لەسەدا 90ی ئاوارەكانی گەڕاونەتەوە
زۆرترین خزمـەتـگوزاری بۆ بـاشـیك بـووە

نەینەوا/ باخچەیەكی ناحیەی باشیك دوای گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان دروستكراوە فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا، زۆرترین ئاوارە بۆ ناحیەی باشیك گەڕاونەتەوە، ئەوەش بەهۆی زۆری حزمەتگوزارییەكان لە ناوچەكەدا.

بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی ناحیەی باشیك سەر بە قەزای ناوەندی موسڵ، لەسەدا 90ی ئاوارەكانی ناوچەكە گەڕاونەتەوە، ئەوەش بەراورد بە ناوچەكانی تری پارێزگاكە زۆرترین رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكانە.

داسن قه‌وال، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی باشیک به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "بەپێی دواین ئامار زیاتر لەسەدا 90ی ئاواره‌کان گه‌ڕاونەتە‌وە، كە 142 هەزار كەسن، پێمانوایە ئەمە بەهۆی زۆری پڕۆژەی خزمەتگوزارییەكانەوەیە".

بەپێی دواین ئامار زیاتر لەسەدا 90ی ئاواره‌کان گه‌ڕاونەتە‌وە

لە باشیك زیاتر له‌ هه‌زار و 700 یەكەی نیشتەجێبون دروستكراون یان نۆژەنكراونەتەوە، لەسەدا 95ی خوێندنگە و ناوەندەكانی پەروەردە و فێركردنیش جارێكی تر نۆژەنكراونەتەوە.

داسن قەوال، وتی "دەستكراوە بە دروستكردنی دوو وێستگه‌ی کاره‌با بەبڕی حەوت ملیار دینار و لەسەدا 70ی پڕۆژەكە تەواوبووە، هه‌ردوو وێستگه‌‌که‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی 64 مێگاوات کاره‌بایان ده‌بێت، جگەلەوەش زیاتر له‌ 40 بیری ئیرتیوازی له‌گەڵ تۆڕی دابه‌شکردنی ئاو نۆژه‌نکراونه‌تەوه‌"، ئەو پێیوایە ئەم پڕۆژانە هۆكارن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.

دەستكراوە بە دروستكردنی دوو وێستگه‌ی کاره‌با بەبڕی حەوت ملیار دینار

باشیك بەدوری 12كم دەكەوێتە خۆرهەڵاتی موسڵ، لە حوەزیرانی 2014 كەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش و لە كۆتایی 2016 كۆنترۆڵكرایەوە. دانیشتوانەكەی زۆرینەیان لە پێكهاتەی ئاینیی ئێزیدیی و كریستیانن، لەگەڵ بەشێك لە شەبەك و موسڵمانان.

پڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقامەكان و ئاو و ئاوەڕۆ لە ناوەندی شارەكە بونیاتنراون، ئەو خێزانە ئاوارانەشی نەگەڕاونەتەوە بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی ناحییەكە بۆ دەرەوەی وڵات كۆچییان كردووە.

به‌پێی راپۆرتێکی به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی گشتی شاره‌وانی نه‌ینه‌وا، له‌سه‌ر ئاستی 10 پارێزگای عیراق ناحیه‌ی باشیک خاوێنترین ناحیه‌یه.

داسن قەوال، بە (كەركوك ناو)ی وت "ته‌نیا هه‌ندێک کێشه‌ی ته‌ندروستیمان هه‌یه،‌ به‌ڵام له‌ هه‌وڵداین له‌گەڵ به‌رپرسانی نه‌ینه‌وا بۆ ئەوەی ئه‌و کێشانەش چاره‌سه‌ربکه‌ین".

دۆخی ئەمنی ناوچەكە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری نەینەوا جێگیرە، ئەوەش بە بڕوای لێپرسراوانی باشیك هۆكارێكی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكانە.

داسن وتی "دۆخی باشیك خه‌ریکه‌ وه‌کو پێش هاتنی داعشی لێدێتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT