زە‌ینلعابدین، مەزاری ئیماندار و ئەوینداران

مەزاری زە‌ینلعابدین لە قەزای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەندێك وەک شوێنێكی پیرۆزی ئایینی زیارەتی دەكەن، هەندێك بۆ نزاو پاڕانەوە، بەڵام كەم نین ئەوانەی دەیانەوێت ئیمام زە‌ینلعابدین نەخۆشەكانیان چاكبكاتەوە و بە مرازیان بگەیەنێت؛ مەزاری زە‌ینلعابدین لە قەزای داقوق وردە وردە خەریكە لە مەزارێكی ئایینیەوە بۆتە شوێنی دركاندنی راز و نیازی تکاکارانی ناوچەکە.

زەینلعابدین، بەپێی گێڕانەوەكان، كوڕی حسێن كوڕی عەلی كوڕی تالیب-ەو لەساڵی 38ی کۆچی لە مەدینە لە دایكبووە و 57 ساڵ ژیاوە، گۆڕەكەشی هەر لە مەدینەیە.

یەكێك لە مەزارەكانی زەینلعابدین، لە قەزای داقوقە و ساڵانە شیعەكان لە هەموو عیراقەوە سەردانی دەكەن، بەڵام ئێستا میوانانی مەزارەكە تەنیا وەك شوێنێكی ئایینی سەردانی ناكەن، بەڵكو رۆڵی چاككردنەوەی نەخۆش و گەیشتن بە خۆشەویستان و مراز لێی دەڕوانن. ئەمە وایكردووە تەنیا شوێنی سەردانی شوێنكەوتووانی مەزهەبی شیعە نەبێت، بەڵكو خەڵکی تریش سەردانی دەكەن.

"جاران هەر مەزارێكی ئایینی بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی ئەوانەی سەردانی دەكەن راز و نیازی دڵی خۆیان لەوێ بەیان دەكەن، دەیانەوێن ئیمامی زە‌ینلعابدین نەخۆشەكانیان چاكبكاتەوە و بە مرازیان بگەیەنێت"، حەسەن عەبدولڕەزاق دانیشتوی قەزای داقوق وایوت.

جاران هەر مەزارێكی ئایینی بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی ئەوانەی سەردانی دەكەن راز و نیازی دڵی خۆیان لەوێ بەیان دەكەن

ئەو زیاتر وتی "وەک دانیشتووانی داقوق توشی هەر کێشەیەک ببین دێینە لای ئیمام زە‌ینلعابدین، تەنانەت لە باكور و باشورەوە خەڵك دێن".

ئەمە بۆ حەسەن عەبدولڕەزاق شتێكی ئاساییە و خۆیشی باوەڕی پێی هەیە، بەڵام بۆ كارزان نوری یوسف (32 ساڵ) جێی رەخنەیە.

ئەو دووجار سەردانی مەزارەكەی كردووە، وتی "دەكرێت وەكو شوێنێكی مێژویی سەردانی بكەیت، بەڵام بۆ دوعاکردن نا، ئەی بۆ ئەو دوعایە لای خوا نەكەین، ئیمامێك چ دەسەڵاتێكی هەیە تا بتوانێت نەخۆشێك چاكبكاتەوە و كوڕێك بە خۆشەویستەكەی بگەیەنێت".

لەم مانگەدا (محەرەم)، پەیڕەوانى شیعە مەزهەب زیاتر روو لە مەزاری زەینلعابدین دەكەن و چاوەڕواندەكرێت قەرەباڵغییەكی زۆر بەهۆی مەراسیمەكانەوە دروستبێت.

مەزارەكە بەدوری كیلۆمەترێک دەکەوێتە خۆرهەڵاتی قەزای داقوقەوە، مێژووەكەی، بەپێی گێڕانەوەكان، بۆ 750 ساڵ لەمەوبەر و بۆ سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە.

سەید نەجمەدین ئیماملی، شارەزایی مێژویی و لێكۆڵەر كە توركمانی شیعە مەزهەبە لە داقوق، وتی "بەپێی گێڕانەوەكان ئەحمەد پاشای عوسمانی مەزارەكەی دروستكردووە، ئەوەش كاتێك هێزەكانیان بەرەو بەغدا دەڕۆن و شەوێك لەو ناوچەیە جێگیردەبن و خەڵكی ناوچەكە باسی ئەو شوێنە دەكەن گوایا شوێنی حەوانەوەی ئیمام زەینلعابدین بووە، ئەویش بەڵێنی داوە لەكاتی گەڕانەوەیدا مەزارگەیەكی بۆ دروستدەكات".

zainl3abdinnn
ئێستا مەزاری زەینلعابدین موڵكی هەموو پێكهاتەكانە و هەمووان سەردانی دەكەن،

لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بە بڕیاری جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی پێشوتری كۆماری عیراق، نۆژەنكراوەتەوە و لەئێستادا وەقفی شیعی سەرپەرشتی دەكات.

نەوزاد محەمەد کاکەیی، وتی "ئێستا مەزاری زەینلعابدین موڵكی هەموو پێكهاتەكانە و هەمووان سەردانی دەكەن، مەزهەبێك یان ئایینێك بۆی نییە قۆرخی بكات".

ئێستا مەزاری زەینلعابدین موڵكی هەموو پێكهاتەكانە و هەمووان سەردانی دەكەن

نەوزاد وتی "بەشێك لەوانەی سەردانی دەكەن راز و نیازی دڵیان خۆیان بۆ ئیمام زەینلعابدین دەگێڕنەوە"، ئەو وەك لە قسەكانیدا دیارە پێیوایە ئەوە گۆڕی زەینلعابدینە، لەكاتێكدا تەنیا مەزارێكە و وەك دەڵێن "شوێنی حەوانەوەی بووە".

بۆیە كارزان نوری وتی "چیرۆكەكان وەك خۆی بە خەڵك ناوترێن و خەڵك هۆشیارناكرێنەوە، زۆرێك لە خەڵك پێیوایە ئەوە گۆڕەكەیەتی، ئەگەر گۆڕەكەشی بێت دەبێت ئەوە بزانرێت دوعا و پاڕانەوە تەنیا لای خوایە نەك مەزارێكی ئایینی و گۆڕی شێخ و مەلا".

هەرچۆنێك بێت مەزارەكە چاوەڕوانی مەراسیمێكی فراوان دەكات كە لەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش فەوجێكی كردە تایبەتییەكانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری گوندەكە و مەزارەكە جێگیركران بۆ پاراستنی مەزارەكە و بەڕێوەچونی ئەم بۆنە پیرۆزە لای شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT