پەنایان بردۆتە بەر فرۆشتنی موڵك و ماڵ، لەوانە زەوی، زێڕ، ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی ناوماڵ.
لێكەوتەكانی دواكەوتنی موچە كاریگەری درێژخایەنی هەیە، سەدا 92ـی خێزانەكان ناتوانن پلانی داهاتوی ژیانیان دابنێن بەوهۆیەوە، هەروەها سەدا 85ـیش روبەڕوی فشاری دەرونی و دڵەڕاوكێ بونەتەوە، سەدا 75ـی بەشداربوان لە داهاتوی گوزەران و پەروەردەی منداڵەكانیان دەترسن، جگە لەوەی هەمان رێژە دەڵێن، نەبونی موچە هۆكاری كێشە و ناكۆكییە لە ناو خێزانەكاندا.
سەدا 66ـی فەرمانبەران پەنایان بردووە بۆ ئیشی دووەم، ئەوانەی تەنیا پشت بە موچە دەبەستن كەوتونەتە ژێرباری قەرزی زۆرەوە و دەستبەرداری خۆراكی تەندروست و كواڵیتی بوون. بەراورد بەوانەی زیاتر لە سەرچاوەیەكی داهاتیان هەیە. سەدا 82ـی خێزانەکانیش لە هەرێمی کوردستان نەیانتوانیووە پارەی کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بدەن.
ژنان؛ قوربانیی یەکەمی قەیرانەکە
دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریدەخات كە نایەکسانیی ئابووری بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ کەوتوەتە سەر شانی ژنان. لە کاتێکدا کەرتی گشتی تووشی ئیفلیجی بووە، ژنان لە ناو خێزاندا ناچاربوون رۆڵی زیاتر بگێڕن لەڕیی دەستبەرداربون لە ماف و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان.
سەدا 88ـی ژنان بەهۆی قەیرانی مووچەوە توشی فشاری دەروونی سەخت بوون، چونكە بە زەحمەتیی زۆریش ناتوانن پێداویستییەكانی ناوماڵ دابینبكەن، لە بەرانبەردا سەدا 80ـی ژیان لەو بارودۆخەدان، هەروەها سەدا 87ـی ژنان جەختیانکردۆتەوە کە ناچار بوون بە تەواوەتی دەستبەرداری خەرجییە تایبەتییەکانی خۆیان ببن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان و منداڵەکانیان، لە بەرانبەر سەدا 81ـی پیاواندا.
بەوتەی سەدا 82ـی ژنان بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوماڵ لە ئەستۆی ئەواندا بووە لە ماوەی دواکەوتنی مووچەدا. بەڵام سەدا 78ـی پیاوان گەڕاون بەدوای کاری زیادەدا بۆ دابینکردنی گوزەران، سەدا 55ـی ژنان پەنایان بردۆتەبەر کاری کاتی و کاری دەستی، سەدا 61ـی بەشداربوانیش دەڵێن کێشە داراییەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبنە هۆی ئاڵۆزی و تێکچوونی پەیوەندیی نێوان هاوسەران.
بەپێی توێژینەوەکە، سەدا 76ـی پیاوان و سەدا 71ـی ژنان جەختیانکردۆتەوە کە دواكەوتنی موچە توانای دایك و باوکی بۆ چاودێریکردنی تەندروستی و پەروەردەی منداڵەکانیان لاوازكردووە، هەروەها سەدا 73ـی پیاوان و 72ـی ژنان دەڵێن کەمبونەوەی داهاتی خێزان بۆتە هۆی كاركردنی زیاتری ژنان لەڕێی کارەکانی بەرگدوری، ئامادەکردنی خۆراکی ناوماڵ و فرۆشتنی بەرهەمە دەستییەکان.
بارگرانییەكە لە هەڵەبجە و سلێمانی زیاترە
توێژینەوەکە جیاوازییەکی روون لە دابەشبوونی سامان و کاریگەریی قەیرانەکە لە نێوان پارێزگاکاندا ئاشکرا دەکات، کە هەڵەبجە و سلێمانی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە؛ بە جۆرێک کەمکردنەوەی خەرجیی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان لە هەڵەبجە گەیشتۆتە سەدا 98 و لە سلێمانی سەدا 95، لە کاتێکدا لە هەولێر سەدا 89 و لە دهۆك سەدا 86 بووە.
زەحمەتی خەڵك بۆ دابینكردنی كرێی خانوو لە هەولێر سەدا 94ــە، پاشان سلێمانی بەرێژەی سەدا 89، ئینجا دهۆك سەدا 84 و هەڵەبجە سەدا 70ـیە.
سەدا 88ـی ژنان بەهۆی قەیرانی مووچەوە توشی فشاری دەروونی سەخت بوون
لە دابینكردنی تێچوی چارەسەری پزیشكیدا، بارگرانییە زۆرەكە لە هەڵەبجەیە بە رێژەی سەدا 95، بەدوای ئەودا سلێمانی سەدا 91، پاشان هەولێر سەدا 82 و دهۆك سەدا 79. هەروەها لە سلێمانی و هەڵەبجە سەدا 84ـی خێزانەكانیان دەڵێن لە توانایاندا نییە پێداویستییەكانی خوێندن بۆ منداڵەكانیان بكڕن، لە بەرانبەر ئەو رێژەیە لە هەولێر سەدا 82ـە و لە دهۆك سەدا 80ــیە.
ناكۆكی هاوسەری بەهۆی بارودۆخی داراییەوە لە سلێمانی سەدا 65ـە، لە هەولێر و هەڵەبجە گەیشتۆتە سەدا 63 و لە دهۆك سەدا 51 بووە.
بەپێی توێژینەوەکە، هۆكاری بەرزی فشار و لێكەوتەكانی لە هەڵەبجە و سلێمانی گەڕاندۆتەوە بۆ لاوازیی ئابوریی بازرگانی و کەرتی تایبەت لەو دوو پارێزگایە بەراورد بە هەولێر و دهۆك. هەروەها دەرفەتی كار لە كەرتی تایبەت و ناوچە سنورییەكان لە هەولێر و دهۆك زیاترە بەراورد بە سلێمانی و هەڵەبجە.
لێپرسراوانی باڵای وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە، کارەبا و شارەوانی و ئاو لەو توێژینەوەیەدا ئاشکرایانکردووە کە روبەڕوی چەندین گرفت بونەتەوە بەهۆی فەیرانی موچەوە، لەوانە کەمی میلاک و خانەنشینبونی ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر. جگەلەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان روبەڕوی زەحمەتی دەبنەوە لە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکاندا.
ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، لە چوارچێوەی ئەو توێژینەوەیەدا گەیشتۆتە ژمارەیەك رێنمایی و راسپاردە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، تا كاریگەری و لێكەوتەكانی قەیرانی موچە كەمبكرێتەوە، لەوانە: گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ گرەنتیكردنی مووچە بەپێی خشتەیەکی جێگیر، پاراستنی بودجەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی کەرتی تەندروستی، پەروەردە، ئاو و کارەبا، زیادکردنی هاوکاری بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و ئەو خێزانانەی تەنیا پشت بە یەک موچەی حکومی دەبەستن.
هەروەها بەپێویستی دەزانێت رەچاوی ئەو بارگرانییانە بكرێت كە ژنان لەئەستۆی دەگرن، لەڕێی دابینکردنی دەرفەتی کار و راهێنانی پیشەیی بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی داراییان.